
ئاشق ئیسماعیلی
ڕۆژی ٢٠ی بەفرانباری ئەمساڵ، ڕۆژنامەی کوردستان، ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێ دەنێتە هەشتا و یەکەمین ساڵی تەمەنی خۆیەوە. هەشتا ساڵ پێش ئێستا، لەوەها ڕۆژێک و لە بارودۆخێکی زۆر جیاواز و مێژووییدا، یەکەم ژمارەی ئەو ڕۆژنامەیە، لە شاری مەهاباد، ئەو شارەی کە نێزیکەی دوو حەوتوو دواتر کۆماری کوردستانی تێدا ڕاگەیەندرا، دەرچوو.
هەڵبژاردنی ناوی "کوردستان" بۆ بڵاوکراوەیەکی ئەوتۆ و دە کات و ساتێکی ئاوا ناسکدا بە هەڵکەوت نەبوو. ناو دەبێ هەڵگر و دەرخەری ئەو مانا و نێوەرۆکە بێ کە پێی دەناسێنرێ. بەڕاستی ناوی "کوردستان"یش شیاوی ئەو ڕۆژنامەیە بوو، کە دەبوو ببێتە زمانحاڵ و بڵاوکەرەوەی بیری حیزبێکی پێشکەوتووی وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان. حیزبێک کە هەر چەند مانگ پێشتر، بەپێی پێویستی و دەرفەتێکی لەباری مێژوویی کە لە کۆتایییەکانی شەڕی دووهەمی جیهانیدا بۆ کورد ڕەخسابوو، پێکهاتبوو و زۆریشی پێ نەچوو یەکەم کۆماری کوردستانی لە شاری مەهاباد دامەزراند.
دیارە پێشتریش و دواتریش، لەکات و سەردەمی جیاوازی میژووییدا، خەباتکاران و دڵسۆزانی کورد، هێندێک گۆڤار و ڕۆژنامەیان هەر بە ناوی "کوردستان"ــەوە بڵاو کردوونەوە. بۆ نموونە بنەمالەی تێکۆشەری بەدرخانییەکان لە ساڵی ١٨٩٨ی زاینی، لە شاری قاهیرەی میسر کە یەکەم ڕۆژنامەی کوردییان بەناوی "کوردستان" بڵاو کردەوە و ئەو هەنگاوە وەک ڕووداوێکی گەورە لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا دەژمێردرێ و بە ناوی ئەو بنەماڵە گەورەیەوە تۆمار کراوە.
بەڵام ئەم ڕۆژنامە "کوردستان"ـە کە حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، لە بەفرانباری ١٣٢٤دا دەستی بە بڵاوکردنەوەی کرد، هەم لە باری ئەرک و ڕێباز و نێوەرۆک و هەم لەباری بارودۆخ و سەردەم و گرینگیی دەرچوونییەوە شتێکی تازە بوو. ئەمەیان دوانەی دانەبڕاوی ئەو حیزبە بوو، کە لە سەرەتای دەستپێکردنی خەباتی ئەو حیزبەدا لە دایک بوو، و بوو بە بڵیندگۆی بڵاوکردنەوەی بیری ڕزگاریخوازانەی ئەو حیزبە، جێژنی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، ڕێوڕەسمی دووی ڕێبەندان، نوتقی پێشەوا قازی و گەورەپیاوانی کۆمار سەبارەت بە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لەو ڕۆژەدا و هەواڵ و ڕووداوەکانی سەردەمی دەسەڵاتی ئەو کۆمارەی دە لاپەڕەکانی خۆیدا تۆمار کرد. ئەو زمانحاڵە بەوەفا و بەنرخە دوای ڕووخانی کۆماریش لە حیزبی دێموکرات جیا نەبۆوە و تەنانەت ئەو کاتەش کە ئیدی دەرەتان بۆ خەباتی ئاشکرا نەما و ڕۆڵەکانی ئەو حیزبە لە هێندێک قۆناخی تایبەتی و جیاوازی دوای کۆماردا ناچار بوون ڕوو دە خەباتی نەهێنی بکەن، لە حەشارگەکان بە نهێنی لەگەڵی ژیا، شار بەشار و وڵات بەوڵات هاوڕێ و هاوهەنگاوی بوو و لە بارودۆخی خۆش و ناخۆشدا قسەی دڵی وی کرد و بۆچوون و بیری ئەوی هاوار کرد.
کاتێک حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٤دا پێکهات، ڕێبەرانی ئەو حیزبە بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی لەباری ئەو سەردەمە زۆر زوو هەستیان بە ئەوە کرد، کە ئەرکی سەر شانیان لەپێناو خەبات بۆ ڕزگاریی کورد و کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردیدا، زۆر قورسە و ڕاپەڕاندنی ئەو ئەرکە قورسەش وێڕای دامەزراندنی سوپای میللیی کوردستان "هێزی پێشمەرگە" و دامودەزگاکانی بەڕیوبەردنی دەسەڵاتێکی سیاسی، پێویستیی بە هەبوونی ئۆرگانێکی ڕاگەیاندنی بەڕاپەر و هەڵسووڕ هەیە. ئۆرگانێک کە بتوانێ پێوەندییەکی بەردەوام و کاریگەری تەبلیغاتی، ئاگاداری و هەواڵگەیاندن لەنێوان خەڵک و ئۆرگانەکانی دەسەڵات و هەروەها شوێنەکانی دەرەوەی کۆمار پێکبینێ و بیر و ڕای گشتیی خەڵک لە سیاسەت و هەڵسوکەوتی دەوڵەتی کوردی و هەواڵ و ئاڵوگۆڕەکانی نێوخۆ و دەرەوە ئاگادار بکا.
گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەو سەرەدەمە و بە تایبەت ڕۆژنامەی "کوردستان" بڵاوکەرەوەی بیری حیزبی دێموکرات، ئەو ئەرکە گرینگەیان وەئەستۆی خۆیان گرتبوو و بە بەراوەرد لەگەڵ دەرەتان و ئیمکاناتی ئەو سەردەمە، بە چاکی بەڕێوەیان دەبرد.
ئەڵبەت ڕۆژنامەی کوردستان و ئەو گۆڤارانە کە ئاماژەمان بۆ کردن، دەو سەردەمەدا، نەک هەر ببوونە وەسیلەیەک بۆ گەیاندن و بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵ و بەیاننامە و ڕاگەیەندراوانە کە دەسەڵاتی کوردی دەری دەکردن و پێوەندییان بە وەزعی سیاسی و بەڕێوەبردنی حکوومەتەوە هەبوو، بەڵکوو ببوونە مەیدانی خەباتێکی گەش و بێوچانی ئەدەبی، فەرهەنگی و کولتووری، کە لە هەر ژمارەیەکدا، بەرهەمی گەورە نووسەران و شاعیرە بەنێوبانگەکانی وەک هەژار، هێمن، عەتریی گوڵۆڵانی، خاڵەمین و .... یان چاپ دەکردن، بەڵکوو ببوونە فێرگەیەکی کارا بۆ چینی لاوی خوێنگەرم و ئەوینداری زانیاری و فێربوون و بەو شێوەیە زۆر کەسی دیکەش دەو سەردەمەدا پێ گەیشتن، گەشەیان کرد و دواتر لە ئاسمانی ئەدەبی کوردیدا درەوشانەوە.
"سەید محەممەد حەمیدی"، یەکەم سەرنووسەر و بەرپرسی ڕۆژنامەی کوردستان، لە پێوندی لەگەڵ پێویستیی هەبوونی چاپخانە، بڵاوکردنەوەی بیری ئازادیخوازی، دەوری ڕووناکبیری و زانیاری لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی، لە وتارێکدا کە سەردێڕی "ئامانجی ئێمە"ی بۆ دیاری کردووە و بۆتە سەروتاری هەوەڵ ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان، بەڕوونی ئاماژەی بە دەوری گرینگی ئەو بڵاوکراوەیە، لە هەموو بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕووناکبیریی ئەو سەردەمە دا کردووە. ئەمە چەند بڕگەیەکی وتارەکەیە، کە وەک نموونە لێرە دا دەیهێنمەوە:
"لەم کاتەدا کە خاکی کوردستان لە هەموو وەختێک زیاتر، پێویستی فیداکاریی کوڕەکانییەتی. لەو ئانە دا کە هەموو نەتەوەکانی گێتی بۆ ڕاگرتن، بۆ وەدەسهێنانی سەربەستی و ئازادیی خۆیان، وە بۆوەدەسخستنی وەسایلی پێشکەوتنی هاونیشتمانەکانیان دە تەقەلا دان، لەم وەختە دا کە هەموو نەتەوەکانی عالەم غەیرەز سەربەستی و گەورەیی نیشتمانەکەیان، ئامانجێکیان نییە و بە شەو و بە ڕۆژ بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە هەوڵ دەدەن، ئێمە خەریکی چین و ئامانجمان چییە؟...
ئێمە لە زنجیری دیلی ڕزگاریمان بوو و دەستی بەستراومان کراوە و چاوی نوستوومان وەخەبەر هات. کۆمەڵێک لە لاوان و گەنجانی کوردستان کۆ بوونەوە، دەستی برایەتی و یەکییەتییان دا دەس یەک، بێوچان سەعییان بە خەرج دا تا حیزبی دێموکراتی کوردستانیان بە وجوود هێنا و هەر بەرهەڵست و خاینێک کە لە ناو کوردستان دا هەبوو، لەنێویان هەڵگرت. حیزبی دێموکرات لە ماوەیەکی کەم دا توانی لکی خۆی لە تەواوی شارەکانی کوردستانی ئێران بکاتەوە. ئێستا لە کوردستان دا نێوی مەنگوڕ و مامەش و زەرزا دێبۆکری و ... هەر پیتێ کە بۆنی جوداییی لێبێ، ناگوترێ. هەموو بە یەکدەنگ دەڵیین ئێمە کوردین، کوردمان دەوێ. ئێمڕۆ سەرکزیمان بە سەربڵیندی و هەژاریمان بە دەوڵەمەندی و دووبەرەکیمان بە یەکییەتی گۆڕیوەتەوە.
هاونیشتمانانمان بە چاوێک تەمەشا دەکەین و هەموومان بۆ میللەت کار دەکەین و بە زمانی شیرنی کوردی دەخوێنین. ئەخلاقی خراپمان گۆڕیوەتەوە بە ئەخلاقی چاک.
ئێمە کە بە دڵمانا نەدەهات خاوەنی چاپخانە و ئینتیشارات بین، ئەوا بە یارمەتیی خودا نامەی کوردستان داندرا و هەوەڵ ژمارەی بڵاو کرایەوە. ئەم نامەیە کە لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بڵاو دەبێتەوە، دەیەوەێ قەڵایەکی ئاسنین لە ئیتتیحاد و برایەتی بێنێتەبەرهەم، کەبناغەکەی بە زانست و هونەر و لەشساغی داندرابێ ...". (دەقەکە وەک خۆی، بەڵام بە ڕێنووسی ئەمڕۆ نووسراوەتەوە)
لە کۆتایی وتارەکەدا جارێکی دیکەش خەبات لەپێناو یەکیەتیی کۆمەڵ و بەربەرەکانی لەگەڵ هەرچەشنە دووبەرەکی و ڕەوشت و دیاردەیەک کە زیان بە سەربەستی بگەیەنێ، پێی لەسەر داگیراوەتەوە. پیاو حەق بڵێ، ڕۆژنامەی کوردستان لە درێژایی تەمەنی هەشتا ساڵەی خۆی و لە هەموو بارودۆخە خۆش و ناخۆش و جیاوازەکان دا بەو پڕێنسیپانە کە هەر لە ڕۆژی یەکەمی لەدایکبوونییەوە بۆی کراونە بنەما و ڕێباز، وەفادار ماوەتەوە. ئەو پڕێنسیپانەی کە بێجگە لە بڵاوکردنەوەی بیری ڕزگاریی کورد و کوردستان، هەوڵدان بۆ یەکییەتی و یەکهێزی و خەبات و بەربەرەکانی بەدژی خەیانەت بە گەل و وڵات و دیاردە دزێوە کۆمەڵایەتییەکان، شتێکی دیکە نین.
لە کۆتایی و لەم ساتە خۆشەدا پێم خۆشە بڵێم کە منی نووسەری ئەم وتارەش هەست بە شانازی دەکەم کە ساڵانیک، لە ڕۆژە قورس و سەختەکان و گەرمەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان دا، ئەندامی دەستەی نووسەرانی ئەم ڕۆژنامەیە بووم و شەوان و ڕۆژانی ئەو سەردەمەی تەمەنم لەگەڵ وشە و ڕستە و لاپەڕەکانی بردۆتە سەر.
بە بۆنەی ئەو ساڵوەگەڕە پڕ لە شانازییەشەوە، پیرۆزبایی لە حیزبە تێکۆشەرەکەمان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و دەستەی نووسەران و بەڕێوەبەرانی ئێستای ڕۆژنامەکە دەکەم، کە بەڕاستی هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن، تا ڕۆژبەڕۆژ ئەو ڕۆژنامە خەباتکارە خۆشەویستە زیاتر گەشە بکا و جوانتر و رازاوەتر بگاتە دەست خوێنەرانی. هەروەها بەجێیە یاد لە خزمەت و هەوڵ و تێکۆشانی هەموو ئەو خەباتکارە بەوەجانەش " بە نووسەر و وەرگێڕ و کاربەڕێوەبەرەوە" بکەینەوە کە لە دەور و شوێن و سەردەمە خۆش و ناخۆشە جیاوازەکان دا، بەفیداکاری و زەحمەتی خۆیان رۆژنامەکەیان بەسەرپێوە ڕاگرت و گەیاندییانە دەست نەوەی وشیاری ئەمڕۆ.
بێگومان مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی لەبیریان ناکا و ناویان چۆتە دنیای هەرمانەوە.