کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی هەشتا ساڵەی کۆماری کوردستان

21:52 - 29 بەفرانبار 2725

مستەفا شڵماشی

لە یادی ئەمساڵی دامەزرانی کۆماری کوردستاندا، هەشتا ساڵ بەسەر تەمەنی ئەو قەوارە نەتەوەییەدا تێدەپەڕێت. لە ڕوانگەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە، ئەم کۆمارە نەتەنیا ڕەوایی (حەقانییەت)ی خۆی لەدەست نەداوە بەڵکوو هەر کوردێکی نیشتمانپەروەر ئاواتەخوازە کۆماری کوردستان جارێکی دیکە بۆ هەمیشە بژێتەوە و ببووژێتەوە. ئێمە لە کاتێکدا یادی هەشتا ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان دەکەینەوە، کە لە سەرانسەری نیشتماندا ڕۆڵە نیشتمانپەروەرەکانمان لە مەیدانی خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانماندا شەهید دەبن، بریندار دەبن، یان دەکەونە نێو سیاچاڵەکانی ڕێژیمە سەرکوتکەر و دژە کوردەکانەوە کە بەسەر خاکی پیرۆزی کوردستاندا زاڵن.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو بەشەی کە کۆماری کوردستانی تێدا دامەزرا، ڕۆڵەکانی کورد لە بەرامبەر ڕێژیمێکی تا سەر ئێسقان دواکەوتوو و تاوانباردا ڕاوەستاون. ڕۆژێک لە مێژووی پڕ ئازارمان تێناپەڕێت کە کۆمەڵێک لە دڵسۆزترین و ئازاترین کوڕ و کچەکانمان لە مەیدانی بەرەنگاربوونەوەدا شەهید نەبن، ئەندامێکی جەستەیان لەدەست نەدەن، یان نەکەونە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە و هەڕەشەی لەسێدارەدانیان لەسەر نەبێت. لە ڕاپەڕینی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە زۆربەی هەرە زۆری ئەو شارانەی کە خۆپێشاندان و مانگرتنیان تێدا بەڕێوە چوو، کوڕ و کچی کورد شەهید و بریندار بوون یان ڕاپێچی زیندانەکان کران. نەک تەنیا شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەیدانی خەباتی دژواری لاوانی کورد بووە لە چل و حەوت ساڵی ڕابردوودا، بەڵکوو لە شارەکانی دەرەوەی کوردستانیش لە هەر شوێنێک لاوێکی کورد هەبێت، جەوهەری خەباتگێڕیی خۆی دەردەخات و لاوانی کورد لە ڕیزی پێشەوەی خۆپێشاندانەکاندان. هەر بۆیەش لە نێو شەهیدانی تاراندا، ئەوەندەی تا ئێستا ئاشکرا بووە، لانی کەم شەش ڕۆڵەی کورد گیانی خۆیان فیدای ئازادی و مافە نەتەوەییەکان کردووە. لە شارەکانی وەک ئیسفەهان، شیراز، کەرەج، لۆردەگان و چەندین شوێنی دیکەش، ڕۆڵەی کورد بووەتە قوربانی.

لە کوردستانیش هەر لە ڕۆژە سەرەتاییەکانەوە؛ لە مەلەکشاهی، ئیلام، کرماشان، ئاودانان، سەلاسی باوەجانی و زۆر شاری دیکە، ڕۆڵەکانی کورد بە کۆمەڵ بوونە قوربانیی دەستی تاوانبارانی کۆماری ئیسلامی. بە دەنگەوەهاتنی بانگەوازی حەوت حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەواوی دوکان و بازاڕی شار و گوندەکانی کوردستان داخران و هەر لە باکووریترین خاڵەوە تا باشووریترین شار و گوندی ڕۆژهەڵات، ئەو مانگرتنە بە شکۆوە بەڕێوە چوو. لە هەموو ئەو چالاکییانەشدا لە ڕاستیدا داوای زیندووکردنەوەی ئامانجەکانی کۆماری کوردستان دەکرا. چونکە کۆماری کوردستان هەرچەندە تەمەنێکی کورتی هەبوو و لە ناوچەیەکی سنوورداری ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دامەزرا، بەڵام مێژوویەکی ئەوەندە پڕ دەستکەوت و پاک و جوانی لە دوای خۆی بەجێ هێشت کە بووە سیمبولی بزووتنەوەی نەتەوەیی و داخوازییە ڕەواکانی گەلی کوردستان.

لە لایەکی دیکەشەوە، بە داخێکی گرانەوە دوای هەشتا ساڵ، دوژمنانی کۆماری کوردستان هەروا لە دژی ماف و ئازادییەکانی نەتەوەی کورد چالاکن. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ڕێژیمێک لەسەر کارە کە هیچ مافێک بە فەرمی ناناسێت؛ خۆی بە نوێنەری خودا لەسەر زەوی دەزانێت و پێی وایە خەڵک "بەندە"ن و ئەویش "ویلایەت"ە و کۆیلایەتی بۆ ویلایەتەکەی بە ئەرکێکی ئایینی دادەنێت. لەوەش خراپتر، ئۆپۆزیسیۆنی نەتەوەی باڵادەست لە ئێراندا، زیاتر لە ڕێژیم دژی ماف و ئازادییەکانی نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکەی غەیرە فارسە؛ بۆیە لە هیچ گۆڕانکارییەکدا ناتوانرێت پشتیان پێ ببەسترێت بۆ ئاوڕدانەوە لە مافی نەتەوەکانی ئێران. ئێستا تەنانەت زۆربەی چالاکوانان و کەسایەتییە ئەکادیمی و سیاسییەکانی نەتەوەی باڵادەست (فارس) لە دەرەوەی وڵاتیش، خەریکن لە پشت کەسێک ڕادەوەستن کە تەنانەت زمانی نەتەوە غەیرە فارسەکان، بە تایبەت نەتەوەی کوردیشی قبووڵ نییە. جگە لەوەش، ئەو کەسەی کە ڕەزا پەهلەوییە، میراتگری بنەماڵەیەکی دژە گەلییە کە لە هەردوو سەردەمی دەسەڵاتداریدا، چ لە سەردەمی ڕەزا شا و چ لە سەمی محەممەدڕەزا شادا، دەستی بە خوێنی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد سوورە. لەسەر دەستی ئەوان چرای تەمەنی کۆماری کوردستان کوژایەوە و کارەسات بەسەر شۆڕشی ئەیلوولدا لە باشووری کوردستان هات.

لە سەردەمی ئەو باوک و کوڕەدا بوو کە سمکۆی شکاک بە فێڵ و تەڵە شەهید کرا. کۆماری کوردستان ڕووخێندرا و پێشەوا قازی محەممەد، سەیفی قازی و سەدری قازی لە سێدارە دران. چەندین ڕێبەری کورد لە عەشیرەتی فەیزوڵڵابەگیی سەقز و لە بۆکان لە سێدارە دران. ئەو چوار ئەفسەرە ئازا و لەخۆبردووەی باشووری کوردستان کە لە هێزی پێشمەرگەی کۆماری کوردستاندا خزمەتیان دەکرد، نێردرانەوە دەست ڕێژیمی عێراق و ئەویش تاوانی دەرهەق کردن و بێتاوان لە سێدارەی دان. هەر لە سەردەمی محەممەدڕەزا پەهلەویدا بوو کە مەلا ئاوارە و هاوڕێکانی، هەروەها ساڵح لاجانی و هاوڕێکانی تیرباران کران. هەروەها سمایلی شەریفزادە، سولەیمان و عەبدوڵڵای موعینی، باپیر شکاک، مەلا مەحمودی زەنگەنە، مینە شەم، قادر شەریف، مەلا ڕەحیمی ویردی و مەلا قادری ویردی، سەید فەتاح، کاوە مارەغانی و دەیان تێکۆشەری دیکە بە دەستی تاوانبارانی ڕێژیمی پاشایەتی شەهید کران.

ئێستاش کوڕی محەممەدڕەزا شا، واتە ڕەزا پەهلەوی، کە خۆی بە میراتگری ڕێژیمی پاشایەتی دەزانێت و خەونی گەڕانەوە بۆ سەر تەخت دەبینێت، پێش ئەوەی هیچ دەسەڵاتێکی هەبێت، هەڕەشە لە نەتەوەکانی ئێران دەکات. نەک هەر پەشیمانی لەو مێژووە پڕ لە تاوانەی باوک و باپیری دەرنابڕێت و ئامادە نییە لەو سیاسەتە چەپەڵانەی ئەوان دوور بکەوێتەوە، بەڵکوو بە ئاشکرا ڕادەگەیەنێت کە ئەگەر ڕۆژێک دەسەڵات بگرێتە دەست، لەوان توندوتیژتر لەگەڵ نەتەوەکاندا مامەڵە دەکات.

هەر بۆیە، هەر کاتێک ئەو "مفتەخۆرە" دەیەوێت لە ڕاپەڕینی کۆمەڵانی خەڵک بۆ بەرژەوەندیی خۆی سوود وەربگرێت، ڕیزی پتەوی خەباتگێڕانی نێوخۆی وڵات درزی تێدەکەوێت و پەرشوبڵاوی دەکەوێتە نێوان چالاکانی نێوخۆ و شەقام پاشەکشە دەکات؛ بەوەش ڕێژیمی ئاخوندی بۆ ماوەیەکی دیکە تەمەنی نگریسی خۆی درێژ دەکاتەوە. لە دەرەوەی وڵاتیش لایەنگرانی ڕێژیمی پاشایەتی کاریان بووەتە جنێودان و شەڕفرۆشتن بە خەباتکارانی ڕاستەقینە.

لە بەرامبەر هەموو ئەو دوژمنکارییانەی کە تا ئێستاش دەرهەق بە نەتەوەکەمان ئەنجام دەدرێن، تەنیا یەکگرتووییمانە کە هێزی بەرەنگاربوونەوەمان پێ دەبەخشێت. لە بەرامبەر هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی، هێرشی ڕێژیمی تازەپێگەیشتووی سووریە کە بەشێکی زۆری هێزەکەی و ڕێبەرەکانیان پاشماوەی داعشن، فێڵ و تەڵە و شەڕفرۆشییەکانی دەسەڵاتی بەغدا، و پیلانەکانی دەوڵەتی تورکیە بۆ بەلاڕێدابردنی پڕۆسەی ئاشتی؛ تەنیا یەکگرتن و پشتیوانیی یەکتر دەتوانێت فریامان بکەوێت. ئێستا سەردەمی کاری بەکۆمەڵی هەموو نەتەوەی کوردە. کاتی ئەوە هاتووە کە ستراتیژمان نەتەوەیی بکەین و یەک بەرنامە و گوتارمان هەبێت. کاتی ئەوە هاتووە لۆبییەکی بەهێزی کوردیمان لە دەرەوەی وڵات هەبێت. کاتی ئەوە هاتووە لە هەر پارچەیەکی کوردستان بەرەیەکی کوردستانیمان هەبێت و ئەو چوار بەرەیەش پەیوەندیی نەتەوەییان لە نێواندا بێت. ئێستا کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناوەندێکی دیالۆگمان هەیە، پێویستە هەرچی زووتر ئەو ناوەندە گەشەی پێ بدرێت و بکرێتە بەرەیەکی بەهێزی نەتەوەیی.

لە هەشتا تەمەنی ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستاندا، سڵاو دەنێرم بۆ ڕوحی پاکی شەهیدانی کوردستان. ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە هەموو ڕێبوارانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان بە گشتی و پێشمەرگە قارەمانەکان بە تایبەتی پیرۆز دەکەم و هیوادارم نەتەوەکەمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان بە مافە ڕەواکانی شاد بێت و ئامانجی شەهیدانمان هەرچی زووتر وەدی بێت.