
وەرگێڕاوی کوردیی وتارەکەی د. ئاسۆ حەسەن زادە لە ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی
لۆمۆند - یادداشتی شیکاری
ئاسۆ حەسەن زادە، مافناس: "لە ئێران، ڕەزا پەهلەوی بە هیچ شێوەیەک سیمایەکی یەکخەر نییە"
کوڕی دوورخراوەی دوایین شای ئێران کە هێندێک کەس پێیان وایە دەتوانێ پاش کۆماری ئیسلامی دەسەڵات بەدەستەوە بگرێ، لە میدیاکانی فەرەنسادا لە ڕووماڵێکی زۆر ئەرێنی بەهرەمەندە. ڕووماڵێک کە بە بڕوای ئەم مافناسە کوردە ئێرانی-فەرەنسییە، لەگەڵ ئاستی ڕاستەقینەی جەماوەری بوونی ناوبراو لە نێوخۆی ئێران یەک ناگرێتەوە:
کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکێک لە چارەنووسسازترین قۆناغەکانی مێژووی خۆی تێدەپەڕێنێت. نەک تەنیا بزووتنەوەی ناڕەزایەتی هەروا بەردەوامە و بەرین دەبێتەوە، بەڵکوو سەرەڕای ئەو پەردەیەی کە بەسەر ئامرازەکانی پێوەندیدا کێشراوە، وێنەکان وردە وردە دێنە دەرەوە و تەرمی بێگیانی خۆپیشاندەرە کوژراوەکان نیشان دەدەن کە لەسەر زەوی کەوتوون. پێ دەچێ ئەم ئاشکراکردنانە سەرۆک کۆماری وڵاتە یەکگرتووەکان، دۆناڵد ترەمپی هێنابێتە سەر بیرکردنەوە لە کردەوەی سەربازی لە دژی ڕێژیمی ئێران.
لە کەشێکی بەئازاری لەم جۆرەدا، لە کاتێکدا میدیاکانی فەرەنسا دەیانتوانی بیروڕای گشتی بۆ گێڕانی ڕۆڵێکی کاراتری فەرەنسا - لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا ـ بجوڵێنن، نزیک بە تەواوی سەرنجیان لەسەر کەسایەتییەک چڕ کردۆتەوە: ڕەزا پەهلەوی، کوڕی دوورخراوەی دوایین شا، کە وەک بەدیلێکی حاشاهەڵنەگر، ئەگەر نەڵێین تاکە بەدیل، بۆ ڕێژیمی ئیسلامیی دەناسێنن.
ئەم گرنگیدانە بە ڕەزا پەهلەوی تەنیا تایبەت بە فەرەنسا نییە؛ بەڵام لە هیچ جێیەکی دیکە کوڕی شا ڕووماڵێکی میدیایی وەها هانابەخشی بۆ ناکرێ. ئەم دۆخە بیرخەرەوەی پێشینەیەکی مێژووییە کە دەرهاویشتەی قورسی هەبوو: مانەوەی ئایەتوڵڵا خومەینی لە نۆفڵ لۆشاتۆ (ئیڤلین) کەمێک پێش شۆڕشی ١٣٥٧. ئەو گوندە تەنیا پەناگەی دوورخراوەیەک نەبوو؛ بەڵکوو ببووە ناوەندی هەماهەنگیی سیاسی و میدیایی بۆ ئەو. خومەینی لەوێ ڕا لەگەڵ جیهان دەدوا، پێشوازیی لە شاندەکان دەکرد، ناڕەزایەتییەکانی ئێرانی ڕێک دەخست، وێنەیەکی جێی متمانەی لە خۆی دروست دەکرد و بەڵێنی چاک و دڵخۆشکەری دەدا. زۆر کەس باوەڕیان پێ؛ و پاشماوەی چیرۆکەکە هەموو لایەک لێی ئاگادارن.
ڕەزا پەهلەوی سەرەڕای ئەوەی کە مەیلی فەرەنسادۆستانەی هەیە، لەو وڵاتە ناژی. لەگەڵ ئەوەشدا، فەرەنسا هێشتا یەکێکە لەو وڵاتە دەگمەنە ئەورووپیانەی لەوێ تۆڕەکانی لایەنگری پاشایەتی شوێندانەریی بەرچاویان لەسەر میدیاکان و بەشێک لە بژاردە سیاسییەکان هەیە. لە کردەوەدا، چڕبوونەوەی میدیاکانی فەرەنسا لەسەر ڕەزا پەهلەوی شوێنەوارێکی سیاسیی هاوشێوەی ئەوەی دروست دەکات کە کاتی خۆی تیشکی میدیایی لەسەر ئایەتوڵڵا خومەینی لە نۆڤڵ لۆشاتۆ دروستی کرد. لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، کوڕی دوورخراوەی شا بە ئاشکرا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە هەستانەوە جەماوەرییەکان لە ئێران دەرئەنجامی بانگەوازەکانی ئەوە و بەم شێوەیە وا دەردەخات کە بزوێنەری سەرەکیی ئەم جووڵانە بۆخۆیەتی. ئەمە هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ دەستبەسەرداگرتنی بزووتنەوەی جەماوەری؛ بزووتنەوەیەک کە ناوبراو بە ئاگایییەوە هەم فرەچەشنییەکەی و هەم داواکارییە دێموکراتیکەکانی پشتگوێ دەخات.
ئەوەش لەکاتێکدا کە ڕاستیی مەیدانی شتێکی دیکەیە. کۆمەڵگەی ئێران فرەچەشنە و ململانێی قووڵی کۆمەڵایەتی، ئێتنیکی و سیاسی پێیدا تێپەڕ دەبێ. ژنان، لاوان، کرێکاران و بەتایبەت نەتەوە نافارسەکان ـ کورد، بەلووچ، عەرەب، ئازەری ـ ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە ڕاپەڕینی ئێستادا دەگێڕن؛ شتێک کە زۆرجار بە نرخی سەرکوتێکی توند تەواو دەبێت. بەشێکی بەرفراوان لە کۆمەڵگە و بژاردە مەدەنی و سیاسییەکانی نوێنەری ئەوان، بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەگەری سپاردنی بەدیلی سیاسی بە ڕەزا پەهلەوی ڕاحەت نین. بەتایبەتی کوردەکانی ئێران ـ کە لە شێلگیرترین چالاکان و لە هەمان کاتدا لە سەختترین سەرکوتکراوانی ئەو ناڕەزایەتییانە بوون ـ ناوبراو بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕەت دەکەنەوە. ئەوان یان بە دەستپێشخەریی خۆیان و تا ئەو جێگایەی دەگەڕێتەوە بۆ مانگرتنە گشتییەکان، لە وەڵامی بانگەوازی حیزبە سەرەکییە کوردییەکان کە لە چوارچێوەی ناوەندێکی دیالۆگدا کۆ بوونەتەوە، هاتوونەتە سەر شەقام. ئەمانە و زۆر توخمی شیکاریی لەم چەشنە کە بۆ تێگەیشتن لە پێکهاتە و ئامانجەکانی بزووتنەوەی ئێستا بنەڕەتین، تا ڕادەیەکی زۆر لە گێڕانەوەی میدیایی باڵادەست لە فەرەنسادا بە ونی ماونەتەوە.
ئەم پشتگوێخستنە هەم نادادپەروەرانەیە و هەم مەترسیدارە. نادادپەروەرانەیە چونکە کۆمەڵگەی ئێران بۆ ململانێیەکی دوولایەنە لەنێوان ڕێژیمێکی ئیسلامی و میراتگرێکی ڕێژیمی پاشایەتیی کە وەک هێمای دێموکراسی بە خەڵکی دەفرۆشنەوە، بچووک دەکاتەوە. مەترسیدارە، چونکە ئەم ڕاستییە دەشارێتەوە کە ڕەزا پەهلەوی، بەهۆی ئەنجامنەدانی پێداچوونەوەی ڕەخنەگرانە بە میراتی سیاسیی باوکیدا و نەبوونی ڕوانگەیەکی بەڕاستی گشتگیر، بە هیچ شێوەیەک کەسایەتییەکی یەکخەر و خاوەن توانای کۆنترۆڵکردنی جەمسەربەندیی کۆمەڵگەی ئێران نییە. گوتاری ناوبراو کە تەنیا بۆ ڕاکێشانی ڕای گشتیی ڕۆژاوایی داڕێژراوە، وادیارە زیاتر لە هەمووان بژاردە فەرەنسییەکانی هۆگری سیناریۆی گەڕانەوەی پاشایەتی بە شێوازی سەدەی نۆزدەهەمی فەرەنسا سەرسام دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕەزا پەهلەوی لە پێوەندی لەگەڵ جەوهەری مەسەلەکە واتە دێموکراسی، هەروا بە ناڕوونی ماوەتەوە. خراپتر لەوە، بەڵگەنامەکەی ئەو سەبارەت بە قۆناغی گواستنەوە پەردە لەسەر چڕبوونەوەی توندی دەسەڵات، پێگەیەکی کەسیی ناڕوون، و نەبوونی گەرەنتیی بەرجەستە سەبارەت بە فرەیی سیاسی، هاوسەنگییە دامەزراوەیییەکان یان داننان بە مافی هەموو نەتەوەکان و کەمینەکان هەڵدەداتەوە.
مێژووی ئێران نیشانی داوە ئەو گۆڕانکارییانەی لەلایەن تاکە کەسایەتییەکەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێ (تەنانەت ئەگەر ئەو کەسایەتییە لە بەستێنی میدیاییدا کارامە و بەرچاویش بێ)، هاتنەسەرکاری ڕێژیمێکی دێموکڕاتیکی سەقامگیریان لێ ناکەوێتەوە. فەرەنسا بە سەرنجدان بە مێژووی خۆی و ئەوە کە لە دەستووری خۆیدا گەڕانەوە بۆ سیستمی پاشایەتیی قەدەغە کردووە، دەبێ لە بەشداریکردن لە سیناریۆیەکی لەم چەشنەدا خۆی بپارێزێت. پێدانی تریبوون هەمیشە کردەوەیەکی سیاسییە. لە کاتێکدا کە ئێران بە ساتەوەختی زۆر بەئازار و لە هەمان کاتدا چارەنووسسازدا تێدەپەڕێنێت، بەرپرسیارێتیی میدیا فەرەنسییەکان پێش هەر شتێک ئەوەیە کە هێزە ڕاستەقینەکانی گۆڕانکاری ـ بەو شێوەیەی کە لە مەیدانەکەدا بوونیان هەیە ـ بەدیار بخەن.
ئاسۆ حەسەن زادە، مافناسی کوردی ئێرانی-فەرەنسی، جێگری پێشووی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانە.
سەرچاوە: لۆمۆند، ١٧ی ژانویەی ٢٠٢٦