مای ساتۆ ڕیپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤی ئێران لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥دا، باسی لە دۆخی جێگای نیگەرانیی مافی مرۆڤ لە ئێراندا کرد.
بە وتەی ناوبراو لەمساڵی زایینیدا پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، چوونەسەرەوەی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان و سنووردارکردنی چالاکیی مەدەنی بەشێوەی بێوێنە پەرەی سەندووە.
مای ساتۆ باسی لە پێشێلکارییە مافی مرۆییەکان لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە لە ڕەوتی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕێژیم لە مانگی جۆزەرداندا کرد و دۆخی خەڵکی ئێرانی بە نالەبار لە قەڵەم دا.
ساتۆ باسی لەوە کردووە کە لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕیش نەک هەر دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران نەگۆڕاوە و بەرەو باشتربوون نەچووە، بەڵکوو کەشی چالاکیی مەدەنی و مافی مرۆڤ زیاتر لە هەموو کات سنووردارتر کراوە و بەو هۆیەوە زیاتر لە ٢١ هەزار کەس بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل و سیخوڕی دەسبەسەر کراون.
زانیارییەکانی ڕیپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤی ئێران دەرخەری ئەوەیە کە تەنیا لە ١٠ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥دا، زیاتر لە ١٢٠٠ کەس لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە لە سێدارە دراون.
بە وتەی ناوبراو، هەتا ئێستا زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدانەکانی جیهان لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە جێبەجێ کراوە کە بە شێوەی نێونجی لە هەر ڕۆژێکدا ٣ هەتا ٤ کەس لە سێدارە دەدرێن و ئەوەش لەکاتێکدایە کە تەنیا ٨ لەسەدی ئەو ڕێژەیە لەلایەن ڕێژیمەوە بەشێوەی فەرمی ڕاگەیەندراوە.