کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی نوێبوونەوەی ساڵی زایینی و هاتنی ساڵی ٢٠٢٦، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
نوێبوونەوەی ساڵی زایینی و هاتنی ساڵی نوێی ۲۰۲٦، لە سەرجەم پەیڕەوانی ئایینی مەسیحیی جیهان و بە تایبەت مەسیحییەکانی کوردستان، پیرۆز بێت.
ساڵی زایینی لە هەلومەرجێکدا نوێ دەبێتەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەک ڕێژیمێکی دژەمرۆیی و دژ بە فرەئایینی و جیاوازی، لەوپەڕی لاوازی و بنبەستی سیاسی و بەڕێوەبەرییدایە. وێڕای ئەوەش، شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایی و خۆپیشاندان و مانگرتن لە کۆتاییەکانی ساڵی ۲۰۲٥ دژ بە قەیران و ناکارامەیی و دژ بە تەواوەتیی ئەم ڕێژیمە هاتووەتە ئاراوە.
هیوادارین کە خەبات و خۆڕاگریی نەتەوە بندەستەکان و ئازادیخوازانی ئێران بە هەموو چین و توێژەکانەوە، ببێتە هۆی ڕووخانی دەسەڵاتی ناوەندی و کۆتاییهێنان بە عەقڵییەتی پاوانخواز و پێکهێنانی حکوومەتێکی دێموکراتیک و فیدراڵ کە تیایدا ئازادی و مافە ئینسانی و نەتەوەییەکانی سەرجەم پێکهاتەکان پارێزراو بێت و تەبایی، دادپەروەری و ژیانێکی ئاشتییانە و سەردەمیانەی بەدواوە بێت.
مستەفا هیجری
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
١١ی بەفرانباری ١٤٠٤
١ی ژانویەی ٢٠٢٦