کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات: کۆماری کوردستان بەو ڕەمزە نەتەوەیییانە دەناسرێتەوە کە بەشێکن لە ناسنامە و هێما هەرە دیارەکانی خەباتی کورد لە هەموو کوردستان

20:09 - 30 بەفرانبار 2725

(وتاری حیزبی دێموکرات لە یادی ٨٠ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان‌دا)

دوای هەڵگیرسانی شەڕی دووهەمی جیهانی و بە هاتنی هێزەکانی هاوپەیمانان و؛ ڕووخانی دەسەڵاتی ڕەزاشا و لە ئەنجامدا، دروستبوونی بۆشایی دەسەڵات لە بەشێکی کوردستان، دەرفەتێکی لەبار بۆ بووژانەوەی چالاکیی سیاسیی ڕێکخراوە سیاسییەکان ڕەخسا. لە وەها هەلومەرجێکدا، لە ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢١ی هەتاوی، لە سەر دەستی کۆمەڵیک کەسایەتیی نیشتمانپەروەر، "کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد" بە بیری سەربەخۆییخوازی و نەتەوەیییەوە دامەزرا. سێ ساڵ دواتر، حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەر بنەما تەشکیلاتییەکانی ژێکاف، وەک قەوارەیەکی نەتەوەیی-دێموکراتیک بەڵام ڕێکخراوتر و بەبەرنامەتر دامەزرا کە تا ئەمڕۆ، وەک بەڕابردووترین حیزبی کوردی، لە ژیانی سیاسی و ڕێکخراوەیی خۆی بەردەوامە.

هەنگاوێکی گەورەی حیزبی دێموکرات لە ڕەوتی مێژوویی خەبات و تێکۆشانیدا، دابڕان لە ڕێکخستنی خێڵەکی، بنەماڵەیی و ناوچەیی و ئاراستەکردنی خەبات بەرەو فۆڕمێکی کوردستانی بووە کە وەک ئامانجێکی مەزن، هەر لە جێی خۆیەتی. هەر ئەم ڕوانینەش وای کردووە کە ناسنامەی کوردبوون، ببێتە تەوەری سەرەکیی گوتار و کرداری ئەم حیزبە.

پێکهێنانی کۆماری کوردستان وەرچەرخانێکی فیکری بوو کە ڕێڕەو و داهاتووی خەباتی نەتەوەیی-دێموکڕاتیکی نەتەوەکەمانی وێنا کردووە. لەلایەک لە ئەنجامی گەشەی بیری سیاسی و بە دامەزراوەییکردنی پرسی کورد لە چوارچێوەی بنیاتێکی نیشتمانی هاتە کایەوە، لەلایەکی دیکەوە، بنیاتنانی ڕێبازێک بوو بۆ دواڕۆژی پرسی نەتەوەیی.

ئاواتی ئازادی و خەونی ڕزگاریی نەتەوەیەک بە ڕێگای زیندووڕاگرتنی مێژووی خەبات و سیمبۆلەکانیدا تێدەپەڕێ. کۆماری کوردستان، پاش هەشتا ساڵ، هێشتا لە بیروهۆشی نەتەوەی کورددا زیندووە. تەمەنی کورتی کۆمار و کۆتایی تراژیک بەڵام سەربەرزانەی ڕێبەرانی، نەوە دوای نەوە ئیلهامدەری خەباتی نەتەوەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بووە. ئەم تەمەنە بۆ دەسەڵاتێکی خۆماڵیی کورد کە بەدرێژایی مێژوو دەرفەتی مەشقی دەسەڵات و خۆبەڕێوەبردنی کەم بووە یان هەر نەیبووە جێێ شانازییە. بۆ نەتەوەیەک کە هەمیشە لە مافەکانی بێبەش و؛ ئازادییەکانی پێشێل کراوە و بوون و ناسنامەی لە ژێر هەڕەشەی سڕینەوە و تواندنەوەدا بووە، ١١ مانگ تەمەنی  کورت بەڵام پڕدەستکەوت پڕە لە وانە.

خاڵێکی جەوهەری لە مێژووی کۆماردا، ڕوانگەی دیمۆکراتیکی ڕێبەرانی کۆمارە کە وێڕای نەتەوەییبوونیان، دیمۆکراسیخواز بوون و ئەوە لە ئەدەبیات و وێژمانی کۆماردا ڕەنگی داوەتەوە. کۆماری کوردستان توانی مۆدێلێک پێشکەش بکات کە تیایدا نەتەوەیەک توانی بەبێ هەڕەشە بۆ سەر ئەوانی تر، مافەکانی خۆی بەدەست بهێنێت. هاوکات یەکەم هەنگاویش بوو بۆ نیشاندانی ئەوەی کە دیمۆکراسی لە ئێراندا تەنها لە ڕێگەی دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات لە نێوان نەتەوەکاندا جێگیر دەبێت. کۆمار لێرەدا نموونەیەکی مێژوویی ئەو پێکەوەژیانەیە.

ڕوانگە و بیرکردنەوەی ڕێبەرانی کۆمار بەکردەوە بەگوێرەی کات و سەردەم جێبەجێ کراوە. بۆ نموونە گرنگیدان بە توێژەکانی وەک لاوان و ژنان، بووەتە مایەی دامەزراندنی ڕێکخراوی لاوان و یەکیەتیی ژنان کە ئەمە نیشانەی گرنگیدانی کۆمارە بە کۆمەڵگەی مەدەنی. ئەمە نیشانەی تێگەیشتنێکی قووڵ بوو لەوەی کە ئەزموونێکی دەسەڵاتداری، بەبێ بەشداریی ژنان و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە سەرکەوتوو نابێت .

ئەگەر ئەمڕۆ دەبینین دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت و هەموو ئێران ڕادەچەنێت، پێویستە بزانین کە ئەمە بەرهەمی هەشتا ساڵ مەشقی مەدەنی و سیاسییە کە ڕەگەکەی بۆ سەردەمی کۆمار دەگەڕێتەوە. لەم ئەزموونەدا، ژنان و لاوان لە پەراوێزی کۆمەڵگەوە دێنە ناو کایەی سیاسی و لە بزووتنەوەی ژیناشدا دەبنە پێشەنگ و بڕبڕەی پشتی گۆڕانکارییەکان. یەکسانیی مافی ژن و پیاو، عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و ئازادیی بیر و باوەڕی سیاسی و ئایینیی جیاواز و ڕەچاوکردنی مافی کەمینەکان، گرینگیدان بە بواری زمان، خوێندن و پەروەردە، بەشێک لەو پرسانەن کە بە بەرنامە و بە کردەوە لە لایەن کۆماری کوردستانەوە کاری بۆ کرا.

کەوتنی  کۆمار لە ڕووی مێژووییەوە "تراژیک" بوو، بەڵام شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێبەرانی کۆمار وای کرد ئەم تراژیدیایە ببێتە هەوێنی نۆستالیژیایەک بۆ بنیاتنانەوە و وەدیهێنانی ئامانجەکانی ئەم کۆمارە. لە ئێستای ئێراندا، کە زۆر جار توندوتیژی و سەرکوت دەبێتە هۆی پاشەکشەی بزووتنەوەکان، بیرهێنانەوەی خۆڕاگریی و مانەوەی ڕێبەرانی ئەم کۆمارە لە گەڵ کۆمەڵگەکە، دەبێتە هۆی بەهێزکردنەوەی ئیرادەی گشتی بۆ بەردەوامبوون لە خەبات.

کۆماری کوردستان، جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کوردی بەرەو گوتارێکی نەتەوەیی و مەدەنیی گشتگیر ئاراستە کرد و کوردانی بە مافی خاوەندارێتیی نیشتمان و بوون بە خاوەن حکوومەت ئاشنا کرد. کۆماری کوردستان بەو ڕەمزە نەتەوەیییانە دەناسرێتەوە کە بەشێکن لە ناسنامە و هێما گەورە و گرانەکانی خەباتی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان، لەوانە ئاڵای کوردستان، هێزی پێشمەرگە و سروودی نیشتمانی کە لە خۆیاندا ئاماژەن بۆ گەیشتن بە ئامانجی نەتەوەیی لە چەشنی بنیاتنانەوەی دەسەڵاتێکی کوردی و کوردستانی.

لە ٨٠ ساڵەی یادی دامەزرانی کۆماری کوردستان‌دا، هەر بەرزڕاگرتنی یادی کۆمار بەس نییە، بەڵکوو دەبێت پەرە بە سامان و بەهاکانی بدەین. ئەمە بەو مانایەیە کە لە ئێرانی داهاتوودا، دەبێت پرەنسیپەکانی وەک مافی نەتەوەیی، دیمۆکراسی، بەشداریی ژنان  و گەشەی بزووتنەوەی مەدەنی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و دڵخوازانە و؛ لە هەمووی گرینگتر "مەرجی سەروەریی هاوبەشی نەتەوەکان" بکرێنە بنەمای هەر جۆرە ڕێککەوتن و داڕشتنەوەیەکی سیاسی و ئیداری.

لە سەروبەندێکدا یادی ٨٠ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان دەکەینەوە کە شەپۆلێکی نوێی ڕاپەڕین و خۆپیشاندان دژ بە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی و تەواوەتیی دەسەڵاتەکەی دەستی پێ کردووەتەوە و ڕێژیم لە لاوازترین و بێ هێزترین پێگەی چەند دەیەی ڕابردوویدایە.

بە درێژایی تەمەنی، کۆماری ئیسلامی داهات و سامان و سەرچاوەکانی نێوخۆیی، بۆ گرووپە میلیشیایی و تیرۆریستیەکانی ژێر نفوز و دەسەڵاتی خۆی تەرخان کردووە. هەناردەکردنی جیهاد و  شۆرشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی  سنوورەکان، تەواوکەری سیاسەتی ناوخۆیییە دژ بە مافی ژیان کە ڕیشەی لە  بناژۆخوازی و بنەما فکری و ئیدئۆلۆژیکەکانی ئەم ڕێژیمدایە.

چاوخشاندنێک بە مێژووی نزیکی ئاڵۆزی و شەڕەکانی یەمەن، سووریە، فەلەستین، لوبنان و... دەمانباتەوە بۆ قووڵاییی سیاسەتی کارەساتبار و دژە مرۆیی کۆماری ئیسلامی کە بە هۆی دەستوەردان و وەڕێخستنی شەڕی  نیابەتی و دژایەتی کردنی وڵاتانی ناوچە و ڕۆژئاوا، بە میلیۆنان کەس بوونەتە قوربانی. ئەزموونی دەسەڵاتێکی  وەها سەدە نێوەڕاستی، بەسە تاکوو جیهانی دەرەوەش وەک ئێمەی کورد و نەتەوە بندەستەکانی دیکەی ئێران، بگەنە  ئەو ئەنجامە کە تا کاتێک ئەم ڕێژیمە لە سەر دەسەڵات بێت، ناوچەکە ڕووی ئارامی و سەقامگیریی بە خۆیەوە نابینێ.

لەم هەلومەرجەدا، گەڕانەوە بۆ ئامانجەکانی کۆمار، وەبیرهێنانەوەی ئەو ڕاستییەیە کە تەنیا  کولتووری پێکەوە هەڵکردن، یەکڕیزی و هاوخەباتییە کە لە ئامانجەکانی دواڕۆژ و بەرژەوەندییە نەتەوەیییەکان نزیکمان دەکاتەوە. دەبێ ئەرکی کۆمەڵگەی کوردستانی و ڕێکخراوەیی حیزبەکان، گرێ بدرێتەوە بەو بەرپرسیارێتییە مێژوویی و ئەخلاقییەی کە لە کۆماری کوردستانەوە وەک میراتێکی سیاسی بەجێ ماوە.

لەم یادە پڕشکۆیەدا، پەیامی یەکڕیزی و هاوخەباتی بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات، کۆمەڵگای خۆڕاگری مەدەنی و سەرجەم چین و توێژەکانی کوردستان دووپات دەکەینەوە.

سەری ڕێز و نەوازش دادەنوێنین لەبەرانبەر گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان، بە تایبەت پێشەوای کوردان قازی محەممەد.

ئەمەگناسی و پیرۆزباییمان بۆ بنەماڵەی سەربەزری شەهیدان، بۆ زیندانییانی سیاسی، بۆ هەموو کادر و پێشمەرگە و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دیموکڕات  وسەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی ناوەندی

٣٠ی بەفرانباری ١٤٠٤