کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوپێشاندانی کوردانی هەموو بەشەکانی کوردستان لە ڕۆگەلاندی نۆروێژ

16:51 - 29 بەفرانبار 2725

ڕۆژی شەممە، ٢٧ی بەفرانبار، لە ناوچەی ڕۆگەلاندی وڵاتی نۆروێژ، خوپێشاندانێک بە بەشداریی کوردانی هەر چوار بەشی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی نۆروێژی بە یەکدەنگی و یەکگرتوویی بۆ پشتیوانی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستان بەڕێوە چوو.

ئەم خۆپیشاندانە بە هاوبەشی چەندین ڕێکخراوی سیاسی، مەدەنی، کوردستانی و نۆروێژی و بە هەوڵ و ماندوویی ژمارەیەک هێز و ڕێکخراوی کوردستانی ڕێک خرابوو.

 دواتر چەندین پەیامی سیاسی لەلایەن ڕێکخراوە کوردستانی و نۆروێژییەکانەوە خوێندرانەوە، کە تێیاندا داوای پشتگیریی کۆمەڵگەی جیهانی بۆ گەیشتن بە ماف و داواکارییە ڕەواکانی نەتەوەی کورد کراوە.

 هەروەها لەو خۆپیشاندانەدا، دروشمی جۆراوجۆر وەک "ژن، ژیان، ئازادی" و "ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەک وڵاتن" لەگەڵ چەندین دروشمی دیکە بە زمانی کوردی و نۆروێژی بەرز کرانەوە، ئەو دروشمانە نیشاندەری یەکگرتوویی، هاوئاهەنگی و ئامانجی هاوبەشی بەشداربووان بۆ پشتیوانی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستان بوو.

بەشداربووانی خوپێشاندانەکە کە لە کوردانی چوار پارچەی کوردستان پێک هاتبوون، بە یەکدەنگی پشتگیری و پشتیوانیی خۆیان لە خۆپێشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دژی ڕێژیمی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی دووپات کردەوە و هەروەها هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژاوا  بەتایبەت ناوچەی حەلەب بە توندی مەحکووم کران.