کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی ٣٩ هاووڵاتی لە دێهلوڕان، دەرەشار ، سەراوڵە و ئاودانان

17:46 - 13 بەفرانبار 2725

دوابەدوای دەسپێکی ناڕەزایەتییەکان و لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییان لە پارێزگای ئیلام بە ئامانجی زاڵکردنی کەشی سەرکوت و ئەمنییەتی بەسەر کۆمەڵگەدا، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ٣٩ هاووڵاتی لە سارەکانی دێهلوڕان، دەرەشار، سەراوڵە و ئاودانان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

کوردپا لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، بەپێێ ئامارەکان ٢٦ لە دێهلوڕان ، ٧ کەس لە دەرەشار ، یەک کەس لە سەراوڵە و و ٥ کەس لە ئاودانان دەسبەسەر کراون. هەروەها هاووڵاتییەکی خەڵکی ئاودانانیش هەر لەم ماوە زەمەنییەدا لە تاران و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

 لە نێوان دەسبەسەرکراواندا، چەند مێرمنداڵێکی خوار تەمەن ١٨ ساڵ هەن. زۆربەی ئەم کەسانە بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنی نادیار ڕاگوێزراون.

بەپێی زانیارییەکان دەسبەسەرکراوانی  دێهلوڕان بریتین لە: ئارشیا جەوشەن، ئومید بەیرانوەند، کوورش نووری، ئەکبەر دەرویشی، عارف دەرویشی، محەممەد هەواسی، عەلیڕەزا ساڵحی، سێپێهر ساڵحی، فەرزاد شوکری، ئەبولفەزل شادفەر، میلاد کیادی، ئێحسان مەلکی، ئەمیر ڕەئووفی، ئومید مەلک‌محەممەدی، یەزدان بەختی ۲۱ ساڵه، شەریف ئازاد، شایان مۆئمێنی، ئەمیرحوسێن عەلیزاده، فەردین ئاقایی، ئەبولفەزل جامخانه، سەجاد ئازاد، عەبدوڵڵا ئازاد، عرفان فەرەهمەند، عەلیڕەزا ڕەحمانی و ئەمیرڕەزا ڕەحمانی و محەممەد حەیاتی.

لە دەره‌شار ٧ کەس دەسبەسەر کراون کە بریتین لە:

ئەبولفەزل قاسمی، سەتار زەیدی، ڕەزا حەیدەری، سامان غوڵامی، شایان ئەسڵ‌مەرز، محەممەد حەسەنوەند و  بیژەن کەریمیان.

دەسبەسەرکراوانی ئاودانانیش بریتین لە: ئومید ناسری، فەردین حاتەمی، محەممەدجەواد زارعی، ئەبولفەزل زارعی .

ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی بەفرانباری ١٤٠٤، ئیمان عەلیمورادی هاووڵاتیی تەمەن ٣٣ ساڵی خەڵكی ئاودانان لە تاران لە سەراوڵەش هاووڵاتییەک بە ناوی ڕەحیم سادقی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا .

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکان لەم پێوەندییەدا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.

پێویستە بوترێ کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دەسبەسەرکراوانی سیاسی لە قۆناغەکانی دەسبەسەرکراندا بە شێوەی سیستماتیک لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت مافی پێوەندیی تلفۆنی بێبەری دەکرێن. لە حاڵەتگەلێکی کەمدا، لەژێر گوشار و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکاندا، تەنیا ئیزنی پێوەندیگەلی چەند چرکەیی دەدرێت کە لە کوردستاندا دەسبەسەرکراوان تەنانەت ئیزنی قسەکردن بە زمانی داکیشیان نییە و تەنیا لە چەند وشەدا و بە زمانی فارسی و بە بوونی هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنیان هەیە کە ڕایبگەیێنن کە "دەسبەسەر کراون و باشن."

ناڕەزایەتییەکانی ئەمساڵ لە ٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ـەوە لە بازاڕی گەورەی تاران دەستیان پێ کرد، و کاسبکاران لە کاردانەوە بە دابەزینی نرخی ڕیاڵ، هەڵاوسانی زۆر و گرانیی کاڵا سەرەکییەکان، دووکانەکانیان داخستن و ئەم مانگرتنە بەخێرایی بوو بە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی سەر شەقامەکان. لە ڕۆژانی دواتردا، ناڕەزایەتییەکان گەیشتنە زیاتر لە ١٠ هەتا ١٥ شار لەوانە، تاران، ئێسفەهان، مەشهەد، شیراز، کەرەج، هەمەدان، کرماشان، ئەهواز، ئەراک، نەجەف ئاباد، فوولادشار، مارلیک، ئیزە، نوورئابادی مەمەسەنی، فەسا، یەزد، زەنجان و قوم. پرسی سەرەتایی ناڕەزایەتییەکان ئابووری و بژیو بوو، بەڵام وردەوردە لە زۆربەی شارەکاندا بوو بە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی ڕێژیم و دروشمگەلێک دژی نیزام و ڕێبەرەکانی.