
هیوا بەهرامی
زیاتر لە دوو هەفتەیە خەڵکی ئێران ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و دژ بە ڕێژیم خۆپیشاندانیان کردووە. داواکاریی ئەو خەڵکە لە دەیان شاری گەورە و بچووکی ئێراندا ڕوونە. خەڵک داوای چاکسازی ناکەن، بەڵکو داوای کۆتاییهاتنی ڕێژیمی ئیسلامی دەکەن. بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوە جیاوازەکان، هەزاران خۆپیشاندەر لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی مەلاکانەوە کوژراون. ئەو ڕووداوانە تاوانێکی قورسە دژ بە مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناتوانێت هەروا بە ئاسانی بەسەریدا تێپەڕبێت.
ڕێژیمی ئێران لە ڕابردوودا چەندین جار بە شێوەی دڕندانە وەڵامی خۆپیشاندانەکانی داوەتەوە. هێزە ئەمنییەکان بە توندی دژ بە خۆپیشاندەران جووڵاونەتەوە و تەقەی ڕاستەوخۆیان لە خەڵک کردووە. لە ماوەی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» لە ساڵی ٢٠٢٢دا، ئاستی سەرکوتەکە ڕوون بوو: زیاتر لە ٥٠٠ کەس کوژران، هەزاران بریندار بوون و دەیان هەزار کەس دەستگیر کران.
سەرباری ئەم توندوتیژییەش، خۆڕاگریی گەلانی ئێران بەردەوامە. دوای ٤٧ ساڵ دەسەڵاتداریی ڕێژیمی ئیسلامی، زۆربەی ئێرانییەکان داوای ژیانێکی ئازاد دەکەن. جار لەدوای جار دەڕژێنە سەر شەقامەکان و بۆ گەیشتن بە ئازادی، ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە. ڕێژیم ئامادەیە بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی خەڵک بکوژێت و لە کوشتوبڕ سڵ ناکاتەوە. هەرچەندە دوای جەنگی دوازدە ڕۆژەی مانگی جوونی ٢٠٢٥، ڕێژیم لە باری سەربازی و سیاسییەوە لاواز بووە، بەڵام خۆپیشاندەران ناتوانن بە دەستی بەتاڵ لە بەرانبەر هێزەکانی سوپای پاسداران بوەستنەوە.
خەڵکی ئێران پێویستیان بە پشتگیریی بەرینی نێودەوڵەتییە. بەبێ هەبوونی ئەو پشتگیرییە، چاوەڕوان ناکرێت ڕێژیم تەنیا بە بوێریی گەلانی ئێران بڕووخێندرێت.
لە ئێستادا تەنیا پشتگیرییەکی سیاسی و ئەخلاقی دوای ئەو تاوانە گەورەیەی دژ بە خۆپیشاندەران کراوە، کاریگەریی نابێت. ئەگەر ڕۆژاوا بەڕاستی دەیەوێت لە پشت خەڵکی ئازادیخوازی ئێراندا بێت، ئەگەر وڵاتە دیموکراتیکەکان پشتگیریی ئێرانێکی ئازاد، دیموکراتیک و سێکولار دەکەن، و ئەگەر بەڕاستی ئامانجیان هەبوونی سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بێت، ئەوا دەبێت دژبەرانی ڕێژیمی ئێران بە هەموو ئامرازە بەردەستەکان پشتگیری بکرێن.
ڕۆژاوا تا ئێستا دوودڵ بووە
یەکێتیی ئورووپا و وڵاتە ئەندامەکانی خاوەن کۆمەڵێک ئامرازی سیاسیی دیاریکراون کە تا ئێستا بە دوودڵی بەکارهاتوون. نموونەکان لە کەنەدا، ئوسترالیا و ئەمریکا نیشان دەدەن کە دەکرێ سوپای پاسداران (IRGC) ـ کە بە شێوەیەکی سەرەکی بەرپرسیارە لە توندوتیژییەکان دژ بە خۆپیشاندەران ـ وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی بناسێندرێت. بڕیارێکی وا دەتوانێ سیگناڵێکی زۆر ڕوون بێت بۆ ڕێژیم و مەودای جووڵەی ئەو هێزە سەرکوتکەرە کەم بکاتەوە و لە هەمان کاتدا پەیامێکی سیاسیی گرنگە بۆ پشتگیری لە گەلانی ئازادیخوازی ئێران. هەروەها داخستنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و گەڕاندنەوەی باڵیۆزانی یەکێتیی ئورووپا لە تاران، هەنگاوێکی سیاسیی کارا دەبێت.
گۆڕانکارییەکی ستراتیژیی پێویستە
لە جیاتی بەردەوامبوون لە هاوکاری لەگەڵ ڕێژیمێکی سەرکوتکەر، ڕۆژاوا دەبێت بە ئاشکرا پشتگیریی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی دیموکراتیک و سێکولار لە ئێراندا بکات. تەنیا بەو شێوەیە دەتوانێت بەڕاستی لە پشت گەلانی ئێراندا بوەستێت و ڕێگای ئێرانێکی ئازاد و دیموکراتیک هەموار بکات. ئەوانەی ئەمڕۆ لە تەنیشت گەلانی ئێراندا نین، نابێت سبەینێش چاوەڕوانی پەیوەندیی پتەوی ئابووری و سیاسی لەگەڵ ئێرانی پاش ڕێژیمدا بن. ئێستا کاتی ئەوەیە یەکێتیی ئورووپا و وڵاتە ڕۆژاواییەکان پشتگیرییان بە ئاشکرا و بێ دوودڵی دەرببڕن — و نیشان بدەن خەڵکی ئێران لە تێکۆشانیان بۆ ئازادی تەنیا نین.
ئەم یاداشتە ڕۆژی ١٤ی ژانویە لە ڕۆژنامەی بەناوبانگی ئوتریشی (Die Presse) بڵاو کراوەتەوە!