کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەبەر بینای پارلەمانی نۆروێژ خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستان بەڕێوە چوو

10:29 - 30 بەفرانبار 2725

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە سەر بانگەوازی حیزبی کۆنسێرڤاتیڤێت پارتی ــــ نۆروێژی، خۆپێشاندانێکی گشتی بۆ پشتگیری لە خەبات و بەرخۆدانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستان لەبەر دەرگای بینای پارلەمانی نۆروێژ لە ئۆسلۆ  پێک هات.

لەو خۆپیشاندانە، کوردانی دانیشتووی نۆروێژ لە هەر چوار پارچەی کوردستان چالاکانە بەشدارییان کرد و بە پەیامی هاوسۆزی و یەکگرتوویییان بۆ جارێکی دیکە پشتیوانیی خۆیان بۆ خەباتی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستان دووپات کردەوە.

سەرۆکی حیزبی کۆنسێرڤاتیڤی پارتی، "ئێریک سێڵە"Erik Selle ، وتارێکی لەسەر بارودۆخی سیاسی و مرۆڤایەتی لە ئێران بەتایبەت لەسەر شەهیدکرانی ژینا ئەمینی پیشکەش کرد.

ناوبراو، هەروەها ڕۆڵ و کاریگەریی خەباتی کورد لە ناوچەکەی خستە ڕوو و داوای لە وڵاتانی ڕۆژاوا کرد کە بەرپرسایەتیی زیاتر و هەنگاوی کاریگەرتر بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ هەڵ بگرن.

دواتر، چەندین کەسایەتیی دیکە لە چالاکان و سیاسەتوانانی نۆروێژی بۆ ئامادەبووان لێدوانیان دا و پشتگیرییان لە مافەکانی نەتەوەی کورد و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ کرد.

جێگای ئاماژەیە، کە ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب بە نیشانەی پشتیوانیی سیاسی و فەرمی لە داواخوازییە ڕەواکانی نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان لەم خۆپێشاندانەدا چالاکانە بەشدارییان کرد.