بەپێی ڕاپۆرتە مافی مرۆییەکان، محەممەد پەیغامی بەندکراوی سیاسیی کورد سەرەڕای دەسبەسەرکران و ئەشکەنجەدانی لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەگانی ڕێژیمەوە، بەبێ ئاگاداریی بنەماڵەکەی نەشتەرگەریی بۆ کراوە و دۆخی تەندروستیشی ناجێگیرە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو، هاونیشتمانییەکی کوردستانی و خەڵکی شاری شنۆ بە ناوی محەممەد پەیغامی لە سێ حەوتووی ڕابردوودا دەسبەسەر کراوە و لە ئاکامی ئەشکەنجەدانی لەکاتی دەسبەسەرکردنیدا تووشی جەڵتەی دڵ بووە.
ئەو هاونیشتمانییە بەبێ ئاگاداریی بنەماڵەکەی بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی ورمێ گواستراوەتەوە و نەشتەرگەریی بۆ کراوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەنگاو، محەممەد پەیغامی، هاونیشتمانیی تەمەن ۶۰ ساڵی خەڵکی شاری شنۆ ڕۆژی یەکشەممە ۲۳ی سەرماوەز، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی لە شەقامی سەیداوێ دەسبەسەر کراوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی ۲۰ ڕۆژ لە کاتی دەسبەسەرکرانی، تا ئێستاش لە مافی پەیوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە و سەرەڕای ئەوەی تووشی جەڵتەی دڵ بووە و نەشتەرگەریی بۆ کراوە، لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.
بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، بەناو دادگای ڕێژیم تۆمەتی هاوکاری و ئەندامەتی لە حیزبە کوردستانییەکانی داوەتە پاڵ ناوبراو و لقی یەکی لێپرسینەوەی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە شنۆ بەبێ دادگاییکردنی ئەو هاووڵاتییە سزای دوو مانگ دەسبەسەربوونی کاتیی بەسەردا سەپاندووە.