
کوێستان نستانی
د. هۆشمەند عەلی
بەشێک لە ژنان بۆچوونیان وایە، دەبێ بزووتنەوەی کورد هەڵگری پڕۆژەیەکی ڕوونی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، کولتووری و کۆمەڵێک پرسی گرنگی دیکەی کۆمەڵگە، یەک لەوان پرسی ژنان بێ، کە بەهۆی مەسەلەی نەتەوەییەوە پەراوێز خراوە. هەر بەو هۆیەوەشەوە حیزبە کوردییەکان ڕێکخراوی ژنانیان هەیە، بەڵام ئەو ڕێکخراوانە لەسەر زەروورەتی کار بۆ پرسی ژنان دانەمەزراون، واتە هیچ کامیان لە کار و پڕۆژەکانیان بۆ پرسی ژنان سەربەخۆ نین و هەرچەندە هەموو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕادەی خۆیاندا کۆمەڵێک ژنیان لە ڕەوتی خەباتدا لەگەڵ بووە و هەموویان باسی یەکسانیی ژن و پیاویان کردوە، بەڵام بە کردەوە ژن لەنێو ڕیزەکانیاندا لە بڕیارداندا بە کردەوە دەسەڵاتیان نەبووە و ڕۆڵێکی لاوەکییان هەبووە و هەیە و پەراوێز خراون. ئەو ژنانەی گەیشتوونەتە دەسەڵاتیش بە چەند هۆکارێک دەسەڵاتیان کز و لاواز بووە و نەیانتوانیوە گۆڕان پێکبهێنن (قادری، ٢٠١٣، ٢٧، ٢٨).
کەسانی یەکەمی نێو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە گرنگینەدان و بەرەوپێشنەبردنی ژنان بۆ ئاستی باڵا، دانیان بەو ڕاستییەدا ناوە. عەبدوڵڵا حەسەنزادە لە میانەی گفتوگۆیەکدا لە گۆڤاری ژنان گوتوویەتی: "دیارە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەرەتای دامەزرانیەوە تا ئەمڕۆ وەک خۆی بایەخی بە مەسەلەی ژنان داوە، ئەگەر تەماشای بەرنامەی حیزب بکەی ماددەی تایبەت هەیە کە دەڵێ: ژن و پیاو لەنێو خێزان و کۆمەڵدا مافی وەک یەکیان هەیە و لە زۆر جێگای دیکەش هەر بۆ ئەوەی تەئکید کرابێتەوە لەسەر مافی ژنان باس کراوە. بۆیە حیزبی دێموکرات بەهۆی هەلومەرجی خەباتی سیاسیی خۆی، پاشان بە دەلیلی قۆناغێکی کۆمەڵایەتی کە کۆمەڵی کوردەواری پێدا تێدەپەڕێ، نەیتوانیوە ئامانجەکانی خۆی و ئەوەی بیروبۆچوونی خۆیەتی لەبارەی ژنانەوە پیادە بکا. بەو حاڵەش پێم وایە نەک حیزبی دێموکرات، ئێمە ئەندامانی حیزبی دێموکرات ڕەخنەمان لەسەرە، ئەو ڕۆحە کە حیزبی دێموکرات داوامان لێ دەکا، ڕۆحی ئیحتیرام بە مافی ژنان، نەیتوانیوە بەتەواوی بەسەر جۆری بیرکردنەوەی هەموو ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا زاڵ بێ (حەسەنزادە، ٢٠٠٢، ٢). گەوهەر شێرخانی دەڵێ: "دیارە لە هەموو کارێکدا بەربەست هەبووە و دەشبێت، لەو ڕێگایەدا زۆر کەند و کۆسپ هەیە دەتوانن ڕێگر بن لە سەرکەوتن و پێشکەوتنی ژنان لە کارەکان. لەگەڵ ئەوەشدا ژنان هەمووکات ڕۆڵێکی بەرچاویان لە جەریانی شۆڕش و خەبات لەنێو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا هەبووە. لە ڕابردوودا بە دەیان ژن لە خەبات و تێکۆشاندا بوون و هەروەها چەندین ژنمان هەیە بووە بە قوربانی، وەک (عەزیمە عوسمانی و فاتمە دلاوەری) و چەندان ژنی تر" (شێرخانی، هەولێر، ٢٣/٦/٢٠٢٤). هەر چۆنێک بێ، دەکرێ دان بەو ڕاستییەش دابنرێ، لەگەڵ ئەوەی لەمپەر لەناو هێزە سیاسییەکان و خودی کۆمەڵگەشدا هەبووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی خودی وشیاریی ژنانیش بەگشتی لە بەرانبەر بەشداریکردن لە پرسە سیاسییەکاندا و نەبوونی ڕێکخراوێکی ڕاستەقینەی ژنان لەو سەردەم و تەنانەت تاوەکوو ئێستاشی لەگەڵدا بێ کە تەنیا وەک پاشکۆیەکی هێزە سیاسییەکان بینراون و دەبینرێن، گرفتی گەورەی بەردەم گەشەکردنی ژنان بوون و هەن و ژنان بۆخۆشیان دانیان بەو ڕاستییەدا ناوە.
لەگەڵ ئەوەی بەربەستەکان زۆر بوون و ژنان لە بڕیاردانی سیاسیدا نەخش و ڕۆڵی ئەوتۆیان نەبووە و ڕێگەیان پێ نەدراوە لە ئاستی پلەی باڵای سیاسی وەک ئەندامی سەرکردایەتی و دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتدا، بەڵام لە هەوڵدان و کارکردن، بەشداریکردن لە بزووتنەوەکان و خەباتی سیاسی و چەکداری و کۆمەڵایەتی و بوارەکانی دیکەی پەروەردەیی و تەندروستی بەردەوام بوون و بێگومان حیزبی دێموکراتی کوردستانیش لە دوای کۆنگرەی چوارەم (١٩٨٠) و لە ساڵانی دواتردا لە کاروباری پێشمەرگەوە چەندین دەستکەوتی گەورەی هەبووە (بەڵگەنامەی کۆنگرەکانی حیزبی دێموکرات لە کۆنگرەی ١-٩، ب١، لا١٩٩). یەکێک لەو دەستکەوتانە لە بواری چەکداری و ڕێکخستن بووە، کە یەکێک لە کۆڵەکەکانی هێزی مرۆیی و پشتیوانیکردنی خەباتی چەکداری لە کوردستان، جەماوەر و چین و توێژە جیاوازەکان بوون، بەتایبەتیش کە بەشێک لە لاوانی کوردستان لە سایەی سیاسەتی کۆماری ئیسلامی چوونەتە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و وەک هێزێکی مرۆیی لەبننەهاتووی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوون (مەحموود، ٢٠١٢، ١٧٧).
یەکێک لەو چین و توێژانەی هاتوونەتە نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ژنان و کچانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون و هیچ چەشنە جیاوازییەک نەبووە لە ڕووی ئەرک و بەڕێوەبردن لە ڕووی کاری چەکدارییەوە. هەروەها بێجگە لە هەستی نەتەوەیی و کارکردن لە بواری تەشکیلاتی بە شێوەی نهێنی لەنێوخۆدا و کاریگەریی ڕێکخراوەکانی لاوان و ژنان لەسەر هاتنی ژنان و کچان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چەند هۆکارێکی دیکە پاڵنەر بووە وەک دیتنی پێشمەرگەی کوڕ و کچ لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. گوڵێ ئیبراهیمی دەڵێ: "پێشتر بەنهێنی وەک ئەندامی حیزب کارم کردوە، بەڵام بەهۆی دیتنی خوشکە خەدیجە مەعزووری و خوشکە سەکینە جەوانمەردی کە هاتووچۆی ماڵی ئێمەیان دەکرد و هەروەها دیتنی پێشمەرگەکان، هەموو ئەوانە بوونە هۆکار و لە ساڵی ١٩٨٧ بە ئاشکرا پەیوەندیم بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە کرد. ئەو کات بنکەی حیزب لە ئاشقۆڵکە بوو، دەکەوێتە قڕناقە و پشت ئاشان واتە دیوی باشووری کوردستان بوو. دوای دیتنی دەورەی نیزامی لە مەڵبەندەکان و هێز و لقەکان سازمان دەدراین و لە گەشتە سیاسی و نیزامییەکان بۆ نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ هێزی پێشمەرگەش دەچووینەوە و لە زۆربەی چالاکییە چەکدارییەکانیش لە بەرەی بەرگریدا بووین. بۆ نموونە: جارێکیان لە کاتی گەڕانەوەماندا بۆ نێوخۆ کە لە "دووسەر و پانەسەر" لە ناوچەی سەردەشت ساڵی ١٩٨٩ بوو تووشی شەڕێکی قورس بووین لەگەڵ دوژمن. فەرماندە هێزەکەمان ئەحمەد نستانی بوو، و لە کاتژمێر ٦ی بەیانی تا ٧ی ئێوارە لە شەردا بووین و بریندارمان هەبوو. دواتر ئەحمەد نستانی هاوشێوەی کوڕەکان بە منی سپارد کە دەبێ لەگەڵ خدر قەڵاتی بریندارەکان بگوازینەوە. لە کاتی ڕۆیشتن و گواستنەوەی بریندارەکان لە کەمین کەوتین، ئەوەش بووە هۆی دابڕانمان لە یەکتری و لە دۆخێکدا بە تەنیا مامەوە کە هیچ شارەزای ئەو ناوچانەش نەبووم. بۆیە بڕیارم دا بگەڕێمە ئەو شوێنەی یەکەم جار لەگەڵ دوژمن دەرگیر بووین و دواتر لەگەڵ پێشمەرگەیەک بە ناوی "خانم" یەکترمان دیتەوە کە خەڵکی سەردەشت بوو. چووینە جادەی پیرانشار - سەردەشت، لە خوار جادەکە چەند کەسێکم بینی وامزانی هێزی ڕێژیمە، لەگەڵ خانم بڕیارمان دا تا کۆتایی شەڕ بکەین و گوللەیەکیشمان وەک (زاپاس) دانا بۆ ئەو کاتەی توانای شەڕمان نەما خۆمان بکوژین و بە زیندوویی نەکەوینە دەست دەوڵەت. لە کاتێک ویستم تەقە بکەم دیتم پێشمەرگە بریندارەکانن کە حەوت پێشمەرگەیەک دەبوون. یەکمان گرتەوە و دواتر توانیمان لە ڕێگەی کۆمیتەی سەردەشت و هێزی گیاڕەنگ بریندارەکان بگوازینەوە" (ئیبراهیمی، کۆیە، ٤/٧/٢٠٢٤).
هاوڕێ ئیسماعیلی دەڵێ: "کاتێک ساڵی ١٩٨٣ پەیوەندیم بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە کردوە، لە ڕێگەی دیتنی چەند پێشمەرگەیەک لە ناوچەی پیر محەممەدی بۆکان بوو. چەند کەس لەو پێشمەرگانە وەستا ئەحمەد و چرچەی بارام میرزا و ئەحمەد نوورە بوون کە لەگەڵیان کەوتم و هاتمە نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان. ئەو کات هەر کوڕ و کچێک تەمەنی لە خوار هەژدە ساڵان بووایە دەنێردرا بۆ یەکیەتیی لاوان و لەوێ پەروەردە دەکرا تا تەمەنی یاسایی خۆی، بۆیە بۆ ماوەی سێ مانگ لەوێ مامەوە و دواتر نێردرام بۆ دەورەی نیزامی، و وەک یەکەم ئەرک دەبوو دەورەی نیزامیم ببینیایە. بۆیە ئەو دەورەیەم تەواو کرد و بە خەباتی چەکداری دەستم پێ کردوە" (ئیسماعیلی، کۆیە ٢٣/٦/٢٠٢٤). هەر لە بواری چەکدارییەوە یەکێکی دیکە لەو ژنانە خورشیدە ڕەسوڵی دەڵێ: "پەیوەندیکردنم بە حیزبی دێموکراتەوە بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری نێوخۆیی وەک زوڵم و زۆرداری، چەوسانەوەی کوردەکان و کوشتنی خەڵکی بێ دیفاع لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە کە بەشێکیان لە نزیکانی خۆمان بوون، ئەوانە هەموو هۆکار بوون کە ساڵی ١٩٨٩لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتمە نێو ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگە و حیزبی دێموکرات. دوای ئەوەی بۆ ماوەی سێ مانگ دەورەی نیزامیم دیت، لەگەڵ فاتمە دلاوەر و مریەم ڕەحمانی دراین بە مەڵبەندی (سپی سەنگ) و لە لقی دوو سازمان دراین کە ئەو کات مەڵبەندی سپی سەنگ سێ لقی هەبوو. ئەو ژن و کچانەی بەیەکەوە کارمان کردوە نزیک بە ٢١ کچ بووین و سەرلکی ئێمە واتە کچەکان عەزیمە عوسمانی بوو کە تەنیا پێنج کلاس خوێندەواریی هەبوو. عەزیمە هەتا هاتبووە نێو ڕیزەکانی حیزب دوو تا سێ جار لە لایەن دەوڵەتەوە گیرابوو، و کچێکی زۆر بەتوانا بوو" (ڕەسووڵی، کۆیە، ٣٠/٦/٢٠٢٤).
هەروەک دەبینرێت، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لە بواری چەکداریدا لەنێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا کاریان کردوە، لەو بارەوە گوڵێ ئیبراهیمی و گەوهەر شێرخانی دەڵێن: "سەرەتا هاتنمان، بوونمان بە پێشمەرگە کچمان زۆر بوو لە هێزە جیاجیاکان، ئەو کات ئەوەندەی دەمانناسین و بەگشتی بەیەکەوە کاری چەکداری و سیاسیمان دەکرد نزیک بە ٢١ کچ لەنێو ڕیزەکاندا بووین. بەشێک لەو کچانە بریتی بوون لە: مریەم عەزیزی، مەلەک پیرۆتی، خورشید، مریەم ڕەحمانی، سەید سەعیدە خالیدی (لەیلا)، فەوزیە، زارا، زوبێدە، ئایشە، کافیە، ئێران، عەزیمە عوسمانی، فاتمە دلاوەری. لەو کچانە چوار کەسیان شەهید بوون وەک: زوبێدە، عەزیمە عوسمانی، فاتمە دلاوەری و سەید سەعیدە خالیدی کە بە لەیلا بانگمان دەکرد" (ئیبراهیمی، کۆیە، ٤/٧/٢٠٢٤؛ شێرخانی، هەولێر، ٢٣/٦/٢٠٢٤). جێگای خۆیەتی ئەوەش بخرێتەڕوو، کە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی ڕۆڵیان لە خەباتی چەکداری و سیاسی و ڕێکخستنەوە بە شێوەی جۆراوجۆر سێدارە، ئەشکەنجەیان لە قۆناغی بەرگریدا ئەزموون کردوە. زۆرجار لەو پێناوەدا گیانیان سپاردووە.
نموونەی ئەو ژنانەی زانیاریی ورد لەسەر چۆنیەتیی شەهیدبوونیان لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەکاندا بەردەستە فاتمە دلاوەر و عەزیمە عوسمانین کە ساڵی ١٣٦٩ لە ناوچەی لاجانی پیرانشار لە ئاوایی "خورینج" کاتێک پێشمەرگەکان کەوتوونەتە بۆسەوە گیانیان سپاردوە (سەمەدی، ٢٠٠٩، ٥٨). هەر لەم بارەوە خورشیدە ڕەسووڵی کە لەگەڵ ئەو گەشتە سیاسی و نیزامییەدا بووە، دەڵێ: "لە گەشتێک ساڵی ١٣٦٩ بۆ نەغەدە کردمان، چەندین جار ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕێژیم بووینەوە و لە کاتی ڕۆیشتنمان بۆ شاخەکانی ماسوێ لە بۆسەیەک کەوتین. لێیان وەدەست هاتین و بە سەریاندا سەرکەوتین و هێزەکەمان هەشت دیلی لە هێزەکانی ڕێژیم گرت و دواتر بۆ ماوەی دوو شەو و ڕۆژ لە بەردەکانی (خورینج) ماینەوە. دواتر جارێکی دیکە لە بۆسەی ڕێژیم کەوتینەوە، بەڵام لەو بۆسەیەدا عەزیمە عوسمانی بریندار بوو کە تەحویلی کۆمیتەی شارستانی لاجانمان دا و دوای دوو ڕۆژ هەواڵمان بۆ هات بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی سپاردووە. هەر لەو گەشتە نیزامییەدا لە بەری مێرگان و دوای چەند ڕۆژ لە گەشتەکەمان، لە "خڕە چەوەندەر" جارێکی دیکە لە بۆسەی ڕێژیم کەوتینەوە، هەرچەندە سەرکەوتوو بووین، بەڵام لەگەڵ ڕۆیشتنمان هێزەکانی ڕێژیم بە تۆپ لە ڕیزی پێشمەرگەکانی دا و لەوێدا سێ پێشمەرگەمان دەستبەجێ گیانیان سپارد و حەوت پێشمەرگەمان بریندار بوون، بۆخۆم و مریەم ڕەحمانی بریندار ببووین، کاتێک بۆ دواوە گەڕامەوە دیتم فاتمە دلاوەر لەگەڵ ڕەحیم سێلوێیی کە خۆشەویستی یەکتریش بوون، پێکەوە شەهید ببوون. هەرچەندە ویستمان هەرچۆنێک بێ فاتمە دلاوەر ببەین و بەجێی نەهێڵین، بەڵام نەمانتوانی هیچیان بۆ بکەین، بۆیە لەگەڵ مراد جۆڵا تەنیا ئەوەندەمان پێ کرا بە گەڵای داران دایانپۆشین، هەر بەو هۆیەوە تا ئێستا نازانرێ گۆڕی فاتمە دلاوەر لەکوێیە" (ڕەسووڵی، کۆیە، ٣٠/٦/٢٠٢٤).