ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠٤(١٨/١/٢٠٢٦)، هەیئەتێکی کۆمیتە ناوچەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لەندەن، لەسەر ڕاسپاردەی بەرپرسی پەیوەندییە کوردستانی و ئێرانییەکان کۆمیتەی بریتانیا، پێکهاتوو لە بەڕێزان، مەتین مەنسووری و سیروان ڕەزایی، لەسەر داخوازی "هاک پار" سەردانی بنکەی کۆمکاریان لە لەندەن کرد و لەلایەن بەڕێز سەردار خۆجە و مستەفا باڵا، پێشوازییان لێ کرا.
لە ماوەی ئەم دیدارەدا، باس لەسەر دۆخی سیاسیی ئێستا، پێویستیی یەکگرتوویی نەتەوەی کورد و گرنگیی هاوبەشی و هاوکاریی نێوان هێزە کوردییەکان کرا.
سەرکردایەتی حیزبی HAK-PAR پاڵپشتی و هاودەنگیی خۆیان بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕاگەیاند و دووپاتیان کردەوە کە یەکگرتوویی نەتەوەی کورد بنەمای سەرەکیی سەرکەوتن و ماف و ئازادییە نەتەوەییەکانە.
لە کۆتاییدا، لایەنەکان گرنگیی بەردەوامیی ئەم جۆرە دیدارانە و پەرەپێدانی پەیوەندی و هاوکارییە سیاسییەکان بۆ خزمەتکردن بە بەرژەوەندی و ئامانجە نەتەوەییەکانی گەلی کوردیان دووپات کردەوە.