ڕۆژی شەممە، ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٤، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێکهاتوو: لە سمایل ئیبراهیمی، نوێنەری حیزب لە کانادا، بەیان کوردفەرشی، هاوکاری بەشی پێوەندییەکان و شەهریار ویژە، بە بانگهێشتێکی فەرمی لەگەڵ بەڕێز تێری بیچ، ئەندامی پارلەمانی کانادا و کادری رێبەریی حیزبی لیبراڵی کانادا چاوپێکەوتنێکیان پێک هێنا.
لە سەرەتای چاوپێکەوتنەکەدا، بەڕێز "تێری بیچ" ڕایگەیاند، کە بەوردی بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکانی ئێران و کوردستان دەکات و هاوخەمیی خۆی لەگەڵ نەتەوەی کورد و هەموو گەلانی ئێران دەربڕی.
دواتر نوێنەری حیزب، دۆخی دژواری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی ڕوون کردەوە و داوای کرد پارلەمان و دەوڵەتی کانادا، لە ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا گوشاری زیاتر بخەنە سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و دەستوپێوەندییەکانی لە ناوچەکە و جیهاندا.
هەروەها نوێنەری حیزب داوای کرد، دەوڵەتی کانادا گرنگیی زیاتر بە پرسی نەتەوەکانی ئێران بەتایبەت نەتەوەی کورد بدات و لەو ڕێگەیەوە گوشاری سیاسی و دیپلۆماتیک لەسەر ڕێژیمی تاران زیاد بکات و لەو بارەوە رایگەیاند: "پشتگیریی ئاشکرای کانادا لە ئێرانێکی دێموکرات و فیدراڵ لە داهاتوودا دەبێتە پاڵپشتییەکی بەهێز لە گەلانی ئێران و داهاتوویەکی باشتر بۆ ئەو وڵاتە".
لە بەشێکی دیکەدا، شاندی حیزبی دێموکرات داوای کرد، دەوڵەتی کانادا کاربەدەستانی ڕێژیم و ئەندامانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی سپای پاسداران لە کانادا دەر بکات و دەست بە سەر سەرمایە، مڵک و سامانەکانیان بە قازانجی قوربانییانی دەستی ئەو ڕێژیمدا بگرێت.
لە کۆتاییدا، بەرێز تێری بیچ، بەڵێنی دا لە رۆژانی داهاتوودا، ئەم پرسانە لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی کانادا بخاتە بەرباس و لەو بارەوە لە پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ نوێنەری حیزبدا دەبێت.