( ڕاگەیەندراوی بەڕێوەچوونی پلینۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران)
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕۆژی دووشەممە، ٢٩ی بەفرانبار (١٩ی ژانوییەی ٢٠٢٦ی زایینی) شەشەمین پلینۆمی خۆی بەڕێوە برد. پلینۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان کە بە بەشداریی ئەندامانی ئەسڵی و جێگری کۆمیتەی ناوەندی بەڕێوە چوو، بارودۆخی ئێستای ئێران پاش ڕاپەڕینەکەی بەفرانباری ئەمساڵ، دۆخی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی و دەرفەت و هەڕەشەکانی بەردەم بزووتنەوەی کورد و هەروەها چەند بابەتێکی نێوخۆیی و ڕێکخراوەیی حیزبی هەڵسەنگاند و بڕیاری پێویستی لەسەر کۆمەڵێک ئەرک و پڕۆژەی حیزبی دا.
پلینۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندی بە دەقەیەک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە یاد و خەباتی شەهیدانی کوردستان، بەتایبەت شەهیدانی ئەمدواییانەی هێرشی هێزە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم بۆ سەر خۆپێشاندەرانی ئێران، بەتایبەت ناوچەکانی خوارووی کوردستان لە کرماشان و ئیلام دەستی بە کارەکانی کرد. لە بڕگەی یەکەمی کاری پلینۆمدا کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لێکدانەوەیەکی سیاسیی ورد و هەمەلایەنەی لەسەر دۆخی گشتیی ئێران پاش شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکانی ئەمدواییانە دژی کۆماری ئیسلامی، دۆخی ئۆپۆزیسیۆن و ئەرکەکانی بەردەم بزووتنەوەی سیاسی-نەتەوەیی کورد، بەتایبەت حیزبی دێموکرات کرد. بەشدارانی پلینۆمیش ڕاوبۆچوونی خۆیان خستە سەر لێکدانەوەکەی سکرتێری گشتیی حیزب و بەمجۆرە ئاکامگیری لە باسەکانی پلینۆم کرا.
پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە ناڕەزایەتییەکانی ئەمدواییانە لە ئێران و کوردستان تەنیا بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بە دۆخی ئابووری، بێکاری، گرانی و بێنرخبوونی دراوی نیشتمانی و لەو سۆنگەیەوە دابەزینی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتری توانای کڕینی خەڵک نەبوو، بەڵکوو هاوکات بەرهەمی وشیاری و تێگەیشتوویی سیاسیی خەڵک و ڕاپەڕین دژی نیزامیکی سیاسیی دیکتاتۆر و مڕۆڤکوژە کە ژیان و ماف و ئازادییەکانی ئەوانی زەوت کردوە و وەڵامی هەرچەشنە داوا و مافخوازییەکی خەڵک بە ئاگر و سەرکوتی خوێناوی دەداتەوە. بۆیە کاتێک دروشمی "بڕووخێ دیکتاتۆر" بەرز کرایەوە، بە فەرمانی خامنەیی گەورەترین کوشتار لەو خەڵکە لەسەر شەقامەکان وەڕێ خرا.
پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی وێڕای هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی ئەو هەزاران کەسەی لەو ماوەیە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم شەهید بوون یان لە گرتووخانەکاندا گیانیان لێ ئەستێندراوە، پێی لەسەر ئەوە داگرت خوێنبایی ئەو شەهیدانە و تێچووی قوورسی ئەم ڕاپەڕینە ئەوەیە کۆماری ئیسلامی زۆر زیاتر لە جاڕان لە لێواری هەڵدێران نیزیک بۆتەوە.
پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی بە بەرزنرخاندنی گیانبازیی خەڵکی کرماشان، ئیلام و مەلەکشایی لەو ناڕەزایەتییانەدا، مانگرتنی ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری کوردستان بۆ پاڵپشتیی خەڵکی کوردستان لە هاونیشتمانەکانیان ناوچەکانی خوارووی کوردستان، پشتیوانی لە دەنگهەڵبڕینی خەڵکانی ناوچەکانی دیکەی ئێران و مەحکوومکردنی زەبروزەنگی کۆماری ئیسلامی بەرز نرخاند و ڕایگەیاند کە ئەم مانگرتنە جارێکی دیکەش پێگەی بەرزی سیاسی و ڕێکخراوەیی بزووتنەوەی کورد لە ئێراندا پێشان دایەوە و متمانە و ئێعتباری زیاتری بۆ کورد لە هاوکێشەکانی داهاتووی ئێراندا دەستەبەر کرد.
پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا بە ئاماژە بەوەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە لە ئێران و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی وەک هەڵبڕینی هەموو هێڵەکانی پێوەندیی نێوخۆی ئێران بە دەرەوە، سەرکوتی خوێناویی خەڵک و کردنەوەی پێشانگای تەرمی کوژراوەکان هەڵوێستی ئەمریکا و ئورووپا لەهەمبەر کۆماری ئیسلامیی لێکنیزیکتر کردەوە؛ لەسەر ئەو باوەڕە بوو ئەوەی هەتا ئێستاش کۆماری ئیسلامیی ڕاگرتووە تەنیا ئامرازی هێزی سەرکوت و نەبوونی جێگرەوەیەک بۆ ئەم ڕێژیمەیە. پلینۆم لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە هەوڵی هەمەلایەنەی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی بۆ گەیشتن بە لانیکەمی ڕێککەتن و کۆکردنەوە و وەسەریەکخستنەوەی هێزەکانیان بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی پێویستییەکی ژیانەکییە. هەر لەو چوارچێوەیەشدا لێکنیزیکبوونەوەی زیاتری هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەرهەمداربوونی کار و پڕۆژەکانی ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاریی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانی بەرز نرخاند.
پلینۆم لە بەشێکی دیکەی باسەکانی خۆیدا بە سەرنجدان بە ڕووداوەکانی ئەو ماوەیەی سووریە و ڕۆژئاوای کوردستان و تەشەنەسەندنی شەڕ و ناکۆکییەکان ڕای وابوو، ئەوەی لەو ماوەیە لە شاری حەڵەب و شوێنەکانی دیکەی ئەم وڵاتە بە دژی کورد لە ڕۆژئاوا ڕوو دەدا لە درێژەی ئەو شەڕانەیە کە لە ساڵانی ڕابردووشدا بەردەوام کراوەتە سەریان و ئامانج لەوەش دیسان پێداگری لەسەر سیاسەتی ڕێژیمەکانی پێشوویە کە وەڵامی هەر مافخوازییەکی کوردەکانی ئەم وڵاتەی بە قەڵاچۆ و گۆڕینی دێموگرافی و پێکهاتەی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە داوەتەوە. پلینۆم پێداگری لەسەر ئەوە کردەوە بە کۆمەڵکوژی و پاکتاوی نەتەوەیی ناکۆکییە سیاسییەکان چارەسەر نابن و نەتەوەی کوردیش کە بە درێژایی مێژوو بۆ مافە ڕەواکانی خوێن دەدا و گیان دەبەخشێ، لە خەبات بۆ بەدیهێنانی مافەکانی سارد نابێتەوە. بۆیە داننان بە یەکسانی و مافە ڕەواکانی کورد و هەموو پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە و هەوڵدان بۆ چارەسەری ئەو ناکۆکییانە بە ڕێگەی وتووێژ، چارەسەری ڕاستەقینە ئەو دۆخەیە. هەروەها دەستپێشخەری لایەنە نێودەوڵەتییەکان و قوورسایی ئەوان بەپێی بەرپرسایەتیی سیاسی و ئەخلاقییان دەتوانێ هاندەر و یارمەتیدەرێکی گرینگ بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە بێت.
چەند بڕگەیەکی دیکەی دەستووری کاری شەشەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی چۆنیەتیی کاراکردنی بەشە جۆراوجۆرەکانی ئۆڕگانیزمی حیزبی پێوەندیدار بە دۆخی ئێستای ئێران و کوردستان لەپێناو ئامادەیی زیاتری حیزب بۆ بەرەوڕووبوونەوە و دەوربینینی زیاتر لە پێشهاتە سیاسییەکانی داهاتوو بوو کە پاش وەرگرتنی ڕاوبۆچوونی بەشداران ڕاسپاردە و بڕیاری پێویستیان لەسەر درا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمیتەی ناوەندی
٣٠ی بەفرانباری ١٤٠٤