ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بەفرانباری ١٤٠٤(١١/١/٢٠٢٦)، محەممەد فەقێ عەلی بەرپرسی بەشی پەیوەندیەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئوتریش، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی نووسینگەی خاتوو پێترا بایەر ئەندام پارلمانی حیزبی سۆسیال دیمۆکراتی ئوتریش و بەرپرسی پەیوەندیە نێونەتەوەییەکانی ئەو حیزبە لە پارلەمانی ئەو وڵاتە، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی ناساندنی کتێبی "دیپلۆماسی بارمتەگرتنی ئێران، ٢٧٠٧ ڕۆژ لە زیندانی ئەوین" لە نووسینی کاران قادری لە یەکێک لە هۆڵەکانی پارلەمانی ئەم وڵاتەدا کرد.
پیویستە بگوترێ هەر یەک لە:
نیکۆلاواس شێراک ئەندام پارلەمانی حیزبی لیبراڵ دیمۆکرات و بەشی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی ئەو حیزبە، مێری دیسۆسکی ئەندام پارلەمانی حیزبی سەوز و بەرپرسی بەشی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی ناوبراو، ئەندریاس میننیش ئەندام پارلەمان و جێگری بەرپرسی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دیمۆکرات مەسیح و هەروەها پێترا بایەر ئەندام پارلەمان و بەرپرسی بەشی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان لە حیزبی سوسیال دیمۆکراتی ئوتریش لەم ڕێوڕەسمەدا هەم لەسەر ناوەرۆکی ئەو کتێبە و هەم لەسەر بارودۆخی ئێستا لە ئێراندا قسەیان کرد.
پاشان بەشداربووان بە تایبەتی لەسەر بارودۆخی ئێستای ئێران تێبینیەکانی خۆیان پێشکەش کرد.
نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەم ڕێوڕەسمەدا بە کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتەکە وێڕای دەستخۆشی لە نووسەری ئەو کتێبە و پیرۆزبایی لەچاپدانی، وتی: شۆڕش ئێستا تەواوی ئێرانی گرتووەتەوە، خەڵک بەدەستی خاڵی لە بەرانبەر هێزی زۆر و پڕچەکی شەوپەرستاندا بەربەرەکانێ دەکەن، من لێرە وەک نوێنەری حیزبی دێموکرات قسە دەکەم، هیوادارم لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا هەر نوێنەرەی حیزبی دێموکرات بە تەنیا نەبێت و بەڵکوو نوێنەرایەتیی ناوندی دیالۆگ وەک ناوەندێکی یەکگرتووی هێزە کوردستانییەکان لەگەڵتان دابنیشێ.
بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی وتریش بوو کە دەرگاکانی ئەوکاتی ئورووپای بە ڕووی کۆماری ئیسلامی ئێراندا کردنەوە و دوابەدوای ئەویش وەزیری دەرەوەی ئاڵمان سەردانی ئێرانی کرد.
ئوتریش لە پەیوەندی لەگەڵ ئێران و کۆماری ئیسلامیدا کەم هەیە ڕوویەکی دروستی نیشان دابێت، بۆ نموونە زیاتر لە ٣٦ ساڵ بەر لە ئێستا ئەگەر ئوتریش دوای تێرۆرکردنی د.قاسملوو و هاوڕێیانی ڕێگریی لە ڕوونکردنەوەی ئەو جنایەتە نەکردبایە، لەوانە بوو زۆر جنایەتی دیکە ڕوو نەدەن و ئەو تێرۆریستانە ئەوندە دەست ئاوەڵا نەبووبایەن و لانیکەم لە هەڵوێستی نێونەتەوەیی و وڵاتانی دەرەوە ترسێکیان هەبوایە.
ئێستاش ئەگەر سیاسییەکانی ئوتریش پشتیوانی لە شۆڕشی ناوخۆی ئێران دەکەن، بەر لە هەموو شتێک دەبێ بزانن، کە ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەی فرەکولتوری و فرەئایینیە و دەبێ بەم شێوەیەش مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی ناتوانێ دووبارە ئێرانی دیکتاتۆری و فاشیستی بێت.
لە دوای کۆتاییهاتنی بەرنامەکە نوێنەری حیزب پەیوەندیی لەگەڵ هەر چوار پارلەمانتاری بەشی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی بەشدار لەو ڕێوڕەسمەدا گرت و لەسەر بارودۆخی ئێستای کوردستان و ئێران و هەنگاوەکانی داهاتوو ئاڵوێری نەزەریان کرد.
جێگای ئاماژەیە، کە خەڵکانێکی زۆر لە ئوتریش و ئێرانی و کورد بەشدار بوون، کە بەشێکیشان ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە کرد.