کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمیناری ٢ی ڕێبەندان لە وڵاتی نۆروێژ

16:42 - 28 بەفرانبار 2725

ڕۆژی شەممە ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٤(١٧/١/٢٠٢٦)، بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و نوێنەری حیزب و لایەنە کوردی و ئێرانییەکان، ڕێوڕەسمی ٢ی ڕێبەندان بە شێوەی سێمینار بەڕێوە چوو.

سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان بە تایبەتی شەهیدانی نارەزایەتیەکانی ئەو چەند ڕۆژەی شارەکانی کوردستان و ئێران دەستی پێ کرد.

دواتر پێشکەشکارەکان بەڕێزان خاتوو گەلاوێژ مێهفەر و مەهناز پاڵانی وێڕای بەخێرهێنانی ئامادەبووان داوایان لە کاک عەباس نامی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە نۆرویژ کرد بۆ پێشکەشکردنی پەیامی کۆمیتە.

لە پەیامی کۆمیتەی حیزبدا وێڕای تیشک خستنەسەر زۆر لایەنی کۆماری کوردستان ئاماژە بەوە کرابوو کە: کۆماری کوردستان، پاش هەشتا ساڵ، هێشتا لە بیروهۆشی نەتەوەی کورددا زیندووە. تەمەنی کورتی کۆمار و کۆتایی تراژیک، بەڵام سەربەرزانەی ڕێبەرانی، نەوەی دوای نەوە، ئیلهامدەری خەباتی نەتەوەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بووە. بۆ نەتەوەیەک کە هەمیشە لە مافەکانی بێبەش بووە، ئازادییەکانی پێشێل کراوە و ناسنامەی لە ژێر هەڕەشەی سرینەوە و تواندنەوەدا بووە، ١١ مانگ تەمەنی کورت بەڵام پڕدەستکەوت پڕە لە وانە.

خاڵێکی جەوهەری لە مێژووی کۆماردا، ڕوانگەی دیمۆکراتیکی ڕێبەرانی کۆمارە، کە وێڕای نەتەوەییبوونیان، دیمۆکراسیخواز بوون و ئەوە لە ئەدبیات و وێژمانی کۆماردا ڕەنگی داوەتەوە. کۆماری کوردستان توانیی مۆدێلێک پێشکەش بکات کە تیایدا نەتەوەیەک توانیی بێ هەڕەشە بۆ سەر ئەوانی تر، مافەکانی خۆی بەدەست بهێنێت. هاوکات یەکەم هەنگاویش بوو بۆ نیشاندانی ئەوەی کە دیمۆکراسی لە ئێراندا تەنیا لە ڕێگەی دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات لە نێوان نەتەوەکاندا جێگیر دەبێت. کۆمار لێرەدا نموونەیەکی مێژوویی ئەو پێکەوەژیانەیە.

دواتر سروودێک لەلایەن هاوڕێ هەمزە ئاگووشی بە ناوی "٢ی ڕێبەندان" پێشکەش کرا.

لە بڕگەی دواتردا سێمینارەکەدا و  پەیامی سازمانی خەباتی کوردستان ئێران و پەیامی هاوبەشی "حزب مردم بلوچستان و کمیتەی همبستگی مردم بلوچستان ـ نروژ"  پێشکەش کرا.

دواتر سروودی " ئافەرین قازی محەممەد " لەلایەن هونەرمەندان شێرکۆ مەریوانی و  مێهران میرزا مەحموودییەوە پێشکەش کرا.

دواتر کورتەفیلمێک لەسەر مێژووی کۆماری کوردستانلە ئامادە کردنی مێهدی مێهرپەروەر پێشانی بەشداران درا.

بەشی دیکەی سێمینارەکە بە سروودی "وەتەن" لەلایەن هونەرمەند کاک پیران قادرزادەوە دەستی پێ کرد. 

دواتر بەرێز هاشم ڕۆستەمی باسێکی  لەژێر ناوی " "کۆماری کوردستان، لەمپەرەکانی ئەوکات و دەرفەتەکانی ئێستا" پێشکەش کرد، کە لە باسەکەیدا ئاوڕی لە سێ قۆناغی مێژووی نەتەوەی کورد دابووەوە. سەردەمی شەڕی یەکەمی جیهانی، کۆماری کوردستان و شەڕی دووهەمی جیهانی و سەردەمی ئێستا.

ناوبراو ئاماژەی تایبەتبوونی هەلومەرج لە سەرەمی پێکهێنانی کۆماری کوردستاندا کرد و وتی کە کوردستان لە هەڵومەرجی ئێستادا سازمان دراوە و بە تەشکیلاتی کراوە و لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا هەتا پەیامی ناوەندی دیالۆگ نەدرا کە داوای مانگرتنی گشتی کردبوو، خەڵکی کوردستان تێکەڵ بەو حەرەکەتە ناڕەزایەتییانە نەبوو، مانگرتنێک کە هەموو کوردستان لە ماکۆوە تا ئیلام و لۆڕستانیشی گرتەوە. ئەمە پەیامێکی گرینگی سیاسییە بۆ ئەو لایەنانەی کە دەیانهەوێ لە داهاتووی ئێراندا ڕۆڵیان هەبێ و دەبێ گەورەیی و نەخشی حیزبەکانی کوردستان بزانن .

کۆماری ئیسلامی لە هەڵومەرجی ئێستادا تووشی شکستێکی گەورەی سیاسیی بووە، هەروەها ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران لە ئێستادا بە مەبەستی تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامییە. کوشتنی هەزاران کەس لە خەڵکی ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کەلێنێکی بەرینی خستووەتە نێوان خەڵک و کۆماری ئیسلامییەوە.

هەر لە درێژەی ئەم بەشەی سێمینارەکەدا بەڕێزعرفان ڕەهنموون باسێکی لەژێر ناوی: "هەنگاوەکانی پێشەوا و کۆماری کوردستان بۆ سەرەوەریی نەتەوەیی لە کوردستاندا" پێشکەش کرد.

لە سەرەتای باسەکەیدا ئاماژەی بە سەروەری نەتەوەیی و مافەکانی نەتەوەیی کرد. دواتر باسی لە سەر کەسایەتیی پێشەوا قازی محەممەد کرد کە وەک کەسایەتیەکی ئایینی شارەزایی لەسەر هەموو ئایینە ئیبراهیمیەکان و فەلسەفە هەبووە و چەندین زمانی زانیوە و جگە لەو تایبەتمەندییانە کەسێکی مافناس بووە. پێشەوا قازی محەممەد کاتێک دەڕوا بۆ باکوو نە ڕێبەری حیزبی دێموکرات بوو  نە سەرۆککۆماری کوردستان، وەک وەفدێک لە سەرۆک هۆزەکانی کوردستان دەچن بۆ باکوو، کاتێک باقرۆف داوا دەکات کە کوردستان ناوچەیەکی خودموختار بێ لە حکوومەتی ئازەربایجان، پێشەوا هەر ئەوکات دژایەتیی ئەو فکرە دەکات و دەڵێت چۆن ئازەرییەکان نەتەوەیەکن و مافی چارەنووسی خۆیان هەیە، ئیمەی کوردیش خاوەنی پاشخانی کلتوری، زمانی، فەلسەفین و وەک ئەوان مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆمانمان هەیە و لەو پێوەندییەدا زۆر بە توندی وڵامی باقرۆف دەداتەوە. لە روانگەی قازی محەممەدەوە ئەگەر مافی نەتەوەیی کورد دابین نەکرێ، کورد دەکەوێتە بەر ڕەشەکوژی و توانەوەی کلتوورییەوە.

یەکەم هەنگاوی دوای دامەزرانی کوردستان ئەوە بوو کە پێشەوا سەروەریی بڕیاردانی گەڕاندەوە بۆ نەتەوەی کورد و ئیجازەی بە هیچ وڵاتێک نەدا کە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی کوردستاندا بکات.

دوای دامەزرانی کۆماری کوردستان پێشەوا قازی محەممەد هەوڵی دا کە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان بکات، بە جۆرێک کە کارێکی کرد هەموو سەرۆک هۆزەکانی کوردستان لە دەسەڵاتی بەڕێوەبەری کۆماری کوردستاندا ڕۆڵیان هەبێ، بە شاهیدی مێژوو تا ئیستا هیچکەس لە پارچەکانی کوردستانە نەیتوانیوە ئەو هاواهەنگییە لە نێوان کوردەکاندا بەو شێوە دروست بکات. پێشەوا بەو کارەی ڕەوایی دا بە حکوومەتی کوردستان لە سەردەمی خۆیدا.

جێگای ئاماژەیە کە چەندین حیزب و ڕێکخراو پەیامی پیرۆزبایی و چەپکەگوڵیان بەو بۆنەوە پێشکەش بە کۆمیتەی نۆروێژ کرد کە بریتی بوون لە:

سازمان مجاهدین خلق ایران، کۆمیتەی هاوکاریی هێزە کوردستانییەکان، پارتی دێموکراتی کوردستان، یەکیەتی نیشتمانی کوردستان، پارتی ژیانی ئازاد ـ پژاک، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزب مردمی بلوچستان، کمیتەی همبستگی مردم بلوچستان ـ نروژ، ناوەندی رەوەندی کوردی لە نۆروێژ و ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە نۆروێژ.