کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"کوردستان" و ڕەوتی نەتەوەسازی

11:39 - 25 بەفرانبار 2725

هەیاس کاردۆ

لە ڕەوتی نەتەوەسازیدا، دونیای بەرینی چاپەمەنی کە ڕۆژنامە کۆڵەکەیەکی قایمییەتی، توانیویەتی ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێ. بۆ جێگرتنی گوتاری نەتەوەیی لەنێو کۆمەڵانی خەڵکدا، ئامرازی نووسین پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە. ڕۆژنامە وەک دیارترین ئامرازی بڵاوکردنەوەی بیری نەتەوەیی لە ڕابردوودا ئەرکی خۆی بەباشی بەجێ هێناوە.

ئەو بیرە تیژەی یەکەم‌ جار ڕۆژنامەی ''کوردستان''ی لە قاهیرەی میسر لە ساڵی ١٨٩٨ی زایینی بەچاپ گەیاند، توانی یەکەم بەردی بناخەی کەرەسەی نەتەوەسازی بۆ نەتەوەی کورد بنیات بنێ. هەر بۆیە کەسایەتیی ''میقداد میدحەت بەدرخان'' وەک کاروانسالاری ئەو ڕێبازە پیرۆزە لە مێژوودا تۆمار کرا. دامەزرانی ''کۆماری کوردستان'' هەلێکی زێڕینی پێک‌هێنا هەتا ڕۆژنامە دیسان بتوانێ دەوری کاریگەریی خۆی لەو بوارەدا بگێڕێ. ناودێرکردنی دروستی ''کوردستان'' بۆ ڕۆژنامەی حیزبی دێموکرات لە درێژەی هەمان بیری پیرۆزی نەتەوەییدا بوو، تەکانێکی زیاتری بەجێگرتوویی گوتاری نەتەوەیی دا. ئەگەر بزانین گوتاری نەتەوەیی بە هەموو ئەو قسە و نووسینانە دەگوترێ کە دەربارەی ناسنامەی نەتەوەیی، مێژوو، زمان، خاک، یەکگرتوویی و مافە نەتەوەییەکان دێنە گۆڕێ، بۆمان دەردەکەوێ ڕۆژنامەی کوردستان کە ئەو ڕێبازەی گرتبووە بەر دەیتوانی چ ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێ.

بەو کورتە زانیارییەوە، ئێستا با بزانین داخوا ڕۆژنامەی زمانحاڵی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لە هەمان کاتدا کۆماری کوردستان توانی ئەرکی خۆی بەجێ بگەیەنێ؟

ڕۆژنامەی تازە پێ هەڵگرتووی ''کوردستان'' لە ماوەی دەسەڵاتی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، وێڕای بڵاوکردنەوەی هەواڵ و ڕووداوەکانی کوردستان، ئێران، ناوچە و هەتا ڕادەیەکیش جیهان، چەند ئەرکی زۆر قورس و بنەڕەتیشی لەسەر شان بوو کە ئەمانە بوو:

یەکەم، بڵاوکردنەوەی پڕۆژەی نەتەوەسازیی کۆماری کوردستان کە تازە خەریک بوو دەستی پێ دەکرد، دەبوو بە وریایی تەواو پەرەی پێ بدرێ. لەو بوارەدا ڕۆژنامەی کوردستان دەرفەتی ئەوەی پێک‌هێنا ''کوردبوون'' و شانازیکردن بە ناسنامەی نەتەوایەتی لە چوارچێوەی دەقە جۆراوجۆرەکاندا بڵاو بکرێنەوە. لەو پێوەندییەدا نووسین و لێکدانەوەی کەسانی کوردپەروەری بڵاو دەکردنەوە کە مەبەستیان پەرەپێدانی ئەو جۆرە زانیارییانە لەنێو خوێندەوارانی کوردزماندا بوو. لە هەمان کاتدا ئەدیبان و شاعیرانی نیشتمانپەروەریش لە ڕێگای شێعر و پەخشانەوە هەستی نەتەوایەتییان لەنێو کۆمەڵانی خەڵکدا وەجۆش دەهێنا کە ئەوەش زیاتر هەر لە دەلاقەی ڕۆژنامەی کوردستانەوە وەدیار دەکەوت. هەڵبەت خودی حیزبی دێموکراتی کوردستانیش کە بناغەکەی لەسەر بیری نەتەوەیی دامەزرابوو و ڕۆژنامەکەشی وەک ئۆرگانی ناوەندیی خۆی دیاری کردبوو، دەستی نووسەرانی ئاوەڵاتر دەکرد لەو بوارەدا زیاتر قەڵەم بگێڕن.

دووهەم، بڵاوکردنەوەی وتار و فەرمایشەکانی جەنابی قازی محەممەد، وەک سەرۆک‌کۆماری کوردستان کە لە هەمان کاتدا دەربڕی بیری حیزبی دێموکراتی کوردستانیش بوو، ئەرکی ڕۆژنامەی کوردستان بوو. سەرۆک‌کۆماری کوردستان کە خۆی کەسایەتییەکی نەتەوەیی باوەڕمەند بە ناسنامەی تایبەتی نەتەوەی کورد بوو، لە ڕێگای وتارەکانیەوە هەوڵی دەدا کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەگەڵ چەمکی نەتەوە و مافەکانی ئاشنا بکا. بڵاوبوونەوەی ئەو وتارانە لە لاپەڕەکانی ڕۆژنامەی کوردستاندا، ڕۆژنامەکەیانی خۆشەویستتر و سەنگینتر کردبوو. هەرچەند جەنابی پێشەوا چ وەک سەرۆکی کۆمار و چ وەک سەرۆکی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەبوایە زۆر بەدیققەت چەمکی گوتاری نەتەوەیی شی کردبایەوە و وەک دەڵێن ''هێڵە سوورەکان''ی نەبەزاندبا، بەو حاڵەش بەڕوونی کوردبوونی وەک شانازی پێناسە دەکرد و باسی مافە ڕەواکانی گەلی کوردی دەهێنایە گۆڕێ. هەر ئەوە کە ئێستاش دوای تێپەڕینی هەشتا ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوە گرنگەدا، قازی و کۆمار هەروا خۆشەویست و جێی ڕێزن، ڕاست لەوەڕا سەرچاوە دەگرێ. گرنگیی پێگەی ڕۆژنامەی ''کوردستان''یش بەشێکی زۆری بۆ هەمان هۆ دەگەڕێتەوە. واتە چ وەک ناو (کوردستان)، چ وەک نێوەڕۆک و چ وەک ئۆرگانی حیزبێکی نەتەوەیی و دامەزرێنەری کۆماری کوردستان، ئەو ڕۆژنامەیە زۆر زوو متمانەی خوێنەرانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و وەک سەرچاوەی پەرەپێدانی بیری نەتەوەیی سەیری کرا.

سێهەم، ڕۆژنامەی کوردستان وەک سەرچاوەیەکی گرنگی پەرەپێدانی زمانی کوردی. دەزانین کە زمان کۆڵەکەیەکی قایمی ناسنامەی نەتەوەییمانە و بە نەبوونی زمان، نەتەوەش وجوودی نیە. کەوابوو یەکێک لە ئەرکە هەرە قورسەکانی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان، زیندووکردنەوە، وەجۆش‌هێنانەوە، دەوڵەمەندتر و پەرەپێدانی زمان بوو. لەو پێوەندییەدا ئەرکی زۆر قورس کەوتە سەرشانی ڕۆژنامەی کوردستان و گۆڤار و چاپەمەنییەکانی دیکە. ئەوە یەکەم ‌جار بوو هەلێک بۆ کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەخسابوو کە بە ڕەسمی لە زمانی خۆی بۆ پێوەندییە سیاسی، ئیداری، فەرهەنگی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان کەڵک وەربگرێ. هەرچەند ئاخافتنی خەڵک بە زمانی کوردی و تەنانەت کەڵکوەرگرتن لێی لە گۆرانی، حیکایەت خوێنی، بەیت و باو و زۆر بواری دیکەی فەرهەنگ و ئەدەبدا هیچکات وەلا نەنرابوو، بەڵام کەڵک لێ وەرنەگرتنی لە قوتابخانەکان و دونیای چاپەمەنی و کاری ڕۆژانەی ئیداریدا، کەلێنێکی گەورەی دروست کردبوو. هەر بۆیەش نووسین و خوێندنەوەی دەقی کوردی زۆر لاواز و بێ‌خزمەت دیار بوو. بەداخەوە زمانی نووسینی ڕۆژنامەی کوردستانیش لە ساڵەکانی سەرەتای بڵاوبوونەوەیدا، بەئاشکرا ئەو لاوازییەی پێوە دیارە. بەتایبەت لە باری ڕێنووسەوە هیچ ئوسوول و پێوەرێکی زمانەوانی تێدا ڕەچاو نەدەکرا. وشەی کوردی زیاتر بە ڕێنووسی (ئیملا)ی فارسی یان عەرەبی دەنووسران کە هەڵەیەکی گەورە بوو.

پاشان زاڵبوونی زمانی فارسی و عەرەبی لە درێژایی سەدان ساڵدا وای کردبوو وشە ڕەسەنەکانی کوردی لەبەرچاو ون ببوون. هەر بۆیەش نووسەرانی ڕۆژنامەی کوردستان بۆیان ئاسانتر بوو لە وشەی جێکەوتووی بێگانە کەڵک وەربگرن هەتا بۆ دۆزینەوەی وشەی کوردی خۆیان ماندوو بکەن. دیارە ئەوە لە بەشە ئەدەبییەکەی ڕۆژنامەدا کەمتر وەدیار دەکەوت، چونکە شاعیر یان پەخشاننووسی کورد زیاتر بەسەر زمانەکەدا زاڵ بوون. بە هەموو لاوازییەکانی ڕێنووسی کوردی لە ڕۆژنامەی کوردستاندا، بەهیچ‌جۆر ناکرێ ڕۆڵی گرنگی ئەو ڕۆژنامەیە لە پەرەپێدانی زمانی کوردیدا لەبەرچاو نەگرین. هەر ئەوە کە بۆ یەکەم‌ جار ڕۆژنامەیەکی کوردی بوو بە زمانحاڵی حکوومەتێکی میللی و حیزبێکی سیاسیی دەسەڵاتدار، خۆی گرنگیی پەرەپێدانی زمانی کوردی دەردەخست.

بە نەمانی کۆماری کوردستان و لە مەترسیی کەوتنی تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، سروشتی بوو چاپ و بڵاوبوونەوەی ڕۆژنامەی کوردستانیش چەتی تێ بکەوێت. لە هەموو ماوەی یازدە مانگەی تەمەنی کۆماردا کە هەر ڕۆژە نا ڕۆژێک خوێنەرانی ئەو ڕۆژنامەیە چاویان بە بابەتەکانی بە زمانی کوردی دەکەوت، لەپڕ لێی بێبەش بوون. ڕووخانی کۆمار، ئیعدامی سەرکۆمار و هاوڕێیانی، گیرانی سەرانی حیزب و بەربەستی تێکۆشانی ئازادانەی ئەو حیزبە و لەگەڵ ئەوانەش وەستانی ڕۆژنامەی کوردستان، شۆکێکی بەتەوژم بوو بەر ڕۆح و جەستەی خەڵکی کوردستان کەوت. هەتا ساڵانێکی زۆر کە لە دەورەکانی دواتردا ڕۆژنامەی کوردستان دیسان لە شێوەی جیاوازدا چاپ و بڵاو کرایەوە، جێگای بەتاڵی ئەو ڕۆژنامەیە لە کتێبخانە و شوێنە گشتییەکانی خوێندن و خوێندنەوە بەجوانی دیار بوو.

دوای تێهەڵچوونەوەی خەباتی ڕزگاریخوازانەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و سەرلەنوێ چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی کوردستان لە ساڵەکانی دواتردا، ئەمجار لەگەڵ شێوە و فۆڕم و تەنانەت نێوەڕۆکی جیاوازی ئەو ڕۆژنامەیە بەرەوڕوو دەبین. لە فۆڕمی تازەی ''کوردستان''دا لەجیاتی هەواڵی ڕۆژانە، زیاتر وتاری سیاسی و لێکدانەوەی هەواڵ خۆی دەرخست. پاشان چونکە لە فەزایەکی نهێنی و دوور لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک دەستی بە بڵاوکردنەوە کرد، نەیتوانی ئەو پانتاییە بەرینە دابگرێ کە پێشتر دایگرتبوو. هەر بۆیە لەجیاتی سێ ژمارە لە حەوتوودا، مانگێ جارێک بڵاو دەکرایەوە. لە لایەکی دیکەوە زمانی دەربڕین و تەنانەت ڕێنووسی ڕۆژنامەش گۆڕانی بەسەردا هات. واتە ڕۆژنامەی ئەو سەردەمە بوو بە زمانی خەباتی شاخ و لەو سەنگەرەوە بەرەوڕووی دوژمن بووەوە. لەو دەورەیەدا هەتا سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، ڕۆژنامەی کوردستان بۆ زیندووڕاگرتنی هەستی نەتەوایەتی، ڕادەی ستەملێکراویی کورد و پێویستیی خەبات بۆ گەیشتن بە مافە نەتەوەییەکان هەوڵی خۆی دا. هەر لەو قۆناغەدا بەرەبەرە زمانی ڕۆژنامەش لە ستانداردی نووسینی کوردی نزیکتر بووەوە بە جۆرێک کە لە کۆتاییەکانی دەیەی حەفتای زایینیدا، وەک سەرچاوەی باوەڕپێکراو بۆ نووسینی دروستی ڕێزمان و ڕێنووسی کوردی حیسابی بۆ دەکرا.

دوای هاتنە سەرکاری ڕێژیمی ''جمهوری اسلامی ایران'' دیسان هەلێکی باش بۆ چاپی ڕۆژنامەی کوردستان هاتە پێش هەتا بیری کوردایەتی و نەتەوەیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە تیراژێکی بەرینتردا بڵاو بکاتەوە. لەم قۆناغەدا هەرچەند خاکی کوردستان بۆ ماوەیەک ڕاستەوخۆ لەژێر دەسەڵاتی کورد خۆیدا بوو، بەڵام حکوومەتی ناوەندی هیچکات ملی بۆ داواکانی کورد نەوی نەکرد. هەر بۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستان دەبوو وتاری نەتەوەیی خۆی بەجۆرێک دابڕێژێ کە بتوانێ لە ئەرزی واقیعدا داواکانی کورد جێگیر بکا. ڕۆژنامەی کوردستان لەو سەردەمەدا دەبوو لە لایەک لەگەڵ بیری ناسیۆنالیزمی زاڵ (شۆڤێنیزم) بەربەرەکانێ بکا و لە لایەکی دیکەوە پێویست بوو وتاری نەتەوەیی خۆی لە هێرشی بەرەی چەپی گوێ‌لەمست، یان چەپی تازە دروستبووی سەرلێشێواو بپارێزێ. بۆ ئەم مەبەستە نووسەرانی بەئەزموون و کەسانی ئاکادیمیی ناسراوی هێنایە مەیدان بۆ وەی بتوانێ خەباتی نەتەوایەتی پڕڕەنگتر نیشان بدا.

پەلاماری بەرینی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حیزبی دێموکرات، درێژەی بەرگریی چەکدارانە و دیسان وەشاخ‌کەوتنەوەی ڕۆژنامەی کوردستان، قۆناغێکی درێژماوەی دیکەی پێک‌هێنا کە تا ئێستاش بەردەوامە. لەم قۆناغە دوورودرێژ و لە هەمان کات پڕ لە هەوراز و نشێوەدا، دیسان خەمی بنەڕەتیی ڕۆژنامەی کوردستان دیفاع لە مافی ڕەوای گەلی کورد و پەرەپێدانی هەستی نەتەوایەتی لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندایە. لێرەوە ڕۆژنامەی کوردستان بە کردەوە وێڕای پێشمەرگە دەچێتە سەنگەرەوە و باسی ئەو خۆڕاگرییە نەتەوەییە دەکاتە سەردێڕی باسەکانی. هەرچەند لە درێژەی خەباتی دوورودرێژی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا دروشمی جۆراوجۆری وەک خودموختاری و فێدڕالیزم بەرز کرانەتەوە و لە لاپەڕەکانی ڕۆژنامەی کوردستاندا گونجێندراون، بەڵام قسەی یەکەم و کۆتایی هەمان باسی سەرەکی بووە کە کوردایەتی و کوردبوونە. بەگشتی دەتوانین کۆی تایبەتمەندییەکانی ڕۆژنامەی کوردستان وەک زمانحاڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە پرسی نەتەوەیی بەم جۆرە کورت بکەینەوە:

- بۆ دەوڵەمەندکردنی پڕۆژەی نەتەوەسازی لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە هەوڵی داوە کە دیارە لەم بارەوە سنوورەکانی پاراستووە و نەیتوانیوە بەو جۆرەی پێویستە قسەی دڵی خۆی بکا.

- "کوردستان وڵاتێکە و کورد یەک نەتەوەیە" هەمیشە لە ئەدەبیاتی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا و لە ڕێگای ڕۆژنامەی کوردستانەوە بەئاشکرا بڵاو کراوەتەوە، هەرچەند دروستکردنی وڵاتی کوردستان لە بەرنامەی ئەو حیزبەدا نەبووە.

- زەقکردنەوە و دووپاتە نووسینەوەی مافی نەتەوەکان لە یاسای جیهانیی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لاپەڕەکانی ڕۆژنامەی کوردستاندا نیشانەی پێداگرییە لەسەر بەدواداچوونی ئەو باسە گرنگە.

- پێوەندیی دێموکراسی و پاراستنی مافی نەتەوە بێ‌مافەکان یەکێکی دیکە لە باسە دایمییەکانی وتارەکانی ڕۆژنامەی کوردستان بووە.

- هێنانە بەرباسی ئەزموونی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلانی بە ئازادی گەیشتووی جیهان و هەوڵدان بۆ وەبیرخستنەوەی لە زەینی خەڵکی کوردستاندا.

- بەدۆکیۆمێنتکردنی ڕەوتی خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان لەپێناو گەیشتن بە مافەکانی و ڕادەی جینایەتەکانی هەر دوو ڕێژیمە دەسەڵاتدارە یەک‌لەدوای‌یەکەکەی ئێران دەرحەق بەم خەڵکە تێکۆشەرە، ئەرکێکی دیکەی ڕۆژنامەی کوردستان بووە.

- کەلک لێ وەرگرتن و دەوڵەمەندترکردنی زمانی کوردی وەک زمانی یەکەمی نووسین لەو ڕۆژنامەیەدا خزمەتێکی یەکجار گرنگە بە پاراستنی زمانەکەمان کە لە ڕاستیدا کۆڵەکەی ناسنامەی نەتەوەییمانە. لەو بارەوە ڕۆژنامەی کوردستان کارنامەیەکی یەکجار گەش و سەرکەوتووی هەیە.