کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: داهاتووی ئێران لە گرەوی سیستمێکی ناناوەندی و بەشداریی گشت پێکهاتەکاندایە

16:15 - 28 بەفرانبار 2725

 

حەوت حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی کوردستانی ئێران، لە نامەیەکی سەرئاوەڵا بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ، لەوانەش ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆماری ئیسلامییان بە ئەنجامدانی "تاوان دژی مرۆڤایەتی" لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ تۆمەتبار کرد. ئەم حیزبانە داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە، کۆماری ئیسلامی "بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستا و پابەندنەبوون بە هیچ یاسا و پرەنسیپێکی جیهانی" ڕابگرن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان (پژاک)، کۆمەڵە - ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) و سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، واژۆکەرانی ئەم بەیاننامە هاوبەشەن. ڕادیۆ فەردا سەبارەت بە نێوەڕۆکی ئەم بەیاننامەیە و ئەو حیزب و ڕێکخراوانەی واژۆیان کردووە، لەگەڵ خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وتووێژی کردووە.

 

بەڕێز عەزیزی، ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئەم دواییەی ئێران و بەتایبەتی لە کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ دەرکردنی ئەم بەیاننامە هاوبەشە لەلایەن حەوت حیزبی کوردستانییەوە چ گرنگییەکی هەیە و ئایا دەکرێت وەک نیشانەیەک بۆ پێکهاتنی یەکگرتوویی و هەماهەنگیی زیاتر لە نێوان حیزبە کوردییەکاندا سەیر بکرێت؟

لە ڕاستیدا ئەو بزووتنەوەیەی ئێستا لە ئێران، کە سێ هەفتە لەمەوبەر دەستی پێ کرد، بەرفراوانییەکی زۆری هەبوو و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک تێیدا بەشدارییان کرد. کاردانەوەی سیستمی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بەم بزووتنەوەیە، بەتەواوی ئەمنیەتی بوو و بەکردەوە ئێرانی کردە مەیدانێکی نیزامی.

لە کوردستانی ئێرانیش، کاتێک لە ڕەوتی ئەم بزووتنەوەیەدا حیزبەکان داوایان لە خەڵک کرد بە شێوەیەکی کارا ڕۆڵ بگێڕن، خەڵک پێشوازییان لەم بانگەوازە کرد. ڕاستی ئەوەیە کە هەندێک جار ڕووداو و گۆڕانکارییەکان بە شێوەیەک دەچنە پێشەوە کە خێرایی و ڕەوتی ڕووداوەکان کاریگەری لەسەر حیزب و کەسایەتییە سیاسییەکان دادەنێت و لە بنەڕەتدا دەبێت بەو شێوەیەش بێت. من ئەم دۆخە بە باش دەزانم و بە ئەرێنی هەڵیدەسەنگێنم؛ چونکە ئەم حیزبانە لەگەڵ خەڵکی خۆیان و لەگەڵ بارودۆخی نێوخۆی ئێران و بەتایبەتی کوردستانی ئێران، لە پەیوەدیدان و دەتوانن داخوازییەکانی خەڵک بە دروستی نوێنەرایەتی بکەن. بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوو، ڕاستییەکەی ئەوەیە کە جۆرێک لە یەکگرتوویی و هەماهەنگی لە نێوان حیزبە کوردستانییەکاندا لە حاڵی پێکهاتندایە.

 

لەگەڵ ئەوەشدا، کاتێک سەیری لیستی ئەو حیزبانەی واژۆیان کردووە دەکەین، ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئێوە پەیامێک بۆ جیهان دەنێرن کە تێیدا ناوی حیزبێک هەیە کە لە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادایە؛ مەبەستم پژاکە. بوونی ئێوە لە تەنیشت پژاک، لە ڕووی وێنا و سیاسییەوە، نیگەرانتان ناکات؟

لە قۆناغی یەکەمدا، نێوەڕۆکی ئەم بەیاننامەیە گرنگە. لە قۆناغی دووەمدا، ئەو حیزبانەی کە لەم ناوەندی گفتوگۆ بۆ هاوکاری یان ناوەندی دیالۆگی حیزبە کوردستانییەکاندا ئامادەن، مەرج نییە لە هەموو بوارەکاندا هاوڕا و هاوبیر بن. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە لەم چوارچێوەیەدا لەگەڵ ئەم حیزبانە هاوکاری و هەماهەنگی دەکات، هەمیشە تێڕوانین و سیاسەتی سەربەخۆی خۆی هەبووە.

بۆیە ئێمە بەرپرسیار نین لە سیاسەت و شێوازی کارکردنی حیزبەکانی دیکە. ئەوەی لە بارودۆخی ئێستادا بۆ ئێمە گرنگە، ئەوەیە کە یارمەتیی خەڵکی ئێران، بەتایبەتی خەڵکی کوردستان بدرێت کە پێویستیان بە پشتیوانی هەیە. ئەمەش لە ڕێگەی زیادکردنی هەماهەنگی، هاوکاری و یەکگرتوویی نێوان حیزبە کوردییەکانەوە دەکرێت. ئامانجی ئێمە ئەوە بووە کە هەموو حیزبە کوردییەکان ئەم پەیامە بە خەڵک بگەیەنن کە ڕێگای خەبات دژی کۆماری ئیسلامی و کۆتاییهێنان بەم سیستمە، لە گرەوی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان ئەم حیزبانەدایە.

دیارە هەر یەک لەم حیزبانە باوەڕ، بیروبۆچوون و ئایدۆلۆژیای تایبەت بە خۆیان هەیە و ئەمە بەو مانایە نییە کە لە هەموو وردەکارییەکاندا، لەوانە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران، پرسە نێودەوڵەتییەکان یان میکانیزمەکانی داهاتووی سیاسیی وڵات، وەک یەک بیر بکەنەوە و یەکدەنگ بن. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئێستا هەوڵ دەدات هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان لایەنەکان زیاتر بێت، نەک ئەوەی لە هەموو ئەو بابەتانەدا یەکدەنگیی تەواو هەبێت. جارێکی دیکە جەخت دەکەمەوە کە هەم خەڵکی ئێران بەگشتی و هەم خەڵکی کوردستان بەتایبەتی، لە بارودۆخی ئێستادا پێویستیان بەم هاوکاری و هەماهەنگییە هەیە.

 

ڕێگە بدەن جارێکی دیکە ئەم پرسیارە بکەمەوە؛ ئایا دانانی ناوی پژاک لە تەنیشت ئێوە، بە لەبەرچاوگرتنی بوونی لە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانی ئەمریکادا، نیگەرانتان ناکات؟

سیاسەتەکانی ئەو حیزبە پەیوەندیی بە خۆیانەوە هەیە و خۆیان لێی بەرپرسیارن.

 

بەڵام بەهەرحاڵ، کاتێک لە تەنیشت حیزبێک دەوەستن کە بە ناونیشانێکی وا دەناسرێت، ئەمە جۆرێک لە بەرپرسیارێتی و دەرەنجامی سیاسی بۆ ئێوەش دروست دەکات.

لە بارودۆخی ئێستای کوردستاندا، حیزبەکانی بەشدار لە ناوەندی دیالۆگی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە چوارچێوەیەکی هەماهەنگیدان لەگەڵ یەکتر. ئێمە هێشتا نەچووینەتە ناو باسە وردەکان سەبارەت بە نەخشەی سیاسیی ئێستای ئێران و داهاتووی سیاسیی وڵات؛ ئەم بابەتانە لە قۆناغەکانی داهاتوودا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر بمەوێت ئاماژە بەم خاڵەش بکەم، ئەحمەد ئەلشەرع، ڕێبەر یان سەرۆک کۆماری ئێستای سووریە، کاتێک لە لیستی تیرۆریستیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بوو و تەنانەت خەڵات بۆ دەستگیرکردنی دیاری کرابوو، بەڵام ئێستا وەک میوان لە کۆشکی سپی ئامادە دەبێت.

 

واتە هیوادارن کە پژاکیش ڕۆژێک بگاتە پێگەیەکی وا؟

نە، نە، نە. من مەبەستم پاساوهێنانەوە نییە. ئەوەی لە ئێستادا بۆ ئێمە گرنگیی بنەڕەتیی هەیە، ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی نەتوانێت لە ڕیزەکانی خەڵکی کوردستاندا کەلێن و ناکۆکی دروست بکات. ئێمە پڕۆسەیەکی لەو شێوەیەمان لەبەرچاو گرتووە و لەم قۆناغەدا جەخت لەسەر یەکگرتوویی و هاوکاریی نێوان حیزبە کوردستانییەکان دەکەینەوە. لە هەمان کاتدا، تێڕوانینەکانی ئێمە سەبارەت بە ڕەوتی سیاسیی ئێران و داهاتووی ئەو وڵاتە، لە زۆر بابەتدا لەگەڵ یەکتر جیاوازە.

 

لە بەیاننامە بڵاوکراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە کوردستان جارێکی دیکە "نە"یەکی گەورە بە کۆماری ئیسلامی دەڵێت و جەخت لەسەر مافەکانی خۆی، لەوانە ئازادی دەکاتەوە. مەبەست لەم ئازادییە چییە؟ ئایا مەبەست ئازادییە لە چوارچێوەی ئێراندا یان جیابوونەوە، فیدڕالیزم یان شێوەیەکی دیکەی دەسەڵاتداری؟

سیاسەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەتەواوی بەپێی بەرنامەی پەسەندکراوی دوایین کۆنگرەی حیزبە. ئێمە لە چوارچێوەی ئێراندا بەدوای چارەسەرکردنی پرسی کوردستانی ئێرانداین؛ هەروەک لە ناوی حیزبەکەشدا دیارە.

هەمیشە لە گفتوگۆکانماندا لەگەڵ نەیارانی کۆماری ئیسلامی، لە هەر لایەنێک بن، جەختمان کردووەتەوە کە ئەولەویەتی ئێستای ئێمە، لابردنی سیستمی کۆماری ئیسلامی، دەستەبەرکردنی ئازادی لە ئێران، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئازاد، جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت و جێگیرکردنی سیستمێکە کە لەسەر بنەمای ناناوەندی و بەشداریی هەموو لایەن و جیاوازییە سیاسی، ئایینی و نەتەوەییەکان بەڕێوە بچێت.

پەیامی ئێمە تەواو ڕوونە و بەردەنگەکانی، هەموو خەڵکی ئێران و ڕێکخراو و حیزبە سیاسییە نەیارەکانی ئەم ڕێژیمەن. بۆیە سیاسەتی ئێمە هەر ئەوەیە کە لە چوارچێوەی ئێراندا بەدواداچوون بۆ پرسی کوردستان بکەین. باسکردنی بەردەوامی پرسی دابەشبوون، ئامرازێکە کە کۆماری ئیسلامی بەتایبەتی لە کاتی گوشار و کاتێک کە خەبات لە کوردستان پەرە دەستێنێت، بۆ گرێدانی بزووتنەوەی کوردستان بەم لا و ئەو لاوە بەکاری دەهێنێت.

 

بە شێوەیەکی گشتی، پەیوەندیی خۆتان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی نەیاری کۆماری ئیسلامی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ بۆ نموونە، لەگەڵ کەسایەتی و لایەنەکانی وەک ڕەزا پەهلەوی، ئایا ئەم بەیاننامەیە دەتوانێت ببێتە زەمینەخۆشکەر بۆ هاوکاری؟

تا ئەو جێگەیەی پەیوەندی بە لایەنەکانی نەیاری کۆماری ئیسلامی لە ئاستی ئێراندا هەیە، ئێمە لەگەڵ هیچ لایەنێک دوژمنایەتییمان نییە، هەرچەندە جیاوازیی بیروڕا لە نێوانماندا شتێکی سروشتییە. ئەوەی تا ئێستا ئاڵتەرناتیڤ یان سیستمێکی جێگرەوەی دیاریکراو لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا دروست نەبووە، جێگای داخە. ئێمە لە ڕابردوودا لەگەڵ ئەم لایەنانە لە پەیوەندیدا بووین، گفتوگۆمان هەبووە و لە داهاتووشدا ئەم ڕەوتە درێژە پێ دەدەین.

بزووتنەوەی بەرفراوانی خەڵک لە ئێران و کوردستان، پەیامێکی ڕوونی بە هەموو ڕێکخراو، حیزب و کەسایەتییە سیاسییەکان داوە: خەڵک لەسەر شەقامەکانن، بەڵام ئەوە هێزە سیاسییەکان بوون کە تا ئێستا نەیانتوانیوە بەدیل یان سیستمێکی جێگرەوەی کاریگەر دروست بکەن. هەر بۆیە ئێمە لە داهاتووشدا گفتوگۆ و دانوستانەکان درێژە پێ دەدەین؛ چونکە کۆمەڵگەی ئێران، کۆمەڵگەیەکی جۆراوجۆر و فرەچەشنە و ئەم واقیعە دەخوازێت کە لەسەر بنەمای قبووڵکردنی ئەم جیاوازییانە، لەگەڵ لایەنە جیاوازەکاندا بچینە ناو گفتوگۆوە.