ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی بەفرانباری ١٤٠٤(١٩/١١/٢٠٢٦)، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە نۆروێژ بۆ مەحکوومکردنی جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە شارەکانی ئێران، خۆپێشاندانێکی بەرینی لە بەردەم باڵوێزخانەی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئۆسڵۆ بەڕێوە برد.
بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەشدارییان لەو خۆپێشاندانەدا کرد.
سەرەتای کۆبوونەوەکە بە قسەکانی یۆن پێدر ئەگنێس (John Peder Egenæs) بەرپرسی ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی دەستی پێ کرد و ئەو جینایەتانەی ڕێژیمی بەتوندی مەحکووم کرد و داوای سزادانی سەرانی ڕێژیمی لە کۆمەڵگای نێونەتەوەی کرد.
پاشان مەحموودئەمیری موقەدەم چالاکوانی سیاسی و بەرپرسی ڕێکخراوی "مافی مرۆڤی ئێران" Iran Human Rights (IHR) داوای کرد کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، وڵاتانی ڕۆژاوایی و بە تایبەتی نۆروێژی بە کردەوە پشتیوانی لە خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بەگشتی بکەن.
لەکۆتاییدا، بەیاننامەیەک لەلایەن بەشی ئێرانی "ڕێکخراوی لێبوردنی ئێرانی" پێشکەش کرا، کە بەتوندی، جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێرانی لەهەمبەر خۆپێشاندەرەکان مەحکووم دەکرد و بەپشتبەستن بە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان ئاماژەی بەوە دەکرد کە ڕادەی کوژراو و دەسبەسەرکراوەکان ڕۆژ بە ڕۆژ لە بەرزبوونەوەدایە و بۆ وەستاندنی ئەو جینایەتانە دەبێ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یارمەتیدەر بێ.
ناوئاخنی خۆپێشاندانەکە وتنەوەی دروشمی دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بوو کە خۆپێشاندەران هاواهەنگ خوازیاری ڕووخانی ڕێژیم و یارمەتیدانی کۆمەڵگەی جیهانی بوون.