کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمیناری "کۆماریخوازی دەرفەت و ئالنگارییەکان" لە لاهەی هولەند

00:18 - 28 بەفرانبار 2725

ڕۆژی شەممە ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٤(١٧/١/٢٠٢٦)، بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان هەشتا ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان، کۆمیتەی هولەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لاهەی هولەند سێمینارێکی ڕێک خست.

هاوڕێ حەسەن لاوە پێشکەشکاری سێمینارەکە بە هەر دوو زمانی کوردی و فارسی بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و سێمینارەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان پەیامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات بەم بۆنەوە لەلایەن هاوڕێ حەسەن مەجیدی بەرپرسی کۆمیتەی هولەندی حیزبەوە خوێندرایەوە.

لە پانێلی یەکەمدا هەرکام لە کەسایەتییە ئاکادێمیک و سیاسییە کوردستانییەکان دوکتور جەبار قادر لە کوردستانی باشوور و ڕێزدار مەسعوود تەک کەسایەتیی کۆنەکار و دۆستی لەمێژینەی حیزبی دێموکرات لە باکووری کوردستان، وتەکانی خۆیان لە دوو ڕەهەندی جیاواز و کوردستانییەوە پێشکەشی بەشداربووان کرد.

لە بەشی دووهەمی پانێلی یەکەمدا لایەنە کوردستانییەکانی ناوەندی هاوکاری پێکهاتوو لە چواردە حیزبی هەر چوارپارچەی کوردستان لە هولەند و ئەنەکەسە واتە ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستانی ڕۆژاوا پەیامی پیرۆزبایی خۆیان بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندانەوە پێشکەش کرد.

لە پانێلی دووهەمی سێمینارەکەدا دوکتور ئازاد محەممەدیانی بە زمانی فارسی وتاری پێشکەش کرد و لە بەشی دووهەمی ئەم پانێلەشدا کۆمەڵێک لایەنی وەک "کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران"، "حیزبی چەپی ئێران"، "نهاد همبستگی جمهوری خواهان برای سرنگونی جمهوری اسلامی"،  "جبهە دمکراتیک مردمی احواز" و کۆمەڵێک کەسایەتیی سیاسیی ئێرانی پەیامی پیرۆزبایی خۆیان بەبۆنەی ئەم ڕۆژەوە ئاراستە کرد.

لە بڕگەی کۆتاییدا بەشداربووان تێبینی و پرسیارەکانی خۆیان ئاراستە کرد و لەلایەن پانێلیستەکانەوە وڵامیان درایەوە.