ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بەفرانباری ١٤٠٤(٢٠/١/٢٠٢٦)، حیسام دەستپیش نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە یەکیەتیی ئورووپا، لەگەڵ "جاکمۆ فیلیبەک" سکرتێری گشتیی حیزبی سۆسیالیستەکانی ئورووپا کۆ بووەوە.
لەم دیدارەدا کە بەمەبەستی باسکردنی چەندین بابەتی سەرەکیی پەیوەست بە دۆخی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو، سێ تەوەری گرنگ هاتنە بەرباس کە بریتی بوون لە: دۆخی ئێران، سەرهەڵدانەکان و هەروەها مانگرتنی کوردستان.
لەم دیدارەدا ئاماژە بە کوشتاری خەڵک لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کرا کە تا دێ کۆماری ئیسلامی زیاتر و زیاتر درێژە بە کۆمەڵکوژی دەدا و لە هەمان کاتدا گرتن و بێسەروشوێنکردنی خەڵک بەردەوامەوە. بۆیە پێویستە بە توندترین شێوە بەرەنگاری کۆماری ئیسلامی ببینەوە و چاوەڕوانی لە هێزە پێشکەوتنخوازەکان زۆرە.
داهاتووی ئێران یەکێکی تر لە باسەکان بوو کە نابێ یەکلایانە و داسەپاو بێ. هێزە دیمۆکراسیخوازەکان دەبێ بە پراکتیک ڕۆڵ بگێڕن و تەنیا دەنگێک لە ئێران بەرز نەبێ و هەروەها ئەرکەکانی پارلەمانی ئورووپا لە بەرپەرچدانەوەی کۆماری ئیسلامی خرانە بەر باس.
نوێنەری حیزب وڵامی پرسیارەکانی دایەوە و لە کۆتایی دیدارەکەدا لایەنی بەرانبەر تیشکیان خستە سەر کاری پراکتیکی و باسیان لە هەوڵەکانیان کرد کە وەک سۆسیالیستەکانی ئورووپا لە بەرنامەیاندایە.