ڕۆژی شەممە ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٤(١٧/١/٢٠٢٦)، خۆپیشاندانێک بە هاوکاریی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژاوای کانادا و ماڵی کورد بۆ پشتیوانی لە ڕاپەرینی خەڵکی کوردستان، مەحکوومکردنی جنایەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەروەها پشتیوانی لە کوردانی ڕۆژاوا لە شاری ڤەنکۆڤێری کانادا بەڕێوە چوو.
لە سەرەتای بەرنامەکەدا، بەڕێزان بەیان فەرشی بە زمانی ئینگلیزی و نەشمیل عەبدی بە زاراوەی کوردیی کرمانجی باسیان لە گرینگیی چالاکی کوردانی دیاسپۆرا بۆ پشتیوانی لە ڕاپەرینی خەڵکی کوردستان کرد.
دواتر پەیامی ماڵی کورد لەلایەن بەڕێز حەمە ڕانیە پێشکەش کرا و بەڕێزیان لەو پەیامەدا پشتیوانیی خۆیانی لە خەڵکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا ڕاگەیاند.
پاشان بەڕێز ئیسماعیل ئیبراهیمی، نوێنەری حیزبی دێموکرات لە کانادا پەیامێکی بە زمانی ئینگلیزی پێشکەش کرد و داوای لە دەوڵەتی کانادا کرد کە لە ئاست جنایەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بێدەنگ نەبن.
لە بەشێکی دیکەی ئەو خۆپیشاندانەدا، کاک سوهراب کەریمی بە زاراوەی کوردیی کەلهوری پەیامێکی پێشکەش کرد و باسی لە بەرخۆدانی خەڵکی کورد لە کرماشان و ئیلام لە بەرامبەر هێزەکانی ڕێژیم کرد.
دواتر، پەیامێکی ئینگلیزی لەلایەن ژینۆ كەریمیەوە خوێندرایەوە و ناوبراو لەنێو قسەکانیدا ئاماژەی بە ٤٧ ساڵ سەرکوت و زەبر و زەنگی سەر گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات کرد و داوای یارمەتیی نێودەوڵەتی بۆ خەڵکی بێتاوان لە ئێران و کوردستان کرد.
لە درێژەی ئەو خۆپیشاندانەدا، بەڕێز خودابەخش ڕەئیسی، چالاكی بەلووچ پەیامێکی بە زمانی ئینگلیزی بۆ پشتیوانی لە گەلی بەلووچ و گەلانی دیکەی ئێران خوێندەوە.
لە بەشیکی دیکەی ئەو بەرنامەیەدا، عەگید عومەر لەلایەن كوردانی ڕۆژاواوە چەند وتەیەكی بۆ پشتیوانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕۆژاوای کوردستان پێشکەش کرد.
لە بەشی كۆتایی ئەو خۆپیشاندانەدا بە هاوكاریی پولیسی شاری ڤەنکۆڤێر ڕێپێوانێک لە بەردەم تلویزیۆنی سی بی سی نیووزی کانادا بە دروشمی ئینگلیزی بەڕێوەچوو و داواكارییەک كە بە شێوەی نامە ئامادەكرابوو پێشكەش بەو كانالە كرا.