کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاری: کۆماری ئیسلامی جینایەتی دژی مرۆڤایەتیی دەکات

18:09 - 26 بەفرانبار 2725

(نامەی سەرئاوەڵای حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوو بە وڵاتان، دامەزراوە نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ سەبارەت بە کوشتاری خەڵکی ئێران)

 

بەڕێز شوڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان!

وڵاتان و دامەزراوە پێشکەوتووخوازەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی!

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ!

کۆماری ئیسلامیی ئێران زیاتر لە سێ حەوتوویە بێ‌بەزییانە بەربووەتە گیانی خەڵکی ڕاپەڕیو و مافخوازی وەزاڵەهاتوو لە دەست نەبوونی ئازادیی سیاسی، هەژاری، برسێتی و گەندەڵیی حکوومەتی. ئەم ڕێژیمە دیکتاتۆرە بۆ شاردنەوەی جینایەت و کۆمەڵکوژییەکانی و سڕینەوەی بەڵگە و ئاسەواری تاوانەکانی هێلەکانی ئینتێرنێتی پچڕاندووە و هەموو دەرگاکانی پێوەندی ڕوو بە دەرەوەی لە خەڵکی وڵات داخستووە. دەزگای سەرکوتی ڕێژیم لەو ناڕەزایەتییانەدا جینایەت دژی مرۆڤایەتیی کردووە، بە هەزاران کەسی کوشتوون کە دەیان کەس لەوان ژن و کەسانی خوار ١٨ ساڵن، چاوی هەزاران کەسی کوێر کردوون، بە دەیان هەزار کەسی گرتوون و هەزاران برینداریش لە ترسی دەسبەسەرکران ناوێرن بۆ چارەسەریی برینەکانیان ڕوو لە نەخۆشخانەکان بکەن. ڕێژیمی ئێران بە زاڵکردنی کەشی میلیتاری بەسەر وڵاتدا هەناسەی لە خەڵکی بڕیوە، پێشی دەرکەوتنی ڕاستییەکانی گرتووە و تەنانەت لە کوردستان لە ترسی پەرەسەندنی خۆپێشاندانەکان نەک هەر ڕێگە نادا بنەماڵەی کوژراوەکان ئازیزە لەدەستچووەکانیان لە زێدی خۆشیاندا بەخاک بسپێرن؛ بەڵکوو بۆ پێدانەوەی تەرمی ڕۆڵەکانیان هەتا ١ میلیارد تمەنیش پارەی لێ سەندوون.

ئەم ڕێژیمە دیکتاتۆرە کە لە ماوەی پێنج دەیەی ڕابردوودا هەموو کاتێک بە ڕوانگەی ئەمنیەتی و میلیتارییەوە کوردستانی ئیدارە کردوە و پێشتریش لە سەرەتای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی "ژینا- ژن، ژیان، ئازادی"دا تاوانی گەورەی دژی مرۆڤایەتیی خوڵقاندبوو، و بە چەکی نیوەقورس و لەنێو شارەکاندا گیانی لە سەدان خۆپێشاندەر ئەستاندبوو؛ ئەمجارەش دەستی لە تاوان نەپاراست. خۆپێشاندانەکان لە ناوچەکانی ئیلام، کرماشان و لوڕستانی لە خوێن وەردا و دەیان کەسی کوشت. بەڵام کوشتن و گرتن و زاڵکردنی کەشی سەرکوت پاشەکەشەی بە خەبات و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان نەکردووە. هەر حەوتووی ڕابردوو هەموو کوردستانی ئێران لە وەڵامی بانگەوازی ٧ی حیزبی سیاسیی خۆیدا بە مانگرتنێکی گشتیی سەراسەری جارێکی دیکەش دەنگی کۆڵنەدان و مافخوازیی خۆی بەرز کردەوە.

ئێستاش بە سەرنجدان بە دۆخی نێوخۆیی ئێران و کوردستان وەک مەترسیی کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی ناڕازی، پێمل‌نەبوونی ئێران بە هیچ یاسا و پرەنسیپێکی جیهانی، کاریگەرنەبوونی هەتا ئێستای هەوڵە دیپلۆماتیکەکانی وڵاتان لەو ماوەیە بەرپرسایەتیی کاردانەوە و وەدەنگ‌هاتن و فریاکەوتنی خەڵکی ئێران پتر لە هەموو کاتێک لەسەر شانتان قورسایی دەکات. ئاشکرایە کە کۆماری ئیسلامی وەک  حکوومەتێکی نابەرپرسیار قۆڵی لە جینایەت و کوشتاری خەڵکی شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز هەڵکردووە، لەم ڕووەوە کۆمەڵگەی جیهانی بۆی هەیە یەکگرتوو وەدەنگ بێ و بە وەستاندنی ئەم ڕێژیمە ڕێز لە ئیرادەی خەڵکی ئێران و نەتەوەکانی ئەم وڵاتە بۆ گۆڕینی ڕێژیم بگرێ و یارمەتیدەریشیان بێت.

ئێمە حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران داوا دەکەین جیهان دەنگی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران ببیستێ، وڵاتان و کۆمەڵگەی جیهانی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ شان وەبەر بەرپرسایەتییان بدەن و بە هەموو توانایان و بە هەر جۆرێک کە پێیان دەکرێ ئەم ڕێژیمە مرۆڤکوژە بوەستێنن. مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکانی ئێران لە دەست خۆیاندایە و کۆمەڵانی خەڵک بە تێکڕا و نەتەوە بندەستەکان بە خەباتی چەند دەیەی ڕابردوویان دژی دەسەڵاتی ئێران نیشانیان داوە شیاوی ئازادی و ژیانێکی مرۆیین و بۆ ئەوەش بەردەوام قوربانی دەدەن. ئێوە بە یارمەتیدانی خەڵکی ئێران و پشتگرتنیان لەو خەباتەدا بەشێک لە بەرپرسایەتیی مێژوویی خۆتان بەجێ دێنن.

- پارتی ئازادیی کوردستان

- پارتی ژیانی ئازادی کوردستان

- سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران

- کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

- کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

- کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

- حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەینی، ٢٦ی بەفرانباری ١٤٠٤

***