
شەماڵ تەرغیبی
بەرایی
ڕۆژنامەی "کوردستان" بە ٨٠ ساڵ تەمەن و ٩١٠ ژمارەی وەشان لە دەورەی نوێی خەباتی ڕاگەیاندنی خۆیدا، نەتەنیا تەمەندرێژترین وەشانی کوردییە، بەڵکوو خاوەن تایبەتمەندیگەلێکە کە لە مێژووی وەشانی کورددا بێوێنەیە؛ ٩١٠ ژمارە داهێنان و ٨٠ ساڵ وەشانی پڕ لە کەندوکۆسپ، بەڵام پڕ لە شانازی، "کوردستان"ی کردۆتە تاقانەی ڕۆژنامەکانی کوردی بە چەشنێک کە دەکرێ بڵێین مێژووی "کوردستان" لە ڕۆژی دەسپێکیەوە بە مێژوو و بەسەرهاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە گرێ دراوە و ئەم دووە، دووانەی لێکدانەبڕاون.
ئەوەی کە گرنگی دەداتە دیاردە کۆمەڵایەتی و مرۆیییەکان، هۆی سەرهەڵدان یان بەستێنەکانی پێکهێنانی دیاردەکان نیە، بەڵکوو شوێنەواری ئەو دیاردانەیە لەسەر ڕەوتی کۆمەڵگە و ئەو شوێنەی دیاردەکان تێیدا سەریان هەڵداوە. لەو ڕووەوە دوای ٩١٠ ژمارە وەشان و زیاتر لە ٨٠ ساڵ کاری بەردەوام، گەڕانەوە بۆ دواوە و لێکدانەوەی ڕۆڵی "کوردستان" وەک بەتەمەنترین ڕۆژنامەی کوردی کە لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ، سەرەڕای بوونی پشوودانی کاتی، قەت لە خەبات نەوەستاوە و یارێکی وەفادار و بەئەمەگی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و دەنگێکی ڕاستگۆی بزاڤی نەتەوایەتیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە، کارێکی هەرچەند پێویست، بەڵام دژوارە. بەم پێیە ئاوڕدانەوە لە مێژووی کوردستان، ئاوڕدانەوەیە لە مێژووی پڕ تەنگوچەڵەمەی حیزبی دێموکرات و ڕێبەرایەتیی حیزب و کۆی ئەو تێکۆشەر و نووسەرانەی کە خاوەن قەڵەمی دەربەست بوون و خامەیان بە ڕاستەڕێی خەبات بۆ ئازادی چووەتە سەر تێنووس؛ خەبات بۆ ئازادی لە چنگی بێدادی و گوشاری پۆلیسیی ڕێژیمەکانی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی. لە هەمان کاتیشدا دەکرێ بڵێین ڕۆژنامەی کوردستان یەکێک لە شانازییەکانی حیزبی دێموکرات و خەباتی مافویستانەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە وێڕای ڕۆڵی بەرچاوی لە گەشەدان بە زمانی کوردی بە "ئاوێنەی باڵانوێنی هەڵوێست و سیاسەتەکانی حیزب" دەژمێردرێ.
ڕەنگە بکرێ زۆر تایبەتمەندی بەرجەستە بۆ ڕۆژنامەی کوردستان بخرێتە سەر تێنووس و ڕیزبەندییەکیان لێ ساز بکرێ، لەوانەش بەڵگەنامەیی بوونی ئەم ڕۆژنامەیە، بەکارهێنانی زمانی بەدوور لە تۆمەت وەپاڵدان و سووکایەتی پێکردن و...هتد. بەڵام لەم دەرفەتەدا هەوڵ دەدرێ لە ڕوانینێکی جیاوازتر و بە دوور لە پێداهەڵکوتن و لەسەر بناغەی فاکت و پێوەری ئاوەزمەندانە لەسەر "کوردستان" بدوێین؛ بەم پێیە بەگشتی دەتوانین کوردستان لەڕووی گوتارییەوە بەسەر پێنج گوتار دابەش بکەین یان بە دیوێکی تریدا بڵێین کوردستان لە پێنج ڕەهەندی فکرییەوە کاری کردوە کە بریتین لە:
١. گوتاری خودئاگایی نەتەوەیی (لە قۆناخی دامەزرانی کۆمەڵەی ژ.ک، حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستاندا).
٢. گوتاری نەتەوایەتی - دێموکراتی (لە قۆناخی ڕووخانی کۆماری کوردستانەوە تا سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران)
٣. گوتاری بەرخۆدانی نەتەوەیی (لە قۆناخی هێرشی ڕێژیمی ئاخووندی بۆ سەر کوردستان تا دەیەی ٧٠ی هەتاوی و هاتنەئارای ڕیفۆرمی دەوڵەتی)
٤. گوتاری مافەکانی مرۆڤ (لە ساڵی ١٣٧٦ەوە تا ئێستا).
٥. گوتاری ڕۆشنگەریی سیاسی (لە دەیەی ٧٠ی هەتاوی تا ئێستا).
گوتاری خودئاگایی نەتەوەیی
ئامادەیی حیزبی دێموکراتی کوردستان دوای دامەزراندنی بۆ ڕاگەیاندنی کۆمار، پێویستیی بە ئامادەکردنی بەستێنی هزری لای کۆمەڵگە هەبوو بۆ بەدەستەوەگرتنی مافی چارەنووسی خۆی و گەشەکردنی ناسنامەی هاوبەش لە ڕوانگەی حیزبێکی مۆدێڕن و ڕێکخراوێکی تازەوە کە ئەمە لەدایکبوونی "کوردستان"ی لێ کەوتەوە. لە ماوەی تەمەنی کۆماردا، "کوردستان" وەک تریبۆنی گەیاندنی پەیامی ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات تەنیا وەک "ئۆرگانێکی" کۆمیتەی ناوەندی حیزب کاری نەکردوە، بەڵکوو کەناڵێکی پێوەندیی نێوان کۆماری کوردستان و خەڵکی کوردستان بووە و سیاسەت و ڕووداوەکانی پێوەندیدار بە کۆماری کوردستانی شی کردۆتەوە. لە هەمان کاتیشدا هەوڵی داوە پرسی خودئاگایی نەتەوەیی بەرجەستەتر بکاتەوە؛ بەو واتایە کە ئەگەر تا پێش لە دامەزرانی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان، خەڵک بە کەمی شارەزاییان لەسەر مێژوو، ماف و ئەرکە نەتەوەییەکانیان هەبوو، ئەوا ڕێبەرایەتیی حیزب و کۆمار لە ڕێگەی "کوردستان"ەوە هەوڵی ئەوەیان دا کە بە قەڵەمی ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمە و بە زمانێکی سادە و پاراو تێیان بگەیەنن کە مافەکانیان چییە؟ مێژووەکەیان کامەیە؟ ئەرکەکانیان بەرانبەر بە نیشتمان چین؟
نەسڵی یەکەم یان نەوەی یەکەم کە نەوەی دامەزرێنەری حیزب و پێکهێنەران و یەکەم نووسەرانی ڕۆژنامەی "کوردستان" بوون خاوەنی ئەزموونی "تەحەزوب" و ڕاگەیاندن بەگشتی و ڕاگەیاندنی حیزبی بەتایبەتی نەبوون، بەڵام توانییان بە دانانی بەردی بناغەیەکی بەهێز لەسەر بنەوای بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی کارێک بکەن بۆ ئەوەی ئەمڕۆش و دوای ٨٠ ساڵ، "کوردستان" هەروەها یەکەم چاپەمەنیی بەتەمەنترین حیزبی کوردستان بمێنێتەوە. لەو ڕووەوە دانانی ستراتیژی، داڕشتنی قەوارە و پڕۆسەی بەڕێوەبەری و بڵاوکردنەوەی کوردستان لەو سەردەمەدا جێگای سەرنجە. نەسڵی یەکەم هەروەها ئەرکی داهێنانی یەکەم پەیڤ و زاراوەکانی ڕێنێسانسی بزاڤی نەتەوایەتییان بە ئەستۆ بووە. ٨٠ ساڵ دوای ئەو سەردەمە بە لەبەرچاوگرتنی ئاڵوگۆڕەکانی جیهان و کۆمەڵگەی کوردستان، تێگەیشتن لە قورسایی کاری دامەزرێنەرانی "کوردستان" مرۆڤ دێنێتە سەر ئەو باوەڕەی کە لەو سەردەمەدا چ شاکارێک ئەنجام دراوە.
لەم قۆناغەدا کە کەسانێک وەک سەید محەممەد حەمیدی، هاشم خەلیلزادە، مامۆستا هێمن و زەبیحی، مەلا قادری مودەڕیس و عەلی خوسرەوی وەک نووسەر و بەڕێوەبەر کاریان تێدا کردوە، هەموو هەوڵەکان بریتی بووە لە: بەرزکردنەوەی ئاگایی گشتی کۆمەڵگە و بوونە تریبۆنێکی جێی متمانەی کۆمار. هەروەک چۆن لە یەکەم ژمارەیدا بە ڕێکەوتی ٢٠ بەفرانباری ١٣٢٤ و بە ناونیشانی "ئامانجی ئێمە" دەنووسن:
"لەم کاتەدا کە خاکی کوردستان لە هەموو وەختێک زیاتر پێویستی بە فیداکاریی کوڕەکانیەتی، لەو ئانەدا کە هەموو نەتەوەکانی گیتی بۆ ڕاگرتن، بۆ وەدەستهێنانی سەربەستی و ئازادی خۆیان و بۆ وەدەستخستنی وەسائیلی پێشکەوتنی هاونیشتمانەکانیان لە تەقەلا دەدەن.
لەم وەختەدا کە هەموو نەتەوەکانی عالەم غەیرەز سەربەستی و گەورەیی نیشتمانەکەیان ئامانجێکیان نیە و بە شەو و بە ڕۆژ بۆ گەیشتن بەم ئامانجە هەوڵ دەدەن؛ ئێمە خەریکی چین و ئامانجمان چییە؟
پاش چەندین ساڵ دەربەدەری و سەرکزی و بەند و تێهەڵدانی بێژمار و قوڕبەسەری و هەژاری، لە پاش ئەوەی بە ئیشارەی دوژمنان بە نێوی مەنگوڕ و مامەش و زەرزا و دێبوکری و گەورک و گەلباغی و... کەوتبووینە گیان و ماڵی یەکتر، خوێنی یەکترمان دەمژی و دەرشت و بۆ قازانجی شەخسی خۆمان هیچ شتێکمان نەدەهاتە بەرچاو و هەر خەریک بووین دووبەرەکی و تەفرەقە بخەینە نێو یەکتر، بەکورتی پاش ئەوەی هیچ وەختێک لە بیری هاونیشتمانی خۆماندا نەبووین و لە تەپوتۆزی زەمانە بەغەیری نەفعی خۆمان بیرێکمان نەبوو و دوژمنەکان نەیاندەهێشت بە زمانی خۆمان بخوێنین و لە تیشکی زانستی سەدەی بیستەم بێبەش کرابووین، بیری سەربەستی لە لامان خەیاڵپووچ بوو و ئەوانەش کە بیرێکیان هەبوو کەمبوون، بەتایبەتی غووڵی ئیستیبدادی ڕەزاخان بەجارێک پشتی ئێمەی شکاندبوو.
پیاوە نیشتمانپەروەرەکانی کوردستان یا کوژران یا لە شیراز و تاران و خۆراساندا بەند کرابوون. لەو کاتەدا کە زیللەت و دەربەدەری بە نوقتەی ئاخر گەیشت، خودای بەرز هاتە سەر ڕەحم و بزەی بە ئێمە داهات، شەهریوەری ١٣٢٠ هاتە پێش. ئێمە لە زنجیری دیلی ڕزگاریمان بوو و دەستی بەستراومان کرایەوە، چاوی نوستوومان وەخەبەر هات. کۆمەڵێک لە لاوان و گەنجانی کوردستان کۆبوونەوە، دەستی برایەتی و یەکیەتییان دایە دەست یەک، بێوچان سەعییان بە خەرج دا تا حیزبی دێموکراتی کوردستانیان بە وجود هێنا و هەر بەرهەڵست و خائینێک کە لەناو کوردستاندا هەبوو لە نێویان هەڵگرت؛ حیزبی دێموکرات لە مەودایەکی کەمدا توانی لقی خۆی لە تەواوی شارەکانی کوردستانی ئێران بکاتەوە، ئێستا لە کوردستاندا نێوی مەنگوڕ و مامەش و زەرزا و دێبوکری و... و هەر پیتێ کە بۆنی جیایی لێ بێ ناگوترێ.
هەموو بە یەک دەنگ دەڵێن ئێمە کوردین و کوردمان دەوێ، ئەمڕۆ سەرکزیمان بە سەربڵیندی و هەژاریمان بە دەوڵەمەندی و دووبەرەکیمان بە یەکیەتیی گۆڕیوەتەوە.
هاونیشتمانان، بە چاوێک تەماشا دەکەین و هەموومان بۆ میللەت کار دەکەین و بە زمانی شیرینی کوردی دەخوێنین، ئەخلاقی خراپمان گۆڕیوەتەوە بە ئەخلاقی چاک.
ئێمە کە بە دڵمانا نەدەهات خاوەنی چاپخانە و ئینتشارات بین؛ ئەوا بە یارمەتی خوا نامەی کوردستان داندرا و هەوەڵ ژمارەی بڵاوکرایەوە، ئەم نامەیە کە لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بڵاو دەبێتەوە دەیەوێ قەڵایەکی ئاسنین لە ئیتیحاد و برایەتی بێنێتە بەرهەم کە بناغەکەی بە زانست و هونەر و لەشساغی داندارابێ و بتوانێ دەگەڵ دووبەرەکی و بێدینی و هەموو جۆرە ڕەوشتێک کە بۆ سەربەستی زەرەر بێت بەربەرەکانی بکەین؛ وەها قایم و بەهێز بێت کە هیچ هێزێک نەتوانێ بەربەرەکانی لەگەڵا بکا."
گوتاری نەتەوایەتی - دێموکراتی
نەسڵی دووهەم، کە بە وتەی ڕێبەری شەهید دوکتور قاسملوو، نەسڵی دوای کۆماری کوردستانە، تا سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا، بڕبڕەی پشت و هێزی سەرەکیی حیزب و بزاڤی نەتەوایەتیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە. ئەو نەسڵە جگە لە درێژەدانی ڕێبازی نەسڵی یەکەمی کوردستان، داڕشتنەوەی کوردستان بەپێی ئەزموونەکانی زیاتر لە ٢٥ ساڵ کاری نهێنی و گۆڕانکارییەکانی "حەشیمەتی" و سیاسیی کوردستان بوو. ئەو نەسڵە کە چەندین ساڵ دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان و حیزبی دێموکرات، ڕۆڵی ئەساسیی لە ڕێبەرایەتی و کاروباری حیزبدا دەبینێ، خاوەنی هەندێک تایبەتمەندین کە هەم لە ڕۆژنامەکانی کوردستان و هەم لە بڵاوکراوەکانی دیکەی حیزبیدا بەجوانی بەدی دەکرێن. ئەو نەسڵە هەروەها فیداکارترین نەسڵی حیزبی دێموکرات دەژمێردرێن کە لە ماوەی حکوومەتی دیکتاتۆری پەهلەویدا و لە سەروبەندی شۆڕشی گەلانی ئێران و بەرخۆدانی گەلی کورد دژی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی، دژوارترین دەورانی خەبات و بەڕێوەبەریی شۆڕشیان تێپەڕ کردوە. هەر لەو کاتەدا بەهۆی "حاکمبوونی" جەوی ئایدیۆلۆژی و جیهانی دووجەمسەری، وەشاندنی ڕۆژنامەیەک بە بیری نەتەوایەتی و دێموکراتیک ئەرکی ئەو نەسڵەی لە نەسڵی پێش خۆی، کە ڕکەبەرێکی ئەوتۆی ئایدیۆلۆژی جگە لە دەسەڵاتخوازانی شۆڤێنیست نەبووە، قورستر کردوە.
لەم قۆناغەدا کاروباری چاپ و وەشانی "کوردستان" لەوپەڕی دژواری و سەختیدا بەڕێوە چوو. خەباتی کورد چووە قۆناغێکی نهێنی و کەشێکی تەواو پۆلیسی باڵی بەسەر کوردستان و چالاکانی سیاسی و خەباتکارانی حیزبی دێموکرات کێشا؛ بەشێکی بەرچاوی خەباتگێڕان یان بەنهێنی چالاکییان دەکرد یان ناچار بوون پەڕیوەی باشووری کوردستان و هەندەران بن. هەر ئەمەش وای کرد کە بەشی هەرەزۆری ئەرکەکانی چاپکردنی ڕۆژنامە لەم سەردەمەدا یان بەنهێنی بکرێ یان لە دوورەوڵاتی و ئاوارەیی و بەدوور لە زێد و ژینگەی سیاسی کوردستان؛ هاوشێوەی هەمان قۆناغ کە حیزبی دێموکرات پێیدا تێپەڕیوە. ئەم ئەرکەش تەنیا لە لایەن دڵسۆزان و خەمخۆرانی نیشتمانی کوردانەوە جێبەجێ کرا کە بەرچاوترینیان ڕێبەری شەهیدمان د.قاسملوو بوو کە لە ئورووپاوە ئەم ئەرکەی لەئەستۆ گرت و توانی لەم ماوەیەدا ٢٦ ژمارە لە ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو بکاتەوە کە بە "کوردستان"ی پراگ ناوبانگی دەرکردوە؛ ئەگەرچی ئەم "کوردستان"ە ناوی ئۆرگان یان زمانحاڵی حیزبی دێموکراتی لەسەر نەبووە، بەڵام فکر و پڕۆژەی فکری و دونیابینییەکەی هەر لە دەورووبەری فکری حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە.
گوتاری بەرخۆدانی نەتەوەیی
دوای ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و سەرکەوتنی شۆڕشی ٥٧، تاقمێک ئاخووندی کۆنەپەرەست بەری قوربانی و مایەدانانی تێکۆشەرانی دژبەری ڕێژیمی پاشایەتییان بە تاڵان برد و ئاقار و ڕەوتی خەبات بۆ گەیشتن بە ئازادی و دێموکراسی لە ئێران گۆڕدرا بۆ هاتنەسەرکاری ڕێژیمێکی تۆتالیتەری هاوشێوەی پاشایەتی تەنیا بە جیاوازی جلوبەرگەوە!
ئەم نەهامەتییە نوێیە کە ڕووی لە جوغرافیای سیاسیی ئێران کرد لە ماوەیەکی کورتدا زات و ناخی ڕاستەقینەی خۆی پیشان دا و یەکەم پەلامارەکانیشی بۆ سەر کوردستان و کورد و خەباتکارانی دەست پێکرد؛ لووتکەی جینایەتکارییەکانی ڕێژیمی نوێیش لە فەرمانی بەدناوی جیهادی خومەینی خۆی پیشان دا کە تا ئەوڕۆش ئەم فتوایە کاری پێ دەکرێ.
لەم قۆناغە بەدواوە ئیتر "کوردستان" لە فازێکی نوێدا خۆی بینییەوە و خەباتی ڕۆژنامەوانی خۆی درێژە پێ دا؛ لاوانی کوردستان دوای هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر نیشتمانەکەمان، نەتەنیا ڕۆڵێکی گرنگیان لە بەرخۆدانی شۆڕشگێڕانە دژی داگیرکەر بینی، بەڵکوو بەشێکی بەرچاویان "کوردستان"یان کردە سەنگەری خەباتی ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەوانی خۆیان. ئەو نەسڵە کە پەروەردەکراوی نەسڵی دووهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوون بەشێکی زۆری تا ئەمڕۆش مۆتۆری بزاڤی نەتەوایەتی و ڕاگەیاندنی حیزبی لە نێوخۆ و دەرەوەی حیزب لە ئەستۆیە.
ئەم قۆناغە لە خەباتی "کوردستان" زیاتر بریتی بووە لە: بەهێزترکردنی گوتاری بەرخۆدانی نەتەوەیی؛ بەرخودانێک کە وەک باس کرا لە پاش فەرمانی جیهادی خومەینی بۆ سەر کوردستان و وەک کردارێکی بەرهەڵستکارانە بۆ مانەوەی گەل بڕیاری لەسەر درا. لە ژمارەکانی ئەم قۆناغەدا ئەوەی کە زیاتر بەرچاو دەکەوێ، هەوڵدانە بۆ ڕووماڵکردنی ڕووداوەکانی ڕۆژی جیهان، ناوچە، ئێران، کوردستان و لە هەمان کاتدا لەقاودانی سیاسەتە دژەگەلییەکانی ڕێژیم و جینایەتکارییەکانی لە کوردستان و هەروەها بڵاوکردنەوە و ئاشکراکردنی جیهانبینییە دروست و دەربەستەکانی حیزبی دێموکرات بەرانبەر بە کۆی ڕووداوەکانی سەردەم.
هەر ئەم سیاسەتە کارییەش کە بە زمانێکی سادە و پاراو و ڕووڕاست ڕوو لە گەلی کورد و باقی گەلانی نیشتەجێ لە جوغرافیای ئێران بڵاو دەکرایەوە، لەڕاستیدا بووە هۆکاری پێگەدارتربوونی ڕۆژنامەکە و بەردەوامی تەمەنی کە نەسڵەکانی دواتر خەباتیان تێدا کرد.
گوتاری مافەکانی مرۆڤ
نەسڵی چوارەمی بەڕێوەبەری "کوردستان"، نەسڵێکە کە گەورەبووی دوای حەفتاکان و ئەو کاتەیە کە شەڕی چەکداری وەک مێتۆدی سەرەکی خەبات لە کوردستان ڕاوەستێندرا. نوێنەرانی ئەو نەسڵە کە زۆربەی هەرە زۆریان لاوانی لەدایکبووی سەروبەند یان دوای شۆڕشی ٥٧ن، هەروەها پێگەیشتووی دەستپێکی سەدەی ڕاگەیاندن و ئینفۆرماتیکن.
لە حەشیمەتناسیدا، "نەسڵ" بە خەڵکانێک دەوترێ کە قۆناخێکی ژیانیان پێکەوە دەست پێ کردبێ و بە کۆتاییان گەیاندبێ". لە ڕوانگەی ڕاگەیاندنیشدا "نەسڵ" گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە، چوونكە نەسڵ بۆ نیشاندانی ڕادەی جیاوازیی تاکەکەسی و گرووپی و شیکردنەوەی فەرهەنگ و بەرژەوەندییەکان و کردەوەکان بە ڕادەی جیاوازی "چینایەتی کۆمەڵایەتی" گرنگی هەیە. مەبەست لە نەسڵ مەودای نێوان باوک و دایک و منداڵەکانە کە لە حاڵەتی ئاساییدا ٢٥ ساڵ دەخایەنێ؛ بەڵام لە کوردستاندا لەلایەک بەهۆی شەڕی داسەپاو بەسەر گەلی کوردەوە و لەلایەکی دیکەوە بەهۆی گرفتە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان کە بۆتە هۆی دابەزینی نێونجی تەمەنی خەڵکی کورد و لەلایەکی دیکەوە بەهۆی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان لە ڕێگای کەناڵە جیاجیاکانی پێوەندییەوە، تەمەنی ئاڵوگۆڕی نەسڵەکان بە ١٥ بۆ ١٦ ساڵ دادەبەزێ.
لەو ڕووەوە ئەگەر ئێمە بڕوامان بە بۆچوونی دەروونناسان و کۆمەڵناسان لەمەڕ جۆری جیاوازیی ڕوانگەکان، بیر و هزر و ڕامانەکان و ویستەکانی نەسڵە جیاوازەکان هەبێ، ئەوکات سروشتییە کە، بڕوامان بەوە هەبێ کە هیچ نەسڵێک ئاوێنەی تەواوی ئاواتەکانی نەسڵەکانی پێش خۆی نیە و ناتوانێ خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی نەسڵی پێشووی خۆی هەبێ. نەسڵی یەکەمی "کوردستان" نەسڵی خودموختاریخواز و خوازیاری وەدیهاتنی مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری ئەوکاتی ئێراندا بوو. نەسڵی دووهەم جیا لە خودموختاری خوازیاری چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان و ناعەدالەتییە ئابوورییەکانی کوردستان بوو. بیروباوەڕی ئەو نەسڵە کە گەورەبووی دەورانی شەڕی "ئایدیۆلۆژییەکان" و شەڕی ساردە، لە وتار و بابەتەکانی کوردستانی ئەو سەردەمەدا بە وردی دەبینرێ. نەسڵی سێهەم کە سەرهەڵداوی نەسڵی هۆشیاری نەتەوایەتی دوای ڕووخانی سۆڤیەت و جیهانی "سۆسیالیستی"یە قورسایی زۆرتر بە کێشەی نەتەوایەتی دەدا و کێشەکان ڕادیکاڵتر لە ئاستی خودموختاری و چارەسەری ناوچەیی دەبینێ و خوازیاری ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە سیستەمی سیاسیی ئەمڕۆی ئێرانە و گەڵاڵەداڕشتنێکی نوێی دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان گەلانی پێکهێنەری ئێراندایە. نەسڵی چوارەم جیا لەوە کە گرنگییەکی تایبەت بە کێشەی مافی مرۆڤ، ژینگە و پاراستنی "کەرامەتی ئینسان" دەدات، بەلایەوە شارۆمەندی وڵاتێک بوون "نرخ نیە" بەڵکوو بەهای ژیانی مرۆڤ لە بەدەستەوەگرتنی چارەنووسی خۆی وەک تاک و کۆمەڵ دەبینێ و نرخی شارۆمەندی لە ڕوانگەی نرخی بەها مرۆڤایەتییەکانەوە سەیر دەکا و لای وایە بزووتنەوەیەک دەتوانێ سەرکەوتوو بێ کە ناچار بە دووپاتکردنەوەی مێژوو نەبێ.
گوتاری ڕۆشنگەریی سیاسی
لە دەیەی ٧٠ی هەتاوی بەملاوە، کارگێڕانی "کوردستان" بە وەرگرتنی ئەزموونی نەسڵەکانی پێش لە خۆیان، بە خوێندنەوەیەکی بەرینتر لە ڕووداوەکانی سەردەم و جیهانبینییەکی نوێ کە دەکرێ بڵێین بەهۆی پەرەسەندن و گەشەسەندنی "دەسەڵاتی چوارەم" هاتە ئاراوە و هەروەها بە کەڵکوەرگرتن لە تەکنیکی نوێی سەردەم، هەرچەند لە لانیکەمەکان بوو، توانی شۆڕشێکی نوێ لە کاری ڕۆژنامەوانی بە گوتاری ڕۆشنگەریی سیاسی ئەنجام بدات و بەردێکی نوێ لەسەر بەردەکانی پێشووتر دابنێ. ڕۆشنگەریی سیاسی بەو مانایە کە لە سەردەمی بەریەککەوتنەکان، ئاڵوگۆڕی هاوکێشە ناوچەیی و هەرێمییەکان، ئاڵوگۆڕە خێراکانی دونیای مێدیا و چێبوونی فرەیی لە تێڕوانین و دیدوبۆچوونەکان، کاکڵی ڕاستەقینەی سیاسەتەکانی حیزب وەک خۆی و بێ دەسکاری بگەیەنێتە بەردەنگەکانی و لەنێوان سەدان و هەزاران ڕایەڵکە و مێدیای هەمەڕەنگ و جۆراوجۆر ڕەسالەتی مێژوویی خۆی لە پێوەندی لەگەڵ تێگەیاندنی نەسڵی پێنجەمی کوردستان جێبەجێ بکات.
دواقسە: "کوردستان" کە بەتەمەنترین ڕۆژنامەی کوردی و وەشانی حیزبییە، پردێکی نەپساوەیە لە نێوان نەسڵی دامەزرێنەری حیزبی دێموکرات و نەوەی ئەمڕۆ و دواڕۆژی ئەو حیزبە تا لەلایەک مێژوو دووپات نەبێتەوە و لەلایەکی دیکەوە نەریتە دێموکراتیک و مرۆڤایەتییەکان، نرخە ئەخلاقییەکانی دامەزرێنەرانی حیزب، بەردی بناغەی ئاوەدانکردنەوەی دیدوبۆچوونی نەسڵەکانی دواڕۆژ بێ و سەرەڕای بوونی جیاوازی لە نێوان ویستی نەسڵەکان، بنەما سیاسی، فکری و ئەخلاقییەکانی دامەزرێنەران "کوردستان" ببێتە نەریتێکی بەهاداری ڕێبوارانی ڕێبازی دێموکرات.
زمانی "کوردستان"، وەک وترا زمانێکی پاراو، خەڵکپەسند و جیاواز لە "ڕکەبەرانی" خۆیەتی. پاراوی و خەڵکپەسندی، گەشەپێدانی فەرهەنگی سازان و دیالۆگ، جیاوازییەکە کە "کوردستان" بە گەشەپێدانی دەوڵەمەندتر و حیزبی دێموکرات لە لای کۆمەڵانی خەڵک خۆشەویستتر دەکات. نەریتی ڕاگەیاندنی چاپی لەوەدایە کە پێوەندی نێوان خوێنەر و ڕۆژنامە یەکلایەنەیە، کە لەودا ڕۆژنامە یان دەستەی نووسەران بڕیار لەسەر نێوەڕۆک و جۆری بابەتەکانی بڵاوکراوە لە ڕۆژنامەدا دەدات و ئەرکی خوێنەر تەنیا خوێندنەوەی بابەتەکانە.
ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین، کە درێژەدانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێمە گرێدراوە بە ڕادەی ئازادیی ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان لەنێوان بەڕێکەر (فرستندە) و وەرگری پەیامەکەمانەوە. ئەگەر تا ساڵانی پێشوو پەیڤی یەکلایەنانە نیشانەی بوونی ئۆتۆریتەی سیاسی و فەرهەنگی حیزبێک بوو، ئەمڕۆ نرخی کۆمەڵایەتی هەر حیزب و ڕێکخراوێک بە ئاستی کراوەیی و گوێگرتنی ئەو حیزب و ڕێکخراوە بۆ دەنگەکانی دەرەوەی خۆی و ئەو دەنگانەیە کە حیزبەکە ڕوو بەوانە گرێ دراوە. بۆیە سەرەڕای ئەوەی، کە لەوانەیە ڕەوتی ئازادیی ئاڵوگۆڕی زانیاری خاوەنی خاڵی ئەرێنی و نەرێنی خۆی بێ، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە لەو سەردەمەدا مەرجی مانەوەی کۆمەڵگە و ڕێکخراوەکان گرێدراو بە خۆگونجاندن لەگەڵ ڕۆحی زەمانە، پێویستە ڕاگەیاندنی حیزبیش بەو پێناسەیە نوێ بکرێتەوە و دەرگای گفتوگۆی دوولایەنە لەنێوان خوێنەر و نووسەران و خاوەنانی وەشانی حیزبی بکرێتەوە. ئەم کارە دەبێتە یارمەتیدەرێک بۆ گەشەکردنی دوولایەنانەی حیزب و کۆمەڵگە و نرخە حیزبی و گشتییەکان لە دیالۆگێکی کراوەدا پێکەوە گەشە دەکەن.
***
ژێدەر:
ڕۆژنامەنووسیی کوردی لە سەردەمی کۆماری دێموکراتی کوردستان - د. هیمدادی حوسێن ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ١ قۆناغەکانی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە کوردستانی ئێراندا - شەریف فەلاح