دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٤(١٧/١/٢٠٢٦)، لە شاری پاریس خۆپیشاندانێکی بەرین لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و چەند لایەنێکی کوردی و ئێرانی و چەندین سەندیکای فەرانسییەوە ڕێک خرا.
ئەم خۆپێشاندانە لەگەڵ جەماوەرێکی زۆری هەزاران کەسی لە کوردستانییان، ئازادیخوازانی ئێران و فەرانسەوییەکان بەرەوڕوو بووەوە و چەندین سێناتۆر و کەسایەتیی ئیداری فەرانسەوی لەو خۆپیشاندانەدا بەشدار بوون و پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئێرانێکی دێموکرات و نەتەوە بندەستەکانی ئێران دەربڕی.
لە بڕگەیەکی دیکەی خۆپێشاندانەکەدا بەڕێز ئەردەڵان عەبدوڵڵاهی بەرپرسی پەیوەندییە کوردستانییەکانی حیزب لە فەرانسە وتەیەکی بە زمانی فەرانسەوی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد کە تێیدا داوای کرد لایەنە پەیوەندیدارە فەرانسەوییەکان سپای پاسداران بخەنە لیستی تێرۆری خۆیانەوە و پاڵپشتی نەتەوە ژێردەستەکان لە ئێران بن.
هەر لە درێژەی خۆپێشاندانەکەدا چەندین کەسایەتیی ئێرانی و فەرانسەوی قسەیان کرد و پاڵپشتیی خۆیان بۆ گەلی ئێران دووپات کردەوە.
لە کۆتاییدا خۆپیشاندەران بە دروشمی شۆڕشگێڕانە و وتنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" هەم بە کوردی هەم بە فەرانسەوی کۆتاییان بە خۆپیشاندانەکە هێنا.