کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە کوردانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا لە شاری ئەدلایدی ئوسترالیا

16:22 - 29 بەفرانبار 2725

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لەسەر بانگهێشتی کۆمەڵەی کوردی شاری ئەدلاید لە باشوری ئوسترالیا و بە مەبەستی پشتیوانی لە نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستان و پشتیوانی لە ڕاپەرینی ئەم جارەی خەڵکی ئێران بەشێکی بەرچاو لە کوردانی دانیشتووی ئەو شارە لە بەردەم بینای پارلەمانی باشووری ئوسترالیا خۆپیشاندانێک ڕێک خرا.

لە سەرەتای خۆپیشاندانەکەدا، وتاری کۆمەڵەی کوردی ئەدلاید، بە زمانی ئینگلیزی لەلایەن کاک کارۆخ قورغی بەرپرسی کۆمەڵەکەوە پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

 ناوبراو، لە وتارەکەیدا داوای لە سیاسەتمەدارانی پارلەمانی ئوسترالیا کرد، کە هێرشی بێبەزەییانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خۆپێشاندەرانی ئێران بەتایبەت نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها هێرشی سەربازی دەسەڵاتی کاتیی سووریە بۆ سەر ڕۆژاوا مەحکووم بکەن.

لە بەشێکی دیکەی خۆپیشاندانەکەدا، کاک باوە ڕەزایی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتارێکی پێشکەش کرد.

ناوبراو، لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە کۆماری ئیسلامی بۆ درێژەدان بە تەمەنی خۆی دەست لە هیچ تاوانێک دژ بە گەلانی ئێران بەگشتی و نەتەوەی کورد بەتایبەتی ناپارێزێ و لە هێرشە دڕندانەکانی ئەم دواییانەی بۆ سەر خەڵکی سێڤیل لە پارێزگاگانی کرماشان و ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ جارێکی دیکە دەستی بە خوێنی ڕۆلەکانمان سوور بوو.

لە درێژەی وتاری بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات، لە ئوسترالیا ڕوو لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی جیهان و ئوسترالیا  چوار داواکاری پێشنیار کرد کە بریتین بوون لە: کۆتاییهێنان بە پێوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ رێژێمی ئێران، سەپاندنی سزای زیاتر لە دژی بەرپرسان و ڕێبەرانی ڕێژیمی تاران، هاوکاریی نەتەوەکانی ئێران بەگشتی و  نەتەوەی کورد بەتایبەتی لە بواری دابینکردنی تێکنۆلۆژی و ئێنتێرنێتەوە و یارمەتیی نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێران لە بواری گەیشتن بە مافی نەتەوەیی خۆیان.

لە کۆتاییدا، خۆپێشاندەران بە وتنەوەی دروشم بە زمانەکانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی پشتیوانیی خۆیان لە خۆشک و براکانیان لە نێوخۆی کوردستان دەربڕی.