
مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی
کتێبی ڕەشەشەو و سەربازانی ون، بەرگی یەکەمی بیرەوەرییەکانی مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی بڵاو بووەوە.
ئەو کتێبە پێکهاتووە لە: سەرەتایەک و سێ بەشی تایبەت بە مەئمووریەت و چالاکییەکان کە نووسەر لێرەدا بە ئەڵقە نێویان دەبات. بەشی چوارەم و کۆتایی کتێبەکە لەژێر سەردێڕی "ئاوڕێک بەرەو خۆم" کارەساتی تیرۆری مامۆستا خۆی لە ١٦ی سەرماوەزی ١٣٦٦ی هەتاویدایە. پاشکۆی وێنە و بەڵگەکان و فەرهەنگی نێوەکان دەبنە ڕازێنەرەوەی دوایین لاپەڕەکانی کتێبەکە.
نووسەر سەرەتای کتێبەکە بە کورتەیەک لەسەر هەڵکەوتی جوگرافیایی و کورتە مێژوویەکی زوڵم و زۆرییەکانی دەسەڵاتداران لە سەردەمی پاشایەتی هەر لە بنەماڵەی قاجارەکانەوە بگرە تا سەردەمی پەهلەوی و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەست پێدەکات. ئەو بەرهەڵستییانەی کوردەکان لە بەرامبەر ئەو زوڵم و زۆرییانەدا کردوویانە و فێڵ و تەڵەکەی دەسەڵاتداران بۆ بەچۆکداهێنانی هەستی بەرگریی کورد گرتوویانەتە بەر دێنێتە بەر باس. لێرەدا نووسەر بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە پارێزگای ورمێدا دوو نەتەوەی سەرەکی "کورد" و "ئازەری" دەژین، پێی وایە ناچارن بە لێکتێگەیشتن ڕێگایەک بۆ پێکەوەژیان وەک دوو هاوسێ ببیننەوە و بەمجۆرە پیلانی نەیارانی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نەتەوەکان پووچەڵ بکەنەوە.
لە ئەڵقەی یەکەمی کتێبەکەدا سەربردەی بنەماڵەیەکی کوردی بەزۆر کۆچپێکراوی کورد بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران دەگێڕێتەوە.
یەکەم ئەڵقەی کتێبەکە لەژێر سەردێڕی "گەڕانەوە بەنێو وێرانییەکاندا". لەو بەشەدا نووسەر بەرپرسایەتیی حیزبی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئەستۆیە، لە پێش ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتیڕا دەست پێدەکات. لە ساڵی ١٣٥٧دا کاتێک مامۆستا لە شاری ورمێ سەرقاڵی بەڕێوەبردنی کارەکانی دەبێت لە لایەن شەهید دوکتۆر قاسملووەوە داوای لێدەکرێت کە بگەڕێتەوە شاری ''مەهاباد''. لەوێ ڕادەسپێردرێت کە هێزێکی کەمی پێشمەرگە پێکەوە بنێت. بە هاوکاریی چەند کەسی ناسراوی وەک مامۆستا ''خدر عەباسی" کە بە مەلا "خدری سارتکە" ناسراوە، چەند کەسێکی ئەندامی حیزب کۆ دەکاتەوە و بەرەو چەککردنی پاسگاکانی ناوچەی ئالانی سەردەشت وەڕێ دەکەون. دوای دەستبەسەرداگرتنی گوروهانی بێژوێ و پاسگای دۆڵەکان لە ڕێگای پەیامێکی شەهید دوکتۆر قاسملووەوە ئاگادار دەکرێنەوە کە بگەڕێنەوە بۆ شاری مەهاباد. لەوێ ئاگادار دەبنەوە کە حیزب بەرنامەی گرتنی پادگانی مەهابادی هەیە و پێویستی بە پێشمەرگە بۆ پارێزگاری لەوێ هەیە. پادگان بە هەوڵی ئەفسەران و دەرەجەداران و سەربازانی کورد دەستی بەسەردا دەگیرێت و مامۆستا دەبێتە بەرپرسی پاراستنی پادگان.
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، سەرەڕای هەوڵی حیزب بۆ خۆپاراستن لە شەڕ، دوژمن لە نەورۆزی ١٣٥٨دا واتە لە یەکەم بەهاری ئازادیدا شاری ''سنە'' لە خوێن وەردەدات. لە کۆتایی بەهاری ئەو ساڵەشدا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەڕ بەسەر خەڵکی ناوچە و پێشمەرگەدا دەسەپێنێت، کە دوای ١١ ڕۆژ شەڕی قارەمانانەی پێشمەرگە و چەکدارانی عەشیرەتەکان دوژمن تێکدەشکێت و ناچار بە پاشەکشە دەکرێت. لەو شەڕەدا دوو برای دووانە، کە مامۆستا لێرەدا بە جوبیلە نێویان دێنێت، بەیەکەوە شەهید دەبن و دوایین تۆرەمەی بنەماڵەیەکی ئازارچەشتووی کورد دەبڕێتەوە. نێوی کتێبەکەش هەر لەو ڕووداوە تاڵە وەرگیراوە. هەموو هەوڵەکانی مامۆستا و هاوڕێیانیشی بۆ گێڕانەوەی تەرمەکانیان بۆ لای گۆڕی دایک و بابیان بێ ئاکام دەبێت.
نووسەر لەو بەشەدا لە ڕووی دەفتەری بیرەوەرییەکانی ئەو جووتە برایەوە دەچێتە قووڵایی بێ بنی دونیای ئەدەبیی خۆیەوە و لە کانگای دەوڵەمەندی وشەی کوردیی ڕەسەنەوە جوانترین تابڵۆ هونەرییەکان بە وشە دەڕازێنێتەوە و ڕێ لەبەردەم هونەرمەندانی دەستڕەنگین دەکاتەوە تا پڕماناترین تابڵۆکان لە چەوساوەیی و بێمافیی کورد بکێشنەوە و بیخەنە بەر دیدی بیروڕای گشتیی دنیا. وێنەی ڕووبەرگی کتێبەکەش بە هەوڵی هونەرمەندی ناسراوی کورد مامۆستا "ناسر قازیزادە" لە ڕووی وێنەیەکی نێو دەفتەری بیرەوەرییەکانی ئەو جووتە برایە وەرگیراوە، کە بەداخەوە وێنەکە خۆی لە ئێستادا لەبەردەست نەبووە.
مەمۆ و مەمۆی زۆر لەیەکچوو و هاونێو، وا دەکات مامۆستا و هاوڕێیانی بۆ چاکتر ناسینەوەیان یەکیان بە مەمۆ و ئەوی دیکەیان بە کاکە مەم بانگ بکەن. جووتە برای دووانە بەجێماوی بنەماڵەیەکی خۆشی نەدیوی تێکەڵەیەک لە کوردانی دوورخراوەی دەستی زۆردارانی حاکم لە ئێران بۆ ڕۆژهەڵاتی ئێران و بنەماڵەیەکی دانیشتووی دێرسیمی باکووری کوردستانن. بەهۆی دژایەتیی بنەماڵە لەگەڵ شووکردنی کچەکەیان بە "ناجی" باوکی منداڵەکان، ئاوارەی لای شارۆچکەی "گەوەڕ" لە باکووری کوردستان دەبن. ناجی لە پێناو دەستخستنی بڕێک کەلوپەل بۆ کاتی لەدایکبوونی منداڵەکەیان بەرەو ناوچەی "تەرگەوەر" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەڕێ دەکەوێت. لە ڕێگای گەڕانەوە لە ناوچەی تەرگەوەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی باوبۆرانەوە لە هاوڕێکانی هەڵدەبڕێت و ڕێگای لێ ون دەبێت. بەسەر بنکەیەکی قەرەقۆڵی تورکیادا دەکەوێت و تەقەی لێ دەکەن و بریندار دەبێت. هەرچەند برینێکی سووک هەڵدەگرێت، بەڵام بەهۆی ناشارەزایی دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ مەرگ دەمرێت و تەرمی خۆی و ئەسپەکەی ژێر بەفر دەکەون. تەرمی ناجی و لاشەی ئەسپەکەی دوای توانەوەی بەفری کوێستان لە لایەن کوێستانچییەکانەوە دەدۆزرێنەوە. ناجی هەر چۆنێک گیانی دەرچووە، کە ڕوو بە قیبلە نەبووە، ئاواش ژێر خاک دەکرێت. خێزانی کە بەهۆی کاری بەردەوام و دەستکورتی تووشی نەخۆشی سیل دەبێت، وێڕای هاوسێیەکانی و منداڵەکانی بۆ سەردانی چۆتە ئەو کێوەی ناجی لێ نێژراوە. ئەویش لەوێ بارودۆخی لەشساغی تێکدەچێت و لەوێ کۆچی دوایی دەکات. لەسەر وەسیەتی خۆی لە پەنا گۆڕی ناجی بە خاکی دەسپێرن، بەڵام ئەمیان بەپێی داب و نەریتی ئایینی ئیسلام. ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە گۆڕی ئەو دوو کەسە بەپێچەوانەی یەکتر هەڵکەون.
دوای دەرچوونی فەرمانی جیهاد، هێرشەکان بۆ سەر خەڵکی کوردستان دڕندانەتر دەبن و دوژمن کە لە بەرامبەر پێشمەرگەدا دەستەوستان دەبێت وەک تۆڵەسەندنەوە خەڵکی "قارنێ" و "قەڵاتان" قەڵاچۆ دەکات، کە دەبێتە هۆی ترس و خەوفێکی زۆر لە نێو خەڵکی کوردستاندا. خەڵک شار و گوندەکان چۆڵ دەکەن و پەنا بۆ شاخ و کێوەکان دەبەن. هێزە سیاسییەکانی کوردستان بە مەبەستی پێشگیری لە کوشتاری تێکڕاییی خەڵکی بێدیفاع لە شارەکان کشاونەتەوە و دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لەسەر سنووری نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دۆڵی پێشکاوی جێگیر بووە.
دوژمن پاشەکشەی تاکتیکی هێزە سیاسییەکانی کوردستان وەک سەرکەوتنی خۆی بەسەر بەڕواڵەت دژی شۆڕشدا وێنا دەکات و لەکاتێکدا لە ڕادیۆ تارانەوە باسی سەرکەوتنە یەک لەدوای یەکەکانی هێزەکانیان دەکات. لە درێژەی هێرشەکانی هێزەکانیان بۆ گرتنەوەی ناوچە ئازادکراوەکان ڕۆژی ١٣٥٨/٦/١٨ی هەتاوی هێزێکی پۆشتە و پەرداخ لەژێر فەرماندەیی "مستەفا چەمران"، وەزیری بەرگریی دەوڵەتی کاتیی "مەهدی بازرگان"دا بە نیازی دانانی مۆڵگە لە شارۆچکەی "میراوە" لە شاری "سەردەشت"ـەوە وەڕێ دەکەون. لە نێوان گوندەکانی "واوان و گرژاڵ" لە شوێنێک بە نێوی "قەڵاتی هەمزە" دەکەونە بەر پەلاماری پێشمەرگەکان بە فەرماندەیی مامۆستا شیوەسەڵی. ئەوە دەبێتە یەکەم بەرەنگاربوونەوەی چەکداریی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی. دوژمن زەبرێکی زۆر قورس دەخوات و ناچار بە پاشەکشە بەرەو شاری سەردەشت دەبێت. لەو شەڕەدا کادرێکی بەوەجی ڕاگەیاندنی حیزب بە نێوی "جەلال میراوەیی" بەدیل دەگیرێت و هەر ئەو شەوە ئێعدام دەکرێت. ڕووداوەکانی ئەو بەشە لە ساڵی ١٣٥٨دا ڕوویان داوە.
ئەڵقەی دووەم؛ "کوڵینی خوێن لە گەرووی خوێندا". هاوینی ساڵی ١٣٥٩ پەلی شەهید "مەحموود پیرە" بە فەرماندەیی مامۆستا شیوەسەڵی بۆ هاوڕێیەتیی هەیئەتێکی دەفتەری سیاسیی حیزب و گەیاندنی هێندێک چەک و چۆڵ بە هێزەکانی شەهید ''نەحۆ'' و هێزی ماکۆ ڕادەسپێردرێن. لەو مەئمووریەتەدا ئەوان تا لێواری چۆمی ''ئاراس'' دەچن و سەردانی زۆربەی "عەشیرەتە جەلالی"یەکان دەکەن و دواتر دەگەڕێنەوە بۆ لای پێشمەرگەکانی هێزی ماکۆ. لە کاتی مانەوەیان لە دەوروبەری بنکەی هێزی ماکۆ لە گوندی "یارمەق" ئاگاداری بەرنامەی هێرشی دوژمن بۆ سەر ئەو گوندە و گوندەکانی دەوروبەری دەبنەوە، کە زۆر ئازایانە بەگژ دوژمندا دەچنەوە. بەهۆی بەرگریی قارەمانانەی پێشمەرگەکان و خەڵکی ناوچە، دوژمن ناتوانێت خۆی بگەیەنێتە گوندەکانی یارمەق و "خەرمەن یەری"، بەڵام لە ڕێگای هێرشی هەواییەوە زەرەر و زیانێکی زۆری گیانی و ماڵی بە خەڵکی ناوچەکە دەگەیەنێت. دیمەنی هەرە دڵتەزێنی ئەو شەڕە شەهیدکرانی "گلۆ"ی تەمەن نزیک دە ساڵانەیە کە سەرەڕای برینداربوونی زۆر قورس تا دوا هەناسە لە بیری پاراستنی بووکەڵە پەڕۆیینەکەیدا بووە و دواجاریش لە کاتی گیاندانیدا پەنجە چکۆلەکانی بە بەژنی بووکەڵەکەیەوە ڕەق بوون. لەو بەشەدا خۆڕاگریی "حاجی عەبدۆ"ی باوکی گلۆ کە ئامادەیە لە پێناوی کوردستاندا هەموو شتێکی خۆی فیدا بکات دەبێتە مایەی شانازی بۆ پێشمەرگەکان. گلۆ خوشکی چووکی فەرماندەری هێزی ماکۆ نەمر ''حەسەن حەسەنزادە'' بووە کە دوای مردنی تەرمەکەی دەبەنەوە گوندەکەی خۆی، یارمەق، بەڵام پاش چەند ڕۆژێک، بەشەو لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ماکۆ دەردەهێنرێتەوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕادەگوێزرێت.
ئەڵقەی سێیەمی ئەو کتێبە، ''مردن لە باوەشی مردندا'' باسی گەڕانەوەی ئەو تیمە لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو ناوەندی کوردستان دەکات. دوای تەڕوتووشی زۆر و برسییەتیی بەردەوام لە نێو دەیان مۆڵگەی دوژمن و دەشتێکی کاکی بە کاکیدا ترووسکەی ڕووناکی ماڵێکی وەتاقکەوتووی بە تەنیا ژنێکی بەساڵداچووی هەردووک پێ لەکارکەوتوو تێدا، دەبێتە فریادڕەسیان و لە برسییەتیی تاقەتپڕوکێن و تەڕبوون ڕزگاریان دەکات. دوای گەیشتنەوەیان بە شاری "شنۆ"ی ئاوەدان و ئازادی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدا، دوای حەسانەوەیەکی یەک دوو ڕۆژە بەرەو گوندی ''نەڵۆس'' دەچن. بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر، واتە ١٣٥٩/٨/٢٦ی هەتاوی گوندی سۆفیان دەکەوێتە بەر هێرشی دڕندانەی هێزەکانی سپای "پاسدارانی نەغەدە". هێزەکانی ڕێژیم لە شەودا دەوری گوند دەگرن، هەر بۆیە خەڵک توانای هیچ جۆرە بەرگرییەکیان نابێت. ئەو هێزانە زۆر دڕندانە بەشێک لە دانیشتووانی ئاوایی دوای شکاندنی ئەندامانی جەستەیان گولـلەباران دەکەن و ماڵەکانیان تاڵان دەکەن.
مامۆستا و پێشمەرگەکانی هاوڕێی دوای وەڕێکەوتن لە گوندی چۆڵبووی سۆفیانێڕا لە نێو باران و شەوێکی ئەنگوستەچاودا بە مەبەستی گەڕانەوە بەرەو ناوچەی سەردەشت، ڕێگای دەشتی لاجان دەگرنە بەر و دوای ماندووبوونێکی زۆر و شەو لێگۆڕان، لە پەنا تێڵدڕووی پادگانی جەڵدیان، بە دەنگی یاساوڵەکانی پادگان وەئاگا دێنەوە و تێدەگەن کە دەبێت بۆ دەربازبوون سەرلەنوێ هەموو دەشتەکەی بپێونەوە. لەوپەڕی هیلاکیدا بەسەر گوندی سەروکانیدا دەکەون و دوای نانخواردن بۆیان دەردەکەوێت کە بەیانی ئەو شەوە نۆرەی کۆمەڵکوژی سەروکانی دێت. پێشمەرگەکان ئامادەییی هاوکاری دەردەبڕن، بەڵام خەڵک پێیان دەڵێن کە ئێمە پێویستمان بە هاوکاری نییە و بۆخۆمان بەشی ئەوەندە چەکدارین بتوانین بەرگری لە خۆمان بکەین.
بەپێچەوانەی خەڵکی سەروکانی، خەڵکی "کێلێ" و "شنۆزەنگ" داوا لە پێشمەرگەکان دەکەن نەڕۆن و لەگەڵ ئەوان بەرپەرچی هێرشی دوژمن بدەنەوە. لەو بەشەدا ئەو تاقمە پێشمەرگە بە بەشداریی قارەمانانەیان لە شەڕی سەر سەروکانیدا توانییان پێش بە هێرشی دوژمن بەمەبەستی کۆمەڵکوژکردنی گوندەکانی کێلێ و شنۆزەنگ بگرن. ئەو شەڕە بە شەڕی کێلێ بەنێوبانگە.
نووسەر بۆخۆی و ئەو پێشمەرگانەی هاوڕێی لە نزیکەوە دیمەنەکانی کۆمەڵکوژییەکانی سۆفیان و سەروکانییان دیوە و بریندار و خەڵکی شاهیدی کۆمەڵکوژییەکانیان دواندووە و لە دەفتەری بیرەوەرییەکانی خۆیاندا تۆماریان کردوون. لە گوندی سۆفیان وێنەی بەشێک لە قوربانییەکانیان هەڵگرتوون، بەڵام لە گوندی سەروکانی بەهۆی کەمتەرخەمیی بەئەنقەستی بەرپرسی ئەو کاتی حیزب لە ناوچە، "ڕەحمان کەریمی" نەک هیچ وێنەیەک لە قوربانییەکان هەڵنەگیراوە، بەڵکوو بە دەستوور و لەژێر چاوەدێریی ڕاستەوخۆی ئەو بەرپرسەدا قوربانییەکان بێناوونیشان لە گۆڕی بەکۆمەڵدا نێژراون.
دەڵێن هێندێک شت بە هەڵکەوت ڕوو دەدات و شانس وا دەکات دوو شت هاوکات بن. مرۆڤ نازانێت بڵێت یارمەق و سۆفیان و سەروکانی شانسیان هەبووە کە سەرەڕای جینایەتی دڕندانەی هێزەکانی ڕێژیم خاوەن پێنووسێکی وەک مامۆستایان بە لادا تێپەڕ بووە تا ئاوا بەوردی چۆنیەتیی خوڵقاندنی ئەو کارەساتانە لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بێنێتە سەر کاغەز یان لە شانس و ئیقباڵی مامۆستای بووە، تا دەیان ساڵ دوای ڕوودانی ئەو کارەساتانە هەروا بەو خەمەوە بتلێتەوە کە، بەتایبەت لە گوندی سۆفیان، نەیانتوانی هیچ شتێک بۆ پاراستنی ئەو خەڵکەی بکەن. یان خەمی گەورەی ئەوە بێت کە بەرپرسێکی حیزبی، ژێر بەژێر لە پێوەندی لەگەڵ ڕێژیمدا، بەوپەڕی بێڕوحمییەوە قوربانیانی کارەساتی سەروکانی بێناوونیشان و هەڵگرتنی تەنیا وێنەیەک لێیان لە گۆڕی بەکۆمەڵدا ژێر خاک بکرێن. ئەو بەرپرسە بەوپەڕی ڕووهەڵماڵاوییەوە ئەو کارەسات و قەتڵوعامانەی تەنیا بە کاری هێندێک لە نەزمدەرچووی ناوچەیی بزانێت، نەک هەڵقوڵاو لە بیری تەسکی دەسەڵاتدارانی ئەسڵی ڕێژیم، لە سەرەوەی هەموویان خومەینی.
مامۆستا بۆ نووسینەوەی ئەو بیرەوەرییانە گوێبیستی کەسانی جێگای متمانە نەبووە و کەسیشی بۆ ئەزموونکردنی ڕاستییەکان ڕانەسپاردووە، بەڵکوو بۆخۆی بەنێو کارەسات و کۆمەڵکوژییەکاندا تێپەڕ بووە و شاهیدی ڕووداوەکان بووە یان دوای ڕووداوەکان لە یەکەم کەسەکان بووە چۆتە نێو مەیدانی کۆمەڵکوژییەکانەوە. تەنیا شتێک کە مامۆستا پشتی پێ بەستوون و بەوپەڕی وردی و لێزانییەوە دایڕشتووە و وێنەیەکی زۆر ڕوون و ئاشکرای لەو جینایەتانە خستۆتە بەر چاو کە خوێنەر و بیسەر پەی بە هەموو وردەکارییەکان دەبات، پاشخانێکی لێوانلێو لە وشەی کوردی و پێنووسێکی پاراو بووە.
لە گوندی سۆفیان کیژێکی چاوکراوە و دڵسۆز کاتێک دڵنیا دەبێتەوە کە پێشمەرگەکان هاتوونە نێو دێ، زۆر ئازایانە دێتە دەر و زۆر ورد و لێزانانە بەشێکی ڕووداوەکانی کۆمەڵکوژییەکە بۆ مامۆستا و ئەوان دەگێڕێتەوە. لێزانی و وردبینی ئەو کچە لە گێڕانەوەدا دەبێتە هۆی ئەوەی کە پێشمەرگەکان هەموو قسەکانی لە دەفتەری بیرەوەرییەکانیاندا تۆمار بکەن و مامۆستاش بەوپەڕی ئەمانەتەوە لە باسی کۆمەڵکوژیی سۆفیاندا گونجاندوونی.
هەرچەند دوژمن بەپێی پیلانێکی تیرۆریستی توانی پێنووس لە پەنجەکانی و سرووشتی جوانی کوردستان و تاڵی و ئازارەکانی گەلەکەی لە نیگای تیژبینی مامۆستا شیوەسەڵی بێبەش بکات، بەڵام نەیتوانی توانای وەسفی جوانییەکانی سرووشت و گێڕانەوەی کارەساتە بەئازارەکان لە مامۆستا بستێنێت.
هەرچەند مامۆستا زیاتر لە ٣٨ ساڵە لە نێو ئازار و ژانی دوای برینداربوونیەکەی دا دەژیت و ئەوەی ئێمە دەیبینین تەنیا لایەنە دیارەکانی ئەو ئازارانەیە و ئازارە دەروونییەکان تەنیا بۆخۆی لە سەرەوەی هەموو کەس و کەسانی زۆر نزیکی بنەماڵە هەستی پێدەکەن و لەگەڵی دەژین، بەڵام مامۆستا وەک کاراکتەرێکی هەرە چالاکی مەیدانە هەرە گەرمەکانی شەڕی سێ مانگە، شەڕەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جادەی پیرانشار-سەردەشت، شەڕەکانی ناوچەی سەردەشت و زۆر شوێنی دیکە بەشێک لە مێژووی پڕبایەخی خەباتی گەلەکەمانی لە نێو بیرەوەرییەکانی خۆیدا هەڵگرتووە، کە پێویستە یارمەتی بدرێت تا بڵاویان بکاتەوە و خەباتکاران و دڵسۆزانی گەلەکەمان لێی ئاگادار بن. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە هەوڵ و هیممەتی ئەندامانی بنەماڵەکەی، بەتایبەت خاتوو ''کولسووم''ی هاوژینی زۆرێک لەو بیرەوەرییانەی تۆمار کردوون، بەڵام زۆر باش دەبێت بە شێوەی نووسراویش چاپ و بڵاو بکرێنەوە. هیوادارم چاپی بەرگی یەکەمی بیرەوەرییەکانی ببێتە سەرەتایەک بەو ئاقارەدا.
ئەو کتێبە لە لایەن "محەمەد بایزیدی" تایپ و پێداچوونەوەی بۆ کراوە. "کەمال گروێسی" هەڵەبڕی بۆ کردووە و لە لایەن وەشانخانە و کتێبفرۆشی "کتێبی ئەرزان" لە ستۆکهۆڵم چاپ کراوە.