ڕۆژی شەممە ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٤(١٧/١/٢٠٢٦)، لە بەردەم بینای دادگای شاری نەشویل (تەنەسی) ئەمریکا، کوردانی هەر چوارپارچەی کوردستان بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدان و پشتگیری لە بەرخۆدان و خەباتی کوردانی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات، هەروەها بۆ ڕسواکردنی دوژمنانی گەل و نیشتمان گردبوونەوەیەکیان بەڕێوە برد.
ئەم چالاکییە لەژێر ئاڵای پیرۆزی کوردستان بەڕێوە چوو و بەشداربووان پلاکاردی جۆراوجۆریان هەبوو کە پشتگیرییان لە ماف و داواکارییە گشتییەکانی نەتەوەی کورد دەکرد. لەو چالاکییەکەدا، ئەندامانی حیزبی دێموکرات وەک ئەرکێکی حیزبی و نیشتمانی چالاک بوون و بەشدارییان بە شێوەیەکی دیار نیشان دا.
خۆپێشاندانەکە بە خوێندنەوەی سروودی نیشتمانیی ئەی ڕەقیب دەستی پێ کرد، پاشان داوای پشتگیری کوردان لە دەوڵەتی ئەمریکا بە زمانی ئینگلیزی لەلایەن بەڕێوەبەرانی کۆڕەکەوە خوێندرایەوە.
گردبوونەوەکە بە دروشم و دەربڕینی هیوا و ئاوات بۆ یەکڕیزیی ناوخۆیی کوردان کۆتایی پێ هات.