ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٤(١٤/١/٢٠٢٦)، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهاتوو لە "ڕێناس خزری" نوێنەری حیزب لە سوید، " دوکتور سۆزان فەتحی"، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندی پەیوەندییەکانی دەرەوە و سەید "عەزیز سەیدنژادیان" هاوکاری بەشی پەیوەندییەکان دیدارێکی دۆستانەیان لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێکی سۆسیال دێموکراتەکان پێک هێنا.
وەفدی خانەخوێ پێکهاتبوون لە "ئۆلا مۆللـەر" بەرپرسی ناوەندی کورستان- سوید، "قادر کاسیرگە" و "لەیف نیسمێد" ئەندامانی پارلەمان و "سانا ئێلیاسسۆن" بەرپرسی ناوەندی "ئۆلۆف پاڵمێ".
لەو دیدارەدا بارودۆخی ئێستای ئێران، خۆپێشاندانەکانی دوو حەوتوی ڕابردوو و تاوانکارییەکانی کۆماری ئیسلامی دژ بە خۆپێشاندەران خرانە بەر باس.
هەئیەتی حیزب ڕۆڵی هێزە دێموکراسیخوازەکانیان لە کۆکردنەوەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە دەوری کۆمەڵێک ئامانجی هاوبەش و دێموکراتیک بە گرینگ زانی و لەو پەیوەندییەدا ئاماژەیان بە ڕۆڵی حیزبی دێموکرات کرد.
هەیئەتی حیزب باسیان لە چاوەڕوانییەکانی خۆیان سەبارەت بە پشتیوانیی حکوومەتی سوید و پارتی سۆسیال دێموکراتەکان لە خەڵکی ئێران و کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد.
سۆسیال دێموکراتەکان یەکگرتوویی و هاودەنگی حیزبە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان بەرز نرخاند و هیوادار بوون کە ئەو ڕەوتە هەروا بەردەوام بێ.