
محەممەدساڵح قادری
بەراورد بە وڵاتان و کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانی خاوەن سەروەری لە جیهاندا، ئێمەی کورد سێ سەدە دواتر کاری ڕۆژنامەوانیمان دەست پێ کردوە. مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی لەچاو ئەوان چەند سەدە لە دواوەیە، بەو حاڵەش کاروانی ڕۆژنامەگەریی کوردی و خاوەن پێنووسانی ئەو بوارە خزمەتێکی گەورەیان بە ئەلفوبێ و ڕێنووس و یەکگرتوویی زمانی کوردی و ئامانجە بەرزەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان کردوە. ڕۆژنامەگەریی کوردی لە قۆناغە جیاجیاکاندا، سەرەڕای هەموو بەربەست و بێدەرەتانی و پەرشوبڵاوییەک، ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە پێشخستن و پتەوکردنی بنەمای فیکریی ڕۆشنبیریی تێکۆشەرانی نەتەوەی کورد. هاوکات لە بەرانبەر سیاسەتی تواندنەوەی کورد لەلایەن داگیرکەرانەوە، سەنگەری پاراستنی ناسنامەی کورد و بیری سەروەریخوازی لە مەیدانی مەعریفە و زانستدا بووە.
ڕۆژنامەگەریی کوردی بۆ یەکەم جار لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٩، لە ٢٢ی نیسانی ساڵی ١٨٩٨ لەلایەن میقداد مێدحەت بەدرخانەوە بە دەرکردنی ڕۆژنامەی "کوردستان" لە قاهیرە دەستی پێ کردوە. دوای چاپکردنی ٣١ ژمارە، لە ساڵی ١٩٠٢دا لەژێر گوشاری عوسمانییەکاندا ناچار بووە درێژەی کارەکەی بگوازێتەوە بۆ سۆیسرا و دواتر لەندەن؛ بەمجۆرە ڕۆژنامەی کوردستان یەکەمین و بەباندۆرترین ڕۆژنامەی کوردییە لەو سەردەمەدا کە خزمەتێکی بەرچاوی بۆ هوشیاریی نەتەوەیی و زمان و کولتووری کورد گێڕاوە.
لە دەیەی یەکەمی سەدەی ٢٠ بەدواوە ڕۆژنامەوانیی کوردی پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ و سەرەڕای قەدەغەبوون و بێدەرەتانی و گوشاری لەڕادەبەدەری دەسەڵاتی عوسمانی، لە ساڵی ١٩١٣دا لە لایەن کۆمەڵەی "هێڤی"ی کوردەوە ڕۆژنامەی "ڕۆژی کورد" چوار ژمارەی لێ بڵاو کراوەتەوە و دوای قەدەغەکرانی، ئەنجا ڕۆژنامەی "هەتاوی کورد" لە ئیستانبوڵ چاپ و چەندین ژمارەی لێ بڵاو کراوەتەوە. لە ساڵی ١٩٣٠ ڕۆژنامەی "ئاگری" زمانحاڵی سەرهەڵدانی ئارارات لە دۆخی دژواری ڕاپەڕینەکەدا لە لایەن ئیحسان نووری پاشاوە چەند ژمارەیەک دەرچووە. لە ساڵی ١٩٣٢-١٩٤٣ گۆڤاری "هاوار" لە لایەن میر جەلادەت بەدرخانەوە لە دیمەشق چاپ و بڵاو کراوەتەوە. لە ساڵی ١٩٤٢-١٩٤٥ گۆڤاری "ڕۆناهی" لە لایەن جەلادەت بەدرخانەوە بڵاو کراوە.
لە باشووری کوردستان، ساڵی ١٩١٨-١٩٢٨ ڕۆژنامەی "ژیان" و هەروەها ڕۆژنامەی "ڕۆژی کوردستان" لە ساڵی ١٩٢٢-١٩٢٣ و "بانگی کوردستان" و "بانگی حەق" و دواتر گۆڤاری "ژین" و ئەنجا چەندین ڕۆژنامە و گۆڤاری دیکە لە سەدەی بیستەمەوە تا ئێستا بە هیممەتی ڕووناکبیرانی دەروەستی نەتەوەی کورد و حیزبە سیاسییەکانی باشووری کوردستان چاپ و بڵاو بوونەتەوە و هەروا بەردەوامیشن.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەوەی کە وەک بەڵگە لەبەردەست بێت، لە سەردەمی ڕاپەڕینی سمکۆی شکاکدا ڕۆژنامەی "کورد" لە ساڵی ١٩٢٢ لە شاری ورمێ ٤-٥ ژمارەی بە سەرپەرستی مەلا محەممەدی تورجانی بڵاو کراونەتەوە و سیاسەت و ئامانجەکانی ڕاپەڕینی سمکۆیان بۆ ڕای گشتی ڕوون کردوەتەوە و هەواڵ و ڕاپۆرتی بەرەکانی شەڕ و پەیام و ڕوانگەکانی سمکۆ لەمەڕ ئامانجەکانی ڕاپەڕینەکەی و داخوازییەکانی کوردی بڵاو کردووەتەوە.
بەگشتی دەتوانین بڵێین لە سەدەی بیستەمدا کە کورد لە دەستڕاگەیشتن بە مانگی دەسکرد و دیجیتاڵ مێدیا و تەکنۆلۆژیای پێشکەوتووی "دەنگ و ڕەنگ"ی ڕاگەیاندن بێبەش بووە، زۆر ئەستەم بووە کە بتوانێت بەبێ ڕۆژنامەگەری، ئامانجی هوشیارکردنەوە و هەستی یەکگرتوویی نەتەوەیی لە بەشە جیاجیاکانی کوردستاندا و ئاوێتەی بیری ڕزگاریخوازی بکاتەوە و بە شێوەیەکی بەربڵاو لەنێو کۆمەڵگەدا بڵاو بکرێتەوە. بۆیە ڕۆژنامە لەو سەردەمەدا ئامرازێکی گرنگ و کاریگەر بووە. بۆیە دەبینین ڕۆژنامەگەریی کوردی لە سەدەی بیستەمدا گەشەی بەرچاوی کردوە و توانیویەتی لە بواری گەشاندنەوەی بیری نەتەوەسازی و خزمەت بە زمان، کولتوور، ناسنامە و مێژووی کورد ڕۆڵێکی گەورە بگێڕێت و ببێتە سەکۆی شوناسخوازی و مافخوازی بۆ کورد و نیشتمانپەروەرانی کوردستان. بەتایبەت دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریی عوسمانی و دەوڵەتی قاجار، کە پڕۆژەی دروستبوونی دەوڵەت - نەتەوە لەسەر کەوڵی ئیمپراتۆریی عوسمانی و مەمالیکی مەحرووسەی قاجار لە تورکیە و ئێران هاتە ئاراوە، دەبینین بابەتی ڕۆژنامەگەریش گرنگیی تایبەتی پێدراوە و وەک یەکێک لە ئامرازە گرنگەکان بۆ ئاراستەکردنی بیری ڕۆشنبیریی کۆمەڵگە دەوری بەباندۆری گێڕاوە.
قۆناغی دووهەمی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەردەمی شەڕی دووهەمی جیهانی لە ساڵی ١٩٤٢-١٩٤٥ دا وەشاندنی گۆڤاری "نیشتمان"، بڵاوکراوەی کۆمەڵەی ژێکاف دەستی پێ کردوە کە دوایی بووەتە بڵاوکراوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و دەورێکی گرنگی لە بووژانەوەی بیری سەربەخۆییخوازی و خزمەتی زمان و کولتووری نەتەوەی کورد بینیوە. بەڵام لە ساڵی ١٩٤٦دا دوای دامەزرانی کۆماری کوردستان، قۆناغی زێڕین و هەرە گرنگی ڕۆژنامەگەریی کوردی دەستی پێ کردوە. بڵاوبوونەوەی ڕۆژنامەی "کوردستان" کە ڕۆژنامەی فەرمیی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان بووە، دەورێکی گرنگ و بەرچاوی لە بڵاوکردنەوەی سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان و خزمەت بە زمان و کولتوور و مێژووی نەتەوەی کورد بینیوە.
بابەتی جێگای سەرنج ئەمەیە کە تا ئێستاش کەمترین توێژینەوە لە هاوناوبوونی ڕۆژنامەی "کوردستان"ی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان لەگەڵ یەکەم ڕۆژنامەی کوردیی "کوردستان" ی سەردەمی میقداد مێدحەت بەدرخان کراوە تاکوو بزانین ئەم هاوناوبوونە لە چییەوە هاتووە؟ بەڵام دەکرێ شیمانە بکرێ کە بیرمەندانی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان چ وەک شانازی و چ وەک میراتگری بێ، هەڵبژاردنی ناوی "کوردستان" بۆ ڕۆژنامەی فەرمیی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان، ئاماژەیەکی سیمبۆلیکییە بۆ نەپچڕاوەیی و بەردەوامیی ڕێبازی نەتەوەیی میقداد مێدحەت بەدرخان وەک یەکەم دامەزرێنەری ڕۆژنامەگەریی کوردی. بۆیە ئەم ناوەیان پێ گونجاوترین ناو بووە کە بۆ یەکەم ڕۆژنامەی یەکەم "کۆماری کوردستان" لە مێژووی هاوچەرخدا دابنێن تاکو ببێتە سەکۆی سەروەریخوازیی نەتەوەی کورد.
لەو سەردەمەدا وێڕای ئەوەی کە تەمەنی ڕۆژنامەی کوردستانیش لەگەڵ نسکۆی کۆماری کوردستان کۆتایی پێ هاتووە، بەڵام دواتر لە قۆناغی جیاجیای خەباتی شاخ و شار و لە هەندەران، تاکو ئێستاش بە شێوە و لە قەبارەی جیاجیادا بەردەوام بووە و بە نێوەڕۆکی دەوڵەمەندی لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری، مێژوویی و پرسی ژنان و ژینگە و... هتد بووەتە سەرچاوە و ژێدەرێکی باوەڕپێکراو بۆ بەدۆکیۆمێنتکردن و ئەرشیڤکردن و پاراستنی ناسنامە و مێژووی خەباتی ٨٠ ساڵ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بە گەواهی زۆر نووسەر و پسپۆڕی بواری زمانی کوردی، ڕۆژنامەی کوردستان یەکێک لەو دەگمەن ڕۆژنامە کوردییانەیە کە بەردەوام بە زاراوەی پاراوی کوردیی سۆرانی و بە شێوەیەکی زانستیانە بۆ ستانداردکردنی زمانی کوردی ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە.
بەکورتی ڕۆژنامەی کوردستان لە سەردەمی کۆمارەوە تا ئێستا وەک ڕۆژنامەیەکی متمانەپێکراو ڕۆڵی سەرەکی لە بردنەسەری هوشیاریی نەتەوەیی و پشتیوانی لە ماف و ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان گێڕاوە و بووەتە چەپەری پارێزگاری لە ناسنامە و بوونی نەتەوەی کورد لە بەرانبەر سیاسەتی نکۆڵی و توانەوە لە لایەن ڕێژیمە دیکتاتۆر و داگیرکەرەکانی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا. سیاسەتی بنچینەیی و پێوەرە سەرەکییەکانی ئەو ڕۆژنامەیە هەمیشە لە پاراستنی بنەما ئەخلاقییەکان و کولتووری ئاشتیخوازی و دێموکراسیخوازی لە کۆمەڵگەدا خۆی پێناسە کردوە. ڕۆژنامەی کوردستان دەنگی زوڵم لێ کراوان و ئاڵاهەڵگری ڕەوایی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستانە کە بە شێوازی شارستانیانە و شیاو لەگەڵ کولتووری کوردستانیان خزمەتی ڕۆشنبیری لەنێو کۆمەڵگە و بۆ ڕای گشتی بەڕێوە دەبات.