کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمینارێک بەبۆنەی ٨٠ ساڵەی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە سوید

12:02 - 29 بەفرانبار 2725

ڕۆژ شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ (١٧/١/٢٠٢٦)، سێمینارێک بۆ ڕێزگرتن لە ٢ی ڕێبەندان یادی ٨٠ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان، لەلایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بە هاوکاریی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەنجومەنی زیندانییانی سیاسیی کوردستانی ئێران، لە "سۆڵنا هاڵڵێن" لە شاری ستۆکهۆڵم پێک هات. 

سێمینارەکە بە بەخێرهێنانی بەشداران لەلایان بەڕێوەبەری بەرنامە "ئازاد بانەیی" دەستی پێ کرد. دواتر سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب لەلایەن کۆڕی سروودی پێکهاتوو لە کۆمەڵێک لە ژنان و پیاوان بە مۆسیقای "جەماڵ فەتحیان" پیشکەش کرا و بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان، بەتایبەت شەهیدانی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خولێک بێدەنگی ڕاگەیاندرا.

لە بڕگەی دواتردا کورتەفیلمێکی بەڵگەنامەیی سەبارەت بە مێژووی کورد و بزووتنەوە ئازادیخوازانەکەی و دامەزرانی کۆماری کوردستان بە زمانی سویدی پیشان درا.

بەڕێوەبەری دیکەی رێوڕەسمەکە خاتوو "ماندانا کاکایی" وێڕای بەخێرهێنانی میوانە سویدییەکان کورتەیەکی لەسەر مێژووی دامەزرانی کۆماری کوردستان بە زمانی سویدی پێشکەش کرد.

هونەرمەندان نارین فەقێ و باوکی، دوو گۆرانی شۆڕشگێڕییان پێشکەش کرد.

لە بڕگەیەکی دیکەی رێوڕەسمەکەدا، هاوڕێی بەڕێز کاک "خالید عەزیزی" وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وتارێکی پێشکەش کرد. نێوەرۆکی وتەکانی کاک خالید ئاوڕدانەوەیەک بوو لە مێژووی دامەزرانی کۆماری کوردستان و نەخش و ڕۆڵی شەهید "پێشەوا قازی محەممەد" لە دامەزرانی ئەو کۆمارەدا. هەروەها بەرهەقبوونی ئەو ڕێبازەی شەهید پێشەوا بنیاتی نا، کە تا ئێستاش زیاتر لە هەموو ڕێبازەکانی دیکە لەگەڵ ڕاستییەکان و داواکارییەکانی گەلەکەمان تەبایی هەیە. ناوبراو پەرژایە سەر ڕوونکڕدنەوەی دووبارەی سیاسەت و هەڵوێستەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێوەند لەگەڵ هێزە سەرتاسەری و کوردستانییەکاندا.

 

پەیامی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سوید لەلایان "نیشتمان عەزیزی"، بەرپرسی پێوەندییە کوردستانییەکانی کومیتەی گشتیی سویدەوە خوێندرایەوە.

مامۆستا "ئاشق ئیسماعیلی" شاعیر و وەرگێڕی ناسراوی نێو ڕیزەکانی حیزب شێعرێکی لە وەسفی کۆماری کوردستاندا خوێندەوە  کە بە مۆسیقا هونەرمەند جەماڵ فەتحیان ڕازێندرایەوە.

پەیامی یەکیەتییەکانی ژنان، لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و زیندانییانی سیاسی لەلایان "شلێر حەسەنپوور"، بەرپرسی کۆمیتەی سویدی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە خوێندرایەوە.

لە بڕگەی دواتردا "فردریک ماڵم" ئەندامی پارلەمانی سوید، "ڕیکس داگ" لە حیزبی لیبڕاڵەکانی سوید و دۆستی لەمێژینەی کورد وتارێکی کورتی پێشکەش کرد. ناوبراو وەک هەموو جارێ پشتیوانیی بێ ئەملاوئەولای خۆی بۆ دۆزی ڕەوای کورد دووپات کردەوە. ناوبراو سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئێران، بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کوشتاری دڕندانەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی وەک بەڵگەی حاشاهەڵنەگر بۆ دڕندەیی و خەڵکی نەبوونی ئەو ڕێژیمە دوا و پشتیوانیی لە ڕووخانی ئەو ڕێژیمە کرد و هیوای خواست ساڵی داهاتوو ٢ی ڕێبەندان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێژن بگرن.

نوێنەری حیزبی سۆسیال دێموکراتەکانی سوید "قادر کەسیرگا" لە وتارەکەی خۆیدا وێڕای هێنانە بەرباسی بارودۆخی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان بەگشتی و ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی لەم دواییانەدا، هیوای خواست گەلەمان بتوانێ ئەو ناخۆشی و نەهامەتییانە تێپەڕێنێت و بە ئازادی بگات.

پەیامی لاوانی حیزبی لیبڕاڵەکانی سوید لەلایەن ئانتۆن هۆڵملوند" پێشکەش کرا. ناوبراویش پشتیوانیی لاوانی حیزبەکەی بۆ داخوازییە ڕەواکانی گەلی کورد و بەتایبەت لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بوونە سەنگەرێکی پتەوی بەگژداچوونەوەی کۆماری ئیسلامی و لەم دواییانەدا بە هەزاران کەسیان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە گیانیان  لێ ئەستێندراوە، بریندار بوون یان دەسبەسەر کراون، دەربڕی.

"ئەرکان کۆسێ" کە بۆخۆی کوردە و سەر بە حیزبی سۆسیال دێموکراتەکانی سویدە چەند وتەیەکی کورتی بە زمانی کوردی پێشکەش کرد.

 

"توبیاس تینگسترۆم" لە حیزبی چەپی سوید، وێڕای پیرۆزباییی بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

پەیامی هاوبەشی پیرۆزباییی "کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ" و "همبستگی فراگیر برای آزادی و برابری" بە زمانی فارسی لەلایەن "جەمیلە حەسەنخاڵی"ییەوە خوێندرایەوە.

ئەو حیزب و ڕێکخراوانەی خوارەوە پەیامی پیرۆزباییی ٢ی ڕێبەندانیان بۆ سێمینارەکە ناردبوو، کە وێڕای سپاس بۆ پیرۆزباییەکانیان، بەهۆی کەمیی کات تەنێا نێویان خوێندرایەوە

کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە سوید، پارتی دێموکراتی کوردستان- لێژنەی ناوچەی سوید، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران- کۆمیتەی سوید، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان- کومیتەی سوید، ڕێکخراوی خەباتی کوردستانی ئێران، نوێنەرایەتیی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات، فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان، پارتیا سۆسیالیستا کوردستان (PSK)، دیا کورد، حزب مردم بلوچستان، پارتی دێموکراتی کورد لە سووریە، پارتی دێموکراتی پێشڕەوی کورد لە سووریە، پارتی دێموکراتی کوردستان-باکوور، پارتی وڵاتپارێزی کوردستان، ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستان،  کۆنفیدڕاسیۆنی ڕەوەندی کوردی، ژنانی دیاسپۆڕای کوردستان لە سوید و یەکیەتیی ژنانی کورد لە سوید.

لە بڕگەکانی ئەم رێوڕەسمەدا شانۆی ڕێبەندان لە نووسینی "شەریف فەلاح" و دەرهێنانی "ساڵح بادپەروا" و گۆرانی شۆڕگێڕی لەلایەن هونەرمەند ناریق فەقێ و باوکییەوە و دوو شێعریش لەلایەن شاعیران "حەمید شەریفی" و جەزا  شابازی"یەوە پێشکەش کران.

دوایین بەشی ئەو سێمینارە هونەرمەندی ناسراو و دەنگخۆشی کورد  مامۆستا "ناسر ڕەزازی" بە چەند سروود و گۆرانی شۆڕشگێڕی ڕازاندییەوە، کە لەگەڵ پێشوازیی گەرمی بەشداران بەرەوڕوو بوو.

لە ماوەی بەڕێوەچوونی سیمینارەکەدا هونەرمەند "زاهید حوسێنی" سەرقاڵی کێشانەوەی تابڵۆیەکی تایبەت بە یەکگرتوویی و هاودەنگی هەر چوار بەشی کوردستان بوو. ناوبراو وای بڕیار دابوو ئەو تابڵۆیە لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بفرۆشێ و داهاتەکەشی بۆ هاوکاری بنەماڵەی شەهیدان و بریندارانی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانەی کوردستان تەرخان بکات.  

 

لەلایان وتەبێژی حیزب بەڕێز کاک خالید عەزیزییەوە چەپکەگوڵێکی ڕێز و وەفا، بۆ تەمەنێک خزمەتی مامۆستا ناسر ڕەزازی پێشکەشی ئەو هونەرمەندە گەورەی کورد لە هونەری بەرگریی نەتەوەکەماندا کرا. کاک خالید سروودی "ئافەرین قازی موحەممەد ئافەرین"ی ناوبراوی وەک کارێکی هەرە جوان و بەپێزی ناوبراو وەبیرهێنایەوە کە هەموو ساڵێ لە کاتی یادکردنەوەی دامەزرانی کۆماردا هەموو لایەک دەیڵێنەوە.  

کۆمیتەی گشتیی حیزب لە سوید بە هاوکاریی ڕێکخراوە دێموکراتییەکانی ژنان، لاوان و ئەنجومەنی زیندانییانی سیاسی ئامادەکاریی تەواویان بۆ بەڕێوەبردنی جێژنێکی بەشکۆ بۆ یادی ٨٠ی ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان کردبوو، بەڵام بۆ ڕێزگرتن لە گیانفیدایی و لەخۆبوردوویی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شەهید و بریندار و دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکان بەتایبەت لە پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان شایی و هەڵپەڕکێیان لە بۆنەکە لابرد و بەشی هونەریی بەرنامەکەیان بۆ شێعر و سروود و گۆرانی شۆڕشگێڕی تەرخان کرد.