کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرێوەچوونی خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانیکردن لە ڕاپەڕێنی گەلانی ئێران لە شتووتگارتی ئاڵمان

23:02 - 28 بەفرانبار 2725

ڕۆژی شەممە ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ (١٧/١/٢٠٢٦)، خۆپیشاندانێک لە شاری کۆڵنی ئاڵمان (ڤینا پلاتزی مۆلهایم) بە هاوکاریی پێنج حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو. ئەم خۆپیشاندانە بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی شۆڕش و خەباتی گەلانی وەزاڵەهاتووی ئێران دژ بە هەژاری، بێکاری، گرانی، داڕمانی ئابووری، هەڵاوسانی بێسنوور و سەرلەبەری پێکهاتەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕێک خرابوو.

ئامانجی سەرەکیی ئەم خۆپیشاندانە سەرکۆنەکردنی تاوانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کوشتن و بریندارکردنی خۆپیشاندەران و تاوانەکانی ڕێژیم دژی گەلانی ناڕازی بوو.

ئەم پێنج حیزبە بریتی بوون لە: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان.

لە ماوەی خۆپیشاندانەکەدا، نوێنەری هەر یەک لە حیزب و ڕێکخراوەکان پەیامی سیاسی و شۆڕشگێڕانەی خۆیان پێشکەش کرد. هەروەها، سروودی شۆڕشگێڕانە و نەتەوەیی بڵاو کرانەوە و سیمایەکی بەهێزیان بە خۆپیشاندانەکە بەخشی.

وتاری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن خاتوو فەرمیسک مورادییەوە بە زمانی ئاڵمانی پێشکەشی بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە کرا. لە پەیامەکەدا ئاماژە بە کوشتار، ژێنوساید و تاوانەکانی ڕێژیمی ئێران دژی خەڵک و ناڕازییان کرا و پشتیوانیی حیزب بۆ خەڵکی ڕۆژاوای کوردستان ڕاگەیەندرا. هەروەها، کوشتاری خەڵکی ڕۆژاوای کوردستان بە توندی مەحکووم کرا.

لە کۆتاییدا، بەڕێز کاک سوڵتان گوڵاوی، بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە ئاڵمان، قسەی خۆی پێشکەش کرد و سپاسی تەواوی بەشداربووان و ڕێکخەرانی کرد.

ناوبراو یەکگرتوویی ماڵی کوردی بۆ ڕزگاری بە گرینگترین بنەمای سەرکەوتن زانی و بانگهێشتی تەواوی کۆمەڵگەی کوردیی کرد، بە هەر ئایین و بیر و باوەڕێکی سیاسیی جیاوازەوە، بۆ یەکگرتوویی نەتەوەیی هەوڵ بدەن.