ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٤ (١٣/١/٢٠٢٦)، سێمینارێک لەسەر دۆخی ئێستای ئێران بەگشتی لەلایەن ئەندام پارلەمان لوک ئاکهرست دۆستی کورد و بەتایبەتی حیزبی دێموکرات، بۆ نوێنەری حیزب لە بریتانیا پێک هات.
کۆبوونەوەکە بە چەند قسەیەکی سەرەتایی لەلایەن بەرێز لۆک کرایەوە و پاشان کاک ڕزگار ئالانی وەک نوێنەری حیزب لە بریتانیا، وتەکانی خۆی پێشکەش کرد.
نوێنەری حیزب لە سەرەتادا بەشداربووانی لەسەر نوێترین زانیارییەکان لە ناو ئێران، بەگشتی و لە کوردستانی ئێران بە تایبەتی، ئاگادار کردەوە. دواتر باسێکی لەسەر گرینگیی
لەبەرچاوگرتنی ئەو خۆپێشاندانانە کرد کە لە ئێستادا ڕوو دەدەن، چونکە ئەم قەیرانانە تەنها ئابووری نین، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی ستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتیین کە گەلانی ئێران بۆ ماوەیەکی درێژ تووشی بوون. ئەم مەسەلەیەش بە ڕوونی لە دروشمەکانی خۆپێشانداندا دیارە کە دژایەتیی ڕێژیم دەکەن و داوای ئازادی، ڕزگاری، دادپەروەری و لێپرسینەوە دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نوێنەری حیزب باسێکی لەسەر فێدراڵیزم و بەرنامەی حیزب بۆ دواڕۆژی ئێران کرد. لەو بەشەدا، ڕوون کرایەوە کە بۆچی فێدراڵیزم بۆ داهاتووی ئێران باشترین ڕێکارە. هەروەها ئاماژە درا کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئامادەی هاوکارییە لەگەڵ هەموو ئەو هێزە دێموکراسیخوازانەی ئێران کە دان بە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد و گەلانی دیکەی ستەملێکراودا دەنێن.
لە کۆتاییدا، نوێنەری حیزب لە بریتانیا داوای لە کاربەدەستانی ئەو وڵاتە کرد کە کاتی ئەوە هاتووە سەفارەتی ئێران لە بریتانیا نایاسایی بکرێت، سەروەت و سەرمایەکانی ڕێژیمی ئێران لە بریتانیا دەستبەسەر بکرێن و سپای پاسداران وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی بناسرێت. هەروەها داوای ئەوەی کرد کە حکوومەتی بریتانیا بۆ سەرکەوتنی ئەم شۆڕشە و کۆتاییهێنان بە ڕێژیمی ئێران بۆ هەمیشە پشتگیری خۆپێشاندەران بکات و یارمەتیی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بە گشتی، و بە تایبەتی ئۆپۆزسیۆنی کورد .
دوایین بەشی ئەم سمێنارەکە بۆ پرسیاری بەشداربووان تەرخان کرابوو کە لەلایەن نوێنەری حیزبەوە وڵامیان درانەوە.