رۆژی دووشەممە ٢٩ی بەفرانباری ١٤٠٤(١٩/٠١/٢٠٢٦) هەیئەتێکی حیزب پێکهاتوو لە ئەمیر باباخانی و ئیدریس ئابدە بەشدارییان لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد کە هێندێک حیزب و لایەنی سیاسی کورد و ئێرانی دیکەشی لەخۆ دەگرت.
ئەم کۆبوونەوەیە لەلایەن حیزبی سووری نۆروێژ (Rødt) و بیورنار موکسنس(Bjørnar Moxnes)، ئەندام پارلەمانی ئەو حیزبە پێک هاتبوو کە مەبەستی سەرەکی وەرگرتنی زانیاری زیاتر سەبارەت بە بارودۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بوو.
بەشی پێوەندییەکانی حیزب لەو کۆبوونەوەیەدا ئاماژەیان بەوە کرد کە بەهۆی نەبوونی کاناڵی پێوەندی کۆکردنەوەی زانیاری و پشتڕاستکردنەوەیان کارێکی ئاسان نییە، بەڵام بەپێی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان کۆمەڵێک لە هاووڵاتییان شەهید و زیندانی کراون کە لیستێک لە ناوی شەهیدان و زیندانییان پێشکەش بە بەرێز بیورنار موکسنس کرا کە ناوبراویش بەڵێنی دا لە کۆبوونەوەی پارلەماندا ئاماژە بەو باسە بکات.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوکەدا داوا لە حیزبی سوور کرا کە لە ڕێگەی دەوڵەتی نۆروێژەوە پێوەندی بە باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە لە ئێران بگرێ و بۆ ئەوەی بتوانن لەسەر ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆ و ڕێژەی کوژراو بریندارەکانی زانیاری زیاتر لەوان وەربگرن.
بەشی پێوەندییەکانی حیزب هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە داسەپاندنی گەمارۆی ئابووری زیاتر، یا هەر چەشنە سزایەک بۆ سەر رێژێمی ئێران ڕاگەیاند بۆ ئەوەی ببێتە هۆی لاوازی زیاتر و لە کۆتاییدا ڕووخانی ئەو ڕێژێمە جینایەتکارە.
لە کۆتاییدا هەیئەتی حیزبی چەندین بەڵگەی باوەڕپێکراو و نامەیەکی سەرئاوەڵای بۆ پشتگیری لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان پێشکەشی ئەو پارلەمانتارە کرد و پێداگریی لەسەر پشتیوانیی نێونەتەوەیی لەلایەن دەسەڵاتدارانی سیاسی نۆروێژەوە کردەوە.