کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانێک لە شاری رۆتردامی هولەند

16:20 - 29 بەفرانبار 2725

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خۆپێشاندانێکیان بۆ مەحکوومکردنی توندوتیژی و کوشتوبڕی خەڵکی مافزەوتکراوی ئێران بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بەڕێوە برد.

لەو خۆپیشاندانەدا، هەروەها هێرش بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان لە شاری حەلەب مەحکووم کرا.

جێگای ئاماژەیە، کە ڕێژەیەکی بەرچاو لە کوردانی هەر چوار بەشی کوردستان و نوێنەرانی حیزبە کوردستانییەکان، بە خوێندنەوەی بەیاننامەیەک وێڕای مەحکوومکردنی کردەوەی دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتی کاتیی سووریە دژ بە نەتەوەی کورد لە ڕۆژاوا، پشتیوانیی خۆیان لە هەر دوو بەشی کوردستان دەربڕی.

لەو خۆپیشاندانەدا چەندین دروشمی جۆراوجۆر گوترایەوە و زیاتر لە ٢ کاتژمێری خایاند.

شایانی باسە، هاوکات لە دەیان شار و وڵاتی ئورووپایی، کوردانی هەموو بەشەکانی کوردستان بۆ پشتیوانی لە کوردانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستان خۆپیشاندانی بەربڵاویان بەڕێوە بردووە.

لەو خۆپیشاندانانەدا، ئەندامان و کۆمیتەکانی حیزبی دێموکرات بەشداریی چالاکانەیان بووە.