هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان لە ئێران، مای ساتۆ ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤ سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاماژەدان بە توندوتیژیی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە بەرانبەر ناڕەزایەتیی هێمانەی خەڵکی ناڕازی، هۆشداریی جیددیی دا و خوازیاری ڕاگیرانی ئەو هەڵسوکەوتە نامرۆڤانەی ڕێژیم لەدژی خەڵکی ئێران بوو.
مای ساتۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی: " لە سەرانسەری ئێراندا ناڕەزایەتییەکان بۆ ماوەی شەش ڕۆژی تەواوە کە درێژەی هەیە و ڕاپۆرتەکان دەرخەری چوونەسەرەوەی ڕێژەی توندوتیژیی هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەت لە دژی ناڕازییانە".
بەپێی نووسراوەی مای ساتۆ، ڕەوتی ناڕەزایەتییەکان خەریکە زیاتر لە ڕۆژرانی ڕابردوو پەرە دەستێنێت.
ئەو بەرپرسەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لە کوژرانی زیاتر لە ٨ خۆپیشاندەر لە ڕەوتی ئەو ناڕەزایەتییانەدا کردووە و ڕایگەیاندووە کە دەبێت بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕێز لە مافی بنەڕەتیی شارۆمەندان لەوانەش ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادیی ڕێکخراوەیی، مافی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی هێمنانە بگرن.
مای ساتۆ ئاماژەی بە ڕەوتی شۆڕشی "ژن، ژیان ئازادی" کردووە و ڕایگەیاندووە کە "ئەو هەڵسوکەوتە توندوتیژانەی لە ڕەوتی ئەو شۆڕشەدا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بینرا نابێت چیتر دووپات بێتەوە".
شایانی باسە لە دوای ئەو نووسراوەی ناوبراو، نووسینگەی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەڵوێستێکی جیاوازدا لەبارەی ئاڵوگۆڕی ئەم دواییانە لە ئێران باسی لە ڕاپۆرتی پێوەندیدار بە هەڵسوکەوتی توندوتیژانە دژی خۆپیشاندەران کرد و نیگەرانیی خۆی لەو بارەوە دەربڕی.