
تەهای ڕەحیمی
کۆماری ئیسلامی کە بە دروشمی "نە شرقی نە غربی جمهوری اسلامی"یەوە هاتە سەر کار، لە ڕاستیدا هەم لە باری ئابووری و هەمیش سیاسییەوە لە مەیدانی "شەرق"دا کاری کرد و، لە جیاتی ئەوەی وەک هەر دەوڵەتێکی دیکە هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی بخاتە پێناو بەرژەوەندیی وڵات، هەموو وڵاتی کردە قوربانیی پووچەخەیاڵی ئایدیۆلۆژیی خۆی.
شۆڕشی ١٩١٧ی ڕووسیە جیهانی بەسەر دوو بەرەدا دابەش کرد. ئەم دوو بەرەیە هەتا ساڵی ١٩٩١ ململانێی یەکتریان کرد و زۆر جاران دنیایان گەیاندە قۆناغگەلێک کە مەترسیی دووبارەبوونەوەی شەڕە گەورەکان لە قەبارەی گەورەتر و وێرانکەرتری لێ چاوەڕوان دەکرا. بەڵام ڕووخانی سۆڤیەت بۆ ماوەیەک سیستەمی دنیای تاکجەمسەری لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا لێکەوتەوە. کەچی ڕووخانی بەرەی "شەرق" نەبوو بە هۆی ئەوەی ئەم سیستمە ئاراییەی کە بە میراتی وڵاتانی ڕۆژاوایی لە پاش شەڕی دووەمی جیهانییەوە دەزانرێ، بێ ڕەقیب و هاوچاو بێ.
لەگەڵ گەشەی ئابووریی وڵاتانی جۆراوجۆر، سیستەمی تاکجەمسەریش کەوتە مەترسی. ساڵی ١٩٩٦، وەزیری دەرەوەی ڕووسیە، یێڤگێنی پریمەکۆڤ، باسی لە دۆکترینێکی چەندجەمسەری کرد کە دواتر بوو بە گرووپی (BRICS). ئەم پڕۆژەیە بریتی بوو لە بەهێزکردنی پەیوەندیی ستراتیژیی نێوان ڕووسیە و چین و هیندستان و دروستکردنی ناوەندێکی سێلایەنەی هاوکاریی ئابووری بۆ دژایەتیی فراوانبوونی ڕۆژئاوا لە دوای شەڕی سارد.
ئەگەرچی وڵاتانی BRICS ستراتیژی یان ڕوانگەیەکی گشتیی یەکگرتوویان نییە، بەڵام چەند بنەمایەکی سەرەکی لێکی بەستوونەتەوە. گرنگترینیان سەربەخۆیی نەتەوەیی، پێشکەوتنی ئابووری و گەشەپێدان، و سیستەمی چەندجەمسەریی نێودەوڵەتییە، چونکە پێیان وایە، سیستەمی نێودەوڵەتیی هەنووکەیی و پێشووتر کە لەسەر دەستی وڵاتانی ڕۆژاوایی سەقامگیر بووە، پڕە لە نادادپەروەری و وڵاتان بەگوێرەی سەنگ و پێگەی خۆیان قورساییان تێیدا نییە و دەنگیان نابیسترێ (دوگان نەیل و هاوکارانی، ٢٠٢٢).
وڵاتانی بریکس لە ساڵانی ڕابردوودا بەتایبەتیش بە پەیوەستبوونی وڵاتانی دیکەوە وەک ئەفریقای باشوور و ئەندۆنیزی و، هەروەها دامەزراندنی ناوەند و ڕێکخراوی هاوتەریبی ناوەند و ئۆرگانە نێودەوڵەتییەکان، وەک بانکی نوێی گەشەپێدان (٢٠١٤) بوون بە هەڕەشە لەسەر ئەو سیستەمەی ڕۆژئاوا بە سەرکردایەتیی ئەمریکا داکۆکیی لێ دەکات. هەر بۆیە بە هاتنە سەر کاری ترامپ، بەرەبەرەکانی و هەوڵەکانی دەوڵەتی ئەمریکا لەم پێناوەدا چڕتر و ڕوونتر بوونەوە. هەر لەم پێناوەدا دیزاینی دووبارەی ئامانجەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە هەندێک ناوچەی جیهان و بەتایبەتیش لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کەوتە بەر سەرنج.
لە لایەکی دیکەشەوە شەڕی ئۆکراین و ڕووسیە بەتەواوەتی شێوازی بەرەبەرەکانیی مەیدانیی گۆڕی و کارایی مرۆیی لە شەڕدا دابەزاند. شەڕ لە هێز و ورەی مرۆڤەوە گواسترایەوە بۆ شەڕ بە تەکنۆلۆژی و چۆنییەتیی بەکارهێنانی تەکنۆلۆژی و زانیاری. بە واتایەکی دیکە، مرۆڤ (جەستە) لە شەڕدا نەک کەڵکی جارانی نەما، بەڵکوو تێوەگلانی هێزی مرۆیی و سەربازی جگە لە درێژکردنەوەی شەڕ کە تێچوویەکی یەکجار زۆری گەرەکە و ماندووبوون و هەڵوەرینی لێ دەکەوێتەوە، لە لایەکی دیکەشەوە پێکان و سڕینەوەی مرۆڤ تەنیا کلیکێکی پێویستە.
ئەمریکا بۆیە بە سەرنجدان بەو دۆخە نوێیە، هەوڵی دا لە ڕێگەی هێزی نەرم و ئامرازەکانی گوشاری بەردەستی بەر بە خێرابوونی ئەم سیستەمە بگرێت کە وڵاتانی BRICS مەبەستیانە، و کۆنترۆڵی ئەو وڵات و ناوچانە بکات کە پێگەی ستراتیژییان بۆ ئەمریکا و سیستەمی نێودەوڵەتی هەیە. ڕەنگە لەم ناوچە گرنگانە بتوانین ئاماژە بە تایوان، ڤەنزۆێلا، گرینلاند و ئێران بکەین.
سەبارەت بە ئێران دەتوانین بڵێین کە چەند دەیەیە هەموو ئەم پێهەڵکردنەی ئورووپا و ئەمریکا لەگەڵ کەڵەگایی و ملهۆڕییەکانی کۆماری ئیسلامی لە پێناو گۆڕینی ڕەفتاری ڕێژیمدا بووە، هەتا بەبێ تێچوویەکی زۆری ماددی و مرۆیی بکرێ ئەم جوگرافیا پان و بەرینە کە بە شێوەیەکی نەریتی لە بەرەی "غەرب"دا بووە، بەلای خۆیاندا بخەنەوە و نەبێت بە کارتێکی گوشار بە دەستی گرووپی BRICS و بەتایبەتی چین و ڕووسیە دژی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا.
بەڵام بە دوای چڕتربوونەوەی ململانێی بەرەی ڕۆژئاوا و BRICS، ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، بەشداریی ناڕاستەوخۆی ئێران لە شەڕی ڕووسیە و ئۆکرایندا، خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی لە نێوخۆی ئێراندا، سووربوونی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی لەسەر ڕەفتاری سیاسیی هەمیشەییان و شەفافییەتی سیاسیی ترامپ، چۆنییەتیی مامەڵە لەگەڵ ئەم وڵاتە هاتە گۆڕین. دیارە لەم نێوەشدا نابێ ڕۆڵی کاریگەری ئیسرائیل لە دیزاینی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەگوێرەی ئاسایشی نەتەوەیی و ئابووریی خۆی لەبیر بکەین.
بۆیە دەتوانین بڵێین هەر سێ فاکتەرە گرنگ و پێویستەکە (نێوخۆیی، ناوچەیی و جیهانی) بۆ ڕووداو و گۆڕانێکی سیاسی لە ئێراندا یەکیان گرتەوە، کە خولی هەنووکەیی خۆپێشاندان و ئاڵۆزییەکان وەک کاتالیزۆرێک خێرایی پێ بەخشی. خۆپێشاندانەکانی ئەمجارە کە بە ناڕەزایەتیی بازاڕییەکانی تارانەوە دەستی پێ کرد و لە لوڕستان و کوردستانەوە تەشەنەی سەند، بوو بە هۆی ئەوەی زۆربەی هەرە زۆری شار و ناوچەکانی ئێران بگرێتەوە و، مەترسی و بەرینیی خۆپێشاندانەکان هێندە جیدی بوون کە هەنووکە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی شەش ڕۆژە دەرگاکانی دنیایان بەسەر ئێران و بە پێچەوانەوە داخستووە.
ئەگەرچی بە هۆی دابڕانی ئێران لە جیهان و بە پێچەوانەوە، گەیاندنی زانیاری و دۆخی وڵاتی ئەستەم کرد، بەڵام دیسانیش کەمتاکورت هەواڵەکان دەگوازرێنەوە کە باس لە جینایەتێکی بەربەرینی سیستەمی کۆماری ئیسلامی دەکەن. ئەو بڕە زانیاری، ڤیدیۆ و وێنانەی لە جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی دەرهەق بە خەڵکی نێوخۆ بڵاو بووەتەوە، بەتایبەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی ئیدارەی ترامپی خستە ژێر کاریگەرییەوە کە پێشتر هۆشداری دابوو لە هەر چەشنە توندوتیژییەک دژی خۆپێشاندەران.
زۆربەی ئاماژەکان چ لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکا و هەروەها وڵاتانی دیکەی جیهان باس لەوە دەکەن ئیدی دنیا و بەتایبەتیش بەرەی ڕۆژئاوا تەحەمولی ڕەفتار و کرداری سیاسیی کۆماری ئیسلامییان لەگەڵ خەڵکی خۆی و سیستەمی نێودەوڵەتیدا نەماوە و ئەم پێشهاتە وەک دەرفەتێک دەبینن بۆ هەوڵە لەمێژینەکەیان، واتە گۆڕینی بەتەواوەتیی ڕەفتاری ئێران کە تەنانەت وێدەچێ گۆڕینی سیستەمی سیاسیش مەبەست بێ. لەگەڵ ئەوەی دەکرێ بۆ جێبەجێبوونی ئەم بابەتە وێنای سیناریۆی جۆراوجۆر بکرێ؛ وەک ئەوەی لە ڤەنزۆێلا ڕووی دا، یان بابەتی کودەتای نێوخۆیی و هەروەها دەستێوەردانی مرۆیی (Humanitarian Intervention).
بەڵام سەرگرتنی هەر سیناریۆیەک پێویستی بە یەکانگیریی فاکتەرەکانی گوورانی سیناریۆکە هەیە. بۆ وێنە: پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسیی وڵات، پێگەی ڕێبەرە سەرەکییەکانی سیستمێکی دەوڵەتی و بەڕێوەبەری، پێکهاتەی مرۆیی و نەتەوەیی وڵات، پێکهاتەی ئایینیی وڵات و هتد. لەگەڵ ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی ئێران دژی خامنەیی و سیستەمە سیاسییەکەیەن، بەڵام بوونی خامنەیی سەرچاوەیەکی ئیلاهیاتی هەیە و تەنانەت سیستەمە سیاسییەکەشی پاڵپشتە بە ئاسمان نەک زەوی.
لەم نێوەدا کەم نین ئەو فیداییانەی تا دوایین هەناسە خۆ بە قوربانیی خامنەیی و سیستەمە سیاسییەکەی بکەن. چونکە لە ڕاستیدا لە ئاییندا شتێک نییە بە ناوی شکست و نوشستی. ئایین ئەرک و بەرپرسیارێتییە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئایدیایانەی کاکڵی ئایینەکە پێک دەهێنن و لایەنی ئاسمانییان هەیە. تەنانەت هەر قۆناغ و شکست و سەرکەوتنێک دەبەسترێتەوە بە لێکدانەوەی ئاسمانی و یۆتۆپی کە لاقی لەسەر زەوی نییە. بۆیە ئەستەم دەنوێنێ سیناریۆی مادۆرۆ لە ئێران دووپات ببێتەوە.
ئەمە جگە لە بەهێزبوونی لایەنگران و ڕێکخراوەکانی سەر بە بەیتی ڕێبەری کە کەس بوێریی ئەوەی نەبووە و نییە خۆ لە قەرەیان بدا. هاودەنگی و هاوڕایی هەموو ناوەند و ڕێکخراوە دەوڵەتی و حکوومەتییەکان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەسەر خۆپێشاندەر و خۆپێشاندانەکان، ئەم بەرتەرییەی خامنەیی و دارودەستەکەی نیشان دەدا، کە هەر ئەم بابەتە سیناریۆی کودەتایەکیش لە ئێران پووچەڵ دەکاتەوە.
چونکە لە ئێراندا بە پێچەوانەی زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە (تورکیە، عێراق، پاکستان) نەریتی کودەتا جێ نەکەوتووە، ئەمەش ڕەنگە سەرچاوەکەی بۆ ئەم بابەتە بگەڕێتەوە کە هەر دامەزراوەیەکی سەربازی، ئابووری و سیاسی زیاتر لەوەی کە بەسترابێتەوە بە جەمسەرێکی نیزامی، بە جەمسەری ئایینییەوە لکاوە. هەر لە بنەڕەتدا شێوەگرتنی ئێران وەک دەوڵەتی مۆدێرن لە دوایین ساڵەکانی دەسەڵاتدارێتیی قاجارییەکانەوە لەسەر بنەمای ئایینی و بەتایبەتی لەسەر تەوەری ئایینزای شیعی بووە، بۆیە ناوەندەکانی بڕیار بە قووڵی بە ناوەندە ئایینییەکانەوە بەستراونەتەوە.
ڕەنگە لە باشترین حاڵەتدا دەستێوەردانی مرۆیی، هەروەک پێشتریش ئاماژەی پێ کرا، بە سەرنجدان بە جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی و فراوانیی ئاماژەکان، کردەییتر بنوێنێ، کە ئەویش چەند و چۆنیی ڕێککەوتنی وڵاتانی دەرگیر و دژکردەوەی نێوخۆیی ئێران ئاراستەی پێ دەبەخشێ. دەکرێ هەمان ئەم سیناریۆیانەی لە عێراق، لیبی، سووریە دووپات بوونەوە، لە ئێرانیش سەربگرێ، بەڵام دیسانیش بارستایی و چۆنییەتیی ئەم سیناریۆیە هاوشان دەبێ بە کاریگەری و فراوانی و دۆخی دێمۆگرافی و پێگەی ستراتیژیک و هەمیش پاشهاتەکانی ئەم چەشنە دەستێوەردانە، بەتایبەتیش پاشهاتی ئەمنی و ئابووری بۆ سەر جیهان و ئورووپا.
بە گشتی ململانێی جیهانی بۆ گۆڕین و زاڵێتیی سیستەمی ئارایی جیهانی بەسەر هەموو کێشە و ئارێشە جیهانی و ناوچەییەکانەوە دیارە. هەر بۆیە هەتا نەتوانین وێنە گەورەکە شرۆڤە بکەین، ناتوانین بەرژەوەندییەکانمان لەگەڵ شەپۆلی گۆڕانکارییەکان ڕێک بخەین، یان ناتوانین پرێسپێکتیڤێکی دروستمان لە چۆنییەتیی ئاراستەی ڕووداوەکان هەبێ. لەم نێوەشدا سەبارەت بە ئێران، دۆخی جیهانی و بەدیاریکراویش بەرەی ڕۆژئاوا وا دەخوازێ بە خۆشی یان بە زۆرەملێ بێ، جوگرافیای ئێران بخاتە بەرەی خۆیەوە؛ چونکە جوگرافیایەکی گرنگ لە ناوچەیەکی گرنگ و دیاریکەردا هەڵکەوتووە، کە نزیک بە پێنج دەیەیە بە پێچەوانەی ویستی وڵاتانی ڕۆژئاوا و نەزمی ئارایی هەنگاوی ناوە.
بەڵام بە سەرنجدان بە گەشەی ئابووری و سەربازیی وڵاتانی نەیاری نەزمی ئارایی، بەرەی ڕۆژئاوا و بەتایبەتی ئەمریکا خۆی یەکلایی کردووەتەوە کە دەبێ خێرایی بەو گۆڕانکارییانە ببەخشێ کە دەتوانن هاوسەنگیی هێز لە بەرژەوەندیی گرووپی BRICS بگۆڕن. بۆ وێنە، مادۆرۆ چەند ڕۆژێک بەر لەوەی قۆڵبەست بکرێ، ڕێککەوتنێکی ستراتیژیی لەگەڵ چین بەست.
ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی سەرچاوەی ماددەی خاوی چینە، جگە لەوەی یارمەتیدەر و دابینکەری سەرەکیی تەکنۆلۆژیای شەڕە (درۆن و هاژەک) لە کێشەی نێوان ڕووسیە و ئۆکرایندا. ئەم گەمارۆیانەی ئەمریکا و ئورووپا بۆ ملکەچکردنی ئێران بە نەزمی خۆیان لەسەر ئێران توندیان کردووە، بووەتە هۆی ئەوەی ئێران بە نرخێکی زۆر کەم ببێت بە سەرچاوەی دابینکردنی ماددەی خاوی پێویستیی پیشەسازیی چین. ئەگەر هەموو دەرفەت و گوشارەکانی پێشوو نەیانتوانیوە ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی بەگوێرەی ویستی ڕۆژئاوا بگۆڕن، هەنووکە ئەم خۆپێشاندانانە دەرفەتێکن، هەتا ڕۆژئاوا و ئەمریکا خۆیان لەگەڵ ئێران یەکلا بکەنەوە. دیارە نابێ لە بیرمان بچێ، کە خۆپێشاندانەکان هەتا خاوەندارێتییان لێ نەکرێ، ناتوانن ببن بە ئاسۆیەکی گەشی گۆڕان. ئەگەر لە ئاستی نێوخۆییدا ئەم خاوەندارێتییە بەهێزە چێ نەبووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕەفتاری توندوتیژیی حکوومەت خەریکە خاوەندارێتییەکەی دەدات بە کۆمەڵگەی جیهانی.