کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمینارێک بەبۆنەی ٨٠ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە بێلژیک

11:29 - 29 بەفرانبار 2725

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی بەفرانبار، ناوەندی ڕەوەندی کوردستان لە برۆکسێل، سێمینارێکی تایبەتی بەبۆنەی ٨٠ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان، لە شاری برۆکسێل پێتەختی بێلژیک، بۆ هەرکام لە بەڕێزان "دارا ناتق" چالاکی سیاسی و "پەروەر ئامەد"، نووسەر و ڕووناکبیر، بە بەشداریی دەیان کەسایەتیی سیاسی و ئاکادێمیک بەڕێوە برد.

سەرەتای سێمینارەکە، بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

لە بڕگەی یەکەمی سێمینارەکەدا، کاک دارا ناتق، باسی لە مێژووی کورتی کۆماری کوردستان کرد و وتی: "هەرچەندە کۆماری کوردستان، ماوەی ٣٣٠ ڕۆژ بەردەوام بوو، بەڵام مێژووییەکی شکۆداری لە مێژووی هاوچەرخی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی نیشتمانیی نەتەوەی کورددا تۆمار کردووە".

دواتر ناوبراو، ئاماژەی بە دەسکەوتە گرنگەکانی کۆماری کوردستان لەوانە: "بەدەستهێنانی ئازادی بۆ نەتەوەی کورد لەو بەشەی کوردستان، گەشانەوەی بواری ڕۆشنبیری لەو ناوچەیەی کوردستاندا، بەفەرمیکردنی زمانی کوردی، خوێندن لە خوێندنگەکانی ژێردەسەڵاتی کۆمار بە زمانی کوردی، هەروەها دەرکردنی چەندین بڵاوکراوەی سیاسی و ئەدەبی و کۆمەڵایەتی لەوانە: ڕۆژنامەی کوردستان، گۆڤاری هەڵاڵە و گڕوگاڵی منداڵانی کورد، و هاواری نیشتمان، گرنگیدان بە بواری ئابووریی کوردستان، هەوڵدان بۆ ساغکردنەوەی بەروبوومی توتنی کوردستان لە سۆڤییەت، سەقامگیری و پاراستنی هێمنی دانیشتووانی کوردستان بەتایبەت لە شارەکاندا، بەشداریی ژنان و لاوان بۆ نێو خەباتی سیاسی و خەباتی نەتەوەیی و دروستکردنی کۆمەڵە و ڕێکخراوی پیشەییی تایبەت بە خۆیان و دەیان دەسکەوتی گەورەی دیکە کرد.

دواتر، بەڕێز دارا ناتق، ئاماژەی بەوە دا، کە کۆمار لە هەنگاوی یەکەمدا لە سەر بنچینەی کوردستانیبوون دامەزرا و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی باوەڕی بە دێموکراسی هەبوو. لە هەمان کاتدا لە نێو خۆیدا هەوڵی یەکڕیزیی نێو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی خۆی دەدا. کۆماری کوردستان پێشکەوتنخواز بوو و هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوە بوو کوردستان لە قافڵەی پێشکەوتن دوا نەکەوێ و لە هەڵسوکەوت لەگەڵ خەڵکی خۆی و تەنانەت دوژمنانی خاوەنی گیانی لێبوردەیی بوو.

دواتر پەروەر ئامەد، ڕووناکبیر و نووسەری ناوداری کورد کە خەڵکی باکووری کوردستانە و پەرتووکێکی تایبەت بە ژیان و بەرسەرهاتی دوکتور سادق شەرەفکەندی بە زمانی تورکی نووسیوە، لەو سێمینارەدا باسێکی تێروتەسەلی لەسەر ژیانی دوکتور شەرەفکەندی هەر لە تەمەنی منداڵییەوە هەتا ڕۆڵ و پێگەی سیاسیی ناوبراو لە نێو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد و حیزبی دێموکراتدا کرد.

بەڕێزیان، زۆر بە وردی باسی لە تایبەتمەندییەکانی د. شەرەفکەندی وەک ڕێبەرێکی مۆدێڕن و شۆرشگێر لە حیزبی دێمۆکرات و بەتایبەتی سەردەمی سکرتێری ناوبڕاو کرد. لایەنێکی تری باسەکەی ناوبراو ئاماژەدان بە تیرۆری ناجوامێرانەی ئەو ڕێبەرەی کورد و هاوڕێیانی بە دەستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو.