بە مەبەستی پشتگیری لە گەلانی ئێران و مەحکوومکردنی توندوتیژی و سەرکوتی خوێناویی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی دژی خۆپیشاندانە گشتییەکان کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە شاری تۆرکۆی فینلاندد ڕێک خرا.
ئەم کۆبوونەوەیە بە هەوڵی ڕێکخراوی فینکورد و ناوەندی دیالۆگی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو.
لە ئەم کۆبوونەوەیەدا، شەهێن زادئەحمەد، سەرۆکی ڕێکخراوی فینکورد و بەرپرسی پەیوەندییە دێپلۆماسییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە جەختکردنەوە لەسەر دۆخی مەترسیداری مافی مرۆڤ لە ئێران، ڕایگەیاند کە خۆپیشاندانەکان نیشانەی داوای هاوبەشی گەلانی ئێرانن بۆ کۆتاییهێنان بە دیکتاتۆری و گەیشتن بە ئازادی، یەکسانی و دێموکراسین و هیوای هەموو گەلانی ئێران یەک شتە، ئازادی.
زادئەحمەد هەروەها بە ئاماژەدان بە سەرکوتی فراوان و داخستنی ئینتێرنێت و هەوڵی حکوومەت بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان، داوای ئەوەی کرد کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی جیددی پشتگیری لە داوکارییەکانی خۆپیشاندەرەکان بکات.
بەپێی وتەکانی ناوبراو چارەسەری سەرەکی تەنها ئەوەیە کە سیستەمی دیکتاتۆری لا ببرێت و جێگا بە حکوومەتێکی دێموکرات و بنچینەدار بە مافی مرۆڤ بدرێت؛ گۆڕانێک کە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ، خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکان لە ئێران زیاتر لە سێ حەفتەیە بەردەوامن و هەزاران کەس لە ئەنجامی سەرکوتەکان گیانیان لەدەست داوە. لە هەمان کاتدا، داخستنی پەیوەندییەکانی ئینتێرنێت بووەتە هۆی نیگەرانییەکی توند بۆ ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات لەسەر چارەنووسی خێزانەکانیان.