کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاستکردنەوەی دوو هەڵە لە سروودی «ئەی ڕەقیب»

09:58 - 1 رێبەندان 2725


ڕەسوول سوڵتانی

حەوت دەیەیە سروودی «ئەی ڕەقیب» بووەتە بەشێک لە پێناسەی نیشتمانی و نەتەوەییمان. ئەم سروودە بە جۆرێک لە نێو زەین و بیروباوەڕی تاک و کۆمەڵی کورددا جێگیر بووە، کە هەموو پارتە نیشتمانپەروەر، شۆڕشگێڕ و نوێخوازەکانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، وەک سروودێکی نەتەوەیی لێی دەڕوانن و هیچ جۆرە کێشەیەکیان لەگەڵیدا نییە.

کەچی بەداخەوە، تێکستی شیعری «ئەی ڕەقیب» لە کاتی گوتنەوەیدا وەک سروود، دوو هەڵەی زەق و بەرچاوی تێکەوتووە کە تا ئێستاش ڕاست نەکراونەتەوە؛ من لێرەدا بە کورتی ئەو دوو هەڵەیە دەخەمە ڕوو و ڕاستیان دەکەمەوە.

بێگومان ئەو دوو دێڕە لە کاتی گوتنەوەیاندا لە لایەن سروودبێژانەوە هەڵەیان تێ کەوتووە، یان لەوانەیە ئەو کەسانەی بۆیان نووسیونەتەوە وایان زانیبێت بەو شێوەیە خۆشتر دەگوترێتەوە. بەتایبەت لەو دوو دێڕەدا، وشەی «هەر» خراوەتە نێو شیعرەکە، کە تەنانەت بووەتە هۆی لێکدانەوەی نەرێنیش.

تەواوی ئەو کەسانەی تا ئێستا سروودی «ئەی ڕەقیب»یان گوتووەتەوە یان نووسیوەتەوە، ئەم دوو هەڵەیەیان بەردەوام دووبارە کردووەتەوە و هەر بە هەڵەش دەیخوێننەوە و دەینووسنەوە:

دینمان، ئایینمان... هەر... نیشتمان
...
لاوی کورد هەر حازر و ئامادەیە
گیانفیدایە، گیانفیدایە، گیانفیدا

لە یەکەمیاندا وشەی «هەر» زیادەیە و ڕاستەکەی بەم شێوەیەیە:

دینمان ئایینمانە، نیشتمان

لە کاتی گوتنەوەیدا بە دەنگ، واتە کاتێک بە مارشەکەوە دەیخوێنینەوە، ئەو پاشگرەی «ـە» (کە لە بنەڕەتدا نیشانەی ناساندن یان لێکدەرە) لە کۆتاییی وشەی «ئایینمانە»، دەکەوێتە سەر وشەی نیشتمان و ئاوازەکە ڕێک دەخاتەوە:
دینمان ئایینمااااانە نیشتمان...

هەڵەی دووەم:

لاوی کورد هەر حازر و ئامادەیە
گیانفیدایە، گیانفیدایە، گیانفیدا...

ئەم بەیتە، هەم میسراعی یەکەم و هەم دووەمیشی بە هەڵە نووسراوەتەوە؛ چونکە لە هەردووکیاندا کارەکە دەبێ بە شێوەی «کۆ» بێت، نەک «تاک». واتە دەبێ بوترێت: «ئامادەن» و «گیانفیدان». چونکە ئەگەر وا نەبێت، وشەی «گیانفیدا» لەگەڵ تەواوی شیعرەکەدا یەک ناگرێتەوە و سەروای نامێنێت. سەروای ئەم شیعرە بە پیتی «ن» کۆتایی دێت. «دڵدار»ی شاعیر کە شارەزای عەرووز و قافیە بووە، هەرگیز نایەت لە ناوەڕاستی شیعرەکەیدا سەروا بشکێنێت. کەواتە ئەوەشیان «گیانفیدان»ە نەک «گیانفیدا». بەو پێیەش دەبێت دێڕی یەکەمیش کارەکەی بە «کۆ» بێت، واتە: «ئامادەن».

لاوی کورد هەر حازر و ئامادەنە
گیانفیدانە، گیانفیداااااانە، گیانفیدان...

ناکرێ بڵێین: «گیانفیدایە، گیانفیدایە، گیانفیدان»، چونکە دروست نییە دوو دانەی یەکەم بە «تاک» بن و کۆتایییەکەی تەنیا لەبەر خاتری پیتی «ن»ی سەروا بکرێتە «کۆ». بۆیە وەک چۆن لە زمانی کوردیشدا ئەم جۆرە کۆکردنەوەیەمان هەیە، ڕاستییەکەی بەو شێوەیەیە کە ئاماژەم پێ دا: گیانفیدانە، گیانفیدانە، گیانفیدان.

جگە لەوەش، ئەو وشەی «هەر»ەی کە زیادیان کردووە، زۆر جار خوێندنەوەی چەواشەکارانە و بیانووی پڕوپووچی داوەتە دەست نەیارانی سروودی «ئەی ڕەقیب». بۆ نموونە دەڵێن وشەی «هەر» لێرەدا وەک ئامرازی «إلا»ی عەرەبی وایە و کاتێک دەڵێن: «دینمان ئایینمان هەر نیشتمان»، مەبەستیان ئەوەیە جگە لە نیشتمان هیچ ئایینێکی ترمان نییە!

ئەگەر ئەو وشەی «هەر»ە لەوێدا بێت، دەکرێ بڵێین بەپێی خوێندنەوەی جیاواز، ئەم تێگەیشتنە کەمێک لە ڕاستی دەچێت. بەڵام کاتێک دەگەڕێینەوە سەر بنەمای شیعرەکە و دەبینین وشەی «هەر»ی تێدا نییە، ئیتر خوێندنەوەکە بەم شێوەیە دەبێت:
دینمان ئایینمااااانە نیشتمان...

لێرەدا ناڵێت نیشتمان جێگەی دین و ئایین دەگرێتەوە، بەڵکوو بەپێی هونەری «خوازە» (استعارة) لە ئەدەبیاتدا، دەڵێت: نیشتمان وەک دین و ئایینەکەمان لای ئێمە پیرۆز و بەنرخە. کەواتە، لێرەدا دین و ئایین وەک پێوەرێکی باڵای پیرۆزی پیشان دراون و خۆشەویستیی نیشتمان بەوان چووێنراوە.

بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری ئەم مەسەلەی خوازە و وێچواندنە، نموونەیەک لە شیعرێکی تر دەهێنمەوە:
یارەکەم بۆ گرتنی دڵ، دانی ڕۆکردووە و دڵیش
هەر لە ڕێی ئەو دانە خاڵە، کەوتە داوی زولفەوە

لێرەدا مەبەست لە «دان»، خاڵی ڕەشی سەر ڕوومەتە. واتە وەک چۆن باڵندە بە تەمای ئەو دانەوێڵەیەی ڕاوچی بۆی دادەنێت، دێت و بە داوەوە دەبێت، دڵی منیش وەک ئەو باڵندەیە بە تەمای خاڵەکەت بوو و لە داوی ئەگریجەکانتدا گیر بوو. ئەم جۆرە وێچواندنە لە ئەدەبیاتدا هەزاران نموونەی هەیە و دەکرێ بڵێم ئەدەب بەبێ ئەم هونەرە جوانکارییانە چێژ و مانایەکی نامێنێت. بۆیە لەوێشدا، نیشتمان لە پیرۆزیدا بە ئایین چووێنراوە نەک خراوەتە شوێنی ئەو.