کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپێشاندان لە وڵاتی دانمارک

11:29 - 28 بەفرانبار 2725

ڕۆژی شەممە ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٤(١٧/١/٢٠٢٦) لەلایەن "فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان" لە وڵاتی دانمارک و بە هاوکاریی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و حیزبی خەڵکی بەلووچستان، بە مەبەستی پشتگیری و هاودەردی لەگەڵ خەڵکی کوردستان و ئێران خۆپێشاندانێکی بەرفراوان لە یەکێک لە ناوەندەکانی شاری "کۆپێنهاگ" بەڕێوە چوو.

خۆپیشاندانەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان  لەلایەن بەڕێوەبەر و پێشکەشکاری ئەم خۆپێشاندانە "ئەحمەد ڕەحمانی"یەوە بە زمانی کوردی و فارسی بەخێرهاتنی خۆپێشاندەران کرا و مەبەست لە ڕێکخستنی ئەم خۆپێشاندانەی بۆ بەشداران خستە ڕوو.

 پەیامی فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان بە زمانی دانمارکی لەلایەن "یەڵماز یەلدز"،  پەیامی فێدراسیۆن بە زمانی کوردی لەلایەن "سەلمە ئاکار"، پەیامی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن "کوێستان جەعفەری"، پەیامی "لارس ئەسلان ڕاسموسن" لە پارتی سوسیال دێموکراتەکان، پەیامی شۆرای میللی مقاومەت، پەیامی حیزبی خەڵکی بەلووچستان پێشکەش کران و پەیامێکیش لەلایەن "حەلیمە ئوغوز" ئەندامی پارلەمانی دانمارک لە پارتی (SF)ـەوە پێشکەش کرا.

ناوئاخنی ئەو خۆپێشاندانە چەندین سروودی شۆڕشگێڕی و دروشمی سەرشەقام بوون کە ئێستا لەسەر شەقامەکانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەوترێنەوە.

ئەوەی جێی ئاماژەپێکردنە ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردانی نیشتمانپەروەر و ئازادیخوازانی ئێرانی، نوێنەرایەتیی هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان و چەندین هێز و لایەنی ئێرانی لەم خۆپێشاندانەدا بەشدار بوون و بەدژی کۆماری دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان خستە پاڵ دەنگی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران .

بەشی کۆتایی ئەم خۆپێشاندانە چەند وتەیەک بوو لەلایەن "مەسعود نادری" بەرپرسی کۆمیتە ناوچەی "شیلەندی" حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە کە لە ڕاستای سپاس و دەستخۆشی لە بەشداریی خۆپێشاندەران پێشکەش کرا.

ناڕەزایەتییەکانی ئەم چەند حەفتەی ڕابردوو لە ئێران بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی و کوژران و برینداربوونی هەزاران کەس و ڕاپێچکردنی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ناڕازی بۆ گرتووخانەکان، لە وڵاتانی دەرەوە خەڵک بەشێوەیەکی بەربەرین ڕژاونەتە سەر شەقامەکانی وڵاتان و پشتیوانیی خۆیان لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەردەبڕن و هەستی هاوسۆزی و پشتیوانی تا دێ زیاتر دەبێ.