کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپێشاندان لە شاری ئالبۆرگ لە وڵاتی دانمارک

16:03 - 28 بەفرانبار 2725

ڕۆژی شەممە ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٤( ١٧/١/٢٠٢٦)، بە مەبەستی پشتگیری لە ڕابوونی ڕۆژهەڵات و بەرخۆدانی ڕۆژاوای کوردستان لەلایەن "ماڵی کورد" لە شاری ئالبۆرگ لە وڵاتی دانمارک و بە هاوکاریی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستان، خۆپێشاندانێکی جەماوەری بەڕێوە چوو.

خۆپێشاندەران سەرەتا بە ڕێپێوانێک بە نێو شاری ئاڵبورگدا و بە دانی دروشم، پەیامی خۆیان بە کۆمەڵگەی دانمارکی گەیاند و پاشان لە Budolfi Plads لە ناوەندی ئەو شارە کۆ بوونەوە.

 خۆپێشاندانەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لەلایەن خاتوو ئایدا مەنووچێهریەوە دەستی پێ کرد و دواتر سترانێک لەلایەن بێلا کۆبانییەوە پێشکەش کرا.

پاشان پەیامی هێز و لایەنە سیاسییە کوردەکان بە زمانی کوردی لەلایەن کاک ئەمیر پاڵانی بە زمانی دانمارکی لەلایەن خاتوو دیمەن نەسروڵڵاهییەوە پێشکەش کرا.

لە بڕگەیەکەی دیکەدا پەیامی "ئەنەکەسە" لەلایەن نووسەر و سیاسەتمەدار عومەر ئیسماعیلەوە خوێندرایەوە.

خۆپێشاندانەکە بە دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی خۆپیشاندەران لە ڕابوونی ڕۆژهەڵات و بەرخۆدانی ڕۆژاوای کوردستان و دانی کۆمەڵێک دروشمی شۆڕشگێڕی کوتایی پێ هات.