وتووێژ: شەهرام سوبحانی
ئاماژە: دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٧٩ ساڵ، ٢ی ڕێبەندان تەنیا یادکردنەوەی مێژوویەک نییە، بەڵکوو خوێندنەوەی ئەزموونێکی زیندووی دەوڵەتدارییە.لەم وتووێژەدا لەگەڵ د. هۆشمەند عەلی، شرۆڤەیەکی ورد بۆ قۆناغی زێڕینی کۆماری کوردستان دەکەین، لە گۆڕانکارییە ڕیشەییەکانی گۆڕینی "ژ.ک" بۆ "حیزبی دێموکرات"ەوە تا کاریگەرییە نەبڕاوەکانی شۆڕشی فەرهەنگی و ڕۆڵی زمانی کوردی. هەروەها بە ڕاشکاوی باس لە برینەکانی ناتەبایی نێوخۆیی و ڕۆڵی نەرێنیی بەشێک لە عەشیرەتەکان لە ساتەوەختی ڕووخاندا دەکەین. دواجار، گرنگترین وانە مێژووییەکان بۆ سیاسەتی ئەمڕۆی کورد تاوتوێ دەکەین، تا بزانین چۆن لە نێوان پشتبەستن بە دەرەوە و یەکڕیزیی نێوخۆدا، ڕێگەی سەرکەوتن بدۆزینەوە.
دوکتور دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٧٩ ساڵ، بۆچی هێشتا ٢ی ڕێبەندان وەکوو گرنگترین وەرچەرخانی مێژوویی لە هزری نەتەوەیی کورددا دەمێنێتەوە؟ ئایا لەبەر ئەوەیە کە یەکەم جار بوو وشەی "دەوڵەت" و "کۆمار" بەکار هێنرا، یان بەهۆی کەسایەتیی کاریزمای پێشەوا قازی محەممەدەوەیە؟
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٧٩ ساڵ بەسەر ٢ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد لە بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێشەوایەتیی قازی محەممەد و بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، دیارە گرنگی و بایەخی ئەو ڕۆژە لەوەدایە کە دەوڵەتداری و کۆمار و خۆبەڕێوەبەریی کورد لە چوارچێوەی کۆمەڵێک دەزگای ڕێکخراو و دامەزراوەی حکوومەتی، بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو و بە شێوەیەکی دەستووری جێگە و بایەخی خۆی هەیە. ئەوەی کە وای کردوە ٢ی ڕێبەندان لە مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا و لە مێژووی هاوچەرخی کورد بەگشتی ببێتە شکۆی نەتەوەیی و دەوڵەتداریی کوردی، بۆ کۆمەڵێک کاریگەری دەگەڕێتەوە؛ کە بۆ یەکەمین جارە بە شێوەیەکی فەرمی کورد لە چوارچێوەی کۆمارێکدا دەوڵەتداری بەڕێوە دەبات. بە تایبەتیش لەو بەشەی کوردستان و بەهۆی هەلومەرجی دوای کۆتایی هاتنی جەنگی دووهەمی جیهانی و ئەو هەلومەرجە نێوخۆییەی کە لە ئێرانی سەردەمی شاهەنشاهیدا بەڕێوە دەچوو لە سیاسەتی دەوڵەت بەرانبەر بە کورد و کوردستان بەگشتی. هەروەها ئەو تێکۆشان و خەباتە ڕزگاریخوازییەی کە گەلی کورد لە کوردستاندا لە دوای ساڵانی جەنگی یەکەمی جیهانییەوە، بە تایبەتیش لەو بەشەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی و بزووتنەوە و جووڵانەوەکانی سمکۆی شکاک و دوای سمکۆی شکاکیش هەوڵ و تێکۆشانە سیاسییەکانی کورد لە چوارچێوەی ڕێکخراوی سیاسی تاوەکوو گەیشتن بە "پارتی ئازادی" و لەوێشەوە بۆ "ژێکاف" و لە ژێکافیشەوە بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان و ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان؛ بۆیە ٢ی ڕێبەندان ڕۆژێکی شکۆمەند و کاریگەرە لە مێژووی خەباتی نەتەوایەتیی کوردستان بەگشتی و لە خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و جووڵانەوەی ئازادیخوازی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی.
پڕۆسەی گۆڕانی "کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد" (ژ.ک) بۆ "حیزبی دێموکراتی کوردستان" گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بوو. ئایا ئەمە تەنیا گۆڕینی ناو بوو، یان گۆڕانکاری بوو لە ئایدۆلۆژیا و شێوازی کارکردن لە نهێنییەوە بۆ ئاشکرا؟ کاریگەریی ئەم بڕیارە لەسەر بەشداریکردنی چین و توێژە جیاوازەکان چی بوو؟
پڕۆسەی گۆڕینی ژێکاف بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان گۆڕانێکی ڕیشەیی بوو لە خەباتی ئازادیخوازی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمەش نەک هەر تەنیا لەبەر ئەوەی کە بە تەنیا کاریگەرییەکەی لەسەر بەشەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەبوو، بەڵکوو هەم کاریگەریی لەسەر ئاستی نێوخۆیی کوردستان بەگشتی و لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی کاریگەرییەکی نەبڕاوەی هەبوو. ئەو کاریگەرییەش ڕەگ و ڕیشەیەکی هەڵقوڵاوی ناو خەبات و جووڵانەوەی ئازادیخوازی کوردستان بوو و گۆڕینی پڕۆسەی ژێکاف بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان خۆگونجان بوو لەگەڵ ئەو هەلومەرجە نێوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەی کە لە دوای سەروبەندی کۆتایی هاتنی جەنگی دووهەمی جیهانی هاتە ئاراوە، لەژێر هەژموونی ئەو زلهێزانەی کە لە ئێرانی ئەوسادا کاریگەرییان هەبوو (یەکیەتیی سۆڤیەت لە لایەک و هێزە ئیمپریالیستەکان لە لایەکی دیکە) و لە سیاسەتی شاهەنشاهی و دەوڵەت و لەنێوخۆ و لە ناو مەرکەز بەرانبەر بە کورد لە لایەکی دیکە. بۆیە گۆڕینی پڕۆسەی ژێکاف بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕەگ و ڕیشەیەکی قووڵی هەبوو؛ هەر تەنیا گۆڕینی ناو نەبوو لە ژێکافەوە بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەڵکوو گۆڕینی شێوە خەباتێکی شۆڕشگێڕانەی ئازادیخوازانەی ئاشکرا بوو بۆ کۆکردنەوەی کۆمەڵانی خەڵک لە یەک بەرنامە و یەک پەیڕەوی سیاسی. لە لایەکی دیکەوە بۆ یەکەمین جار بوو کە بە شێوەیەکی فەرمی کورد لە ڕێگەی پارتێکی سیاسیی ئاشکرا هەوڵی تێکۆشانی دەوڵەتداری و خەبات و بەدەستهێنانی مافە نەتەوایەتی و ئازادیخوازییەکانی کورد بدات لەو بەشەی کوردستان، کە نەک هەر تەنیا بۆ نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵکوو ببووە گەشانەوەیەک بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستانیش بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خەباتگێڕانی کوردستانیش لە چواچێوەی نەتەوایەتیی خۆی و لە کۆکردنەوەیان لە موکریان و مەهاباد و لە چوارچێوەی خەباتێکی سیاسیی شۆڕشگێڕانەی یەکگرتوو و سەرتاسەریدا. لە لایەکی دیکەشەوە، پڕۆسەی گۆڕینی ژێکاف بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان گۆڕانێکی ڕیشەیی بوو لەسەر سەرنجی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەگشتی و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی؛ ئەو کاریگەرییە ئەوە بوو کە گەلی کورد لەو بەشەی کوردستان لە چوارچێوەی پارتێکی سیاسی بە ئاشکرا دەستی بە تێکۆشان کرد و لە هەمان کاتدا دەستبەکار و تێکۆشانی چالاکیی سیاسیی مەدەنییانە بوو لەپاڵ برەودان بە خەباتی چەکداری بەگشتی لە کۆمەڵگەی کوردستان. ئەو شانازییە بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان دەمێنێتەوە لە مێژوودا کە وەکوو یەکەمین پارتی سیاسیی فەرمی خەباتی ئاشکرای لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا تێدەکۆشی بۆ مافە نەتەوایەتییەکان و هەوڵدان بۆ ئازادییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی ئێران و خەباتی فراوانتر و یەکگرتووتر لە تێکۆشەرانی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش.
لە ماوەی ١١ مانگدا، کۆمار گرنگییەکی زۆری بە زمانی کوردی، شانۆ، ڕۆژنامەگەری و خوێندن دا. ئایا دەکرێت بڵێین "شۆڕشی فەرهەنگی"ی کۆمار کاریگەرتر و درێژخایەنتر بوو لە دەسەڵاتە سیاسییەکەی؟
کۆماری کوردستان لە ماوەی تەمەنی یانزە مانگ و نزیک بە یانزە ڕۆژدا کۆمەڵێک دەسکەوتی فەرهەنگیی گرنگ و گەورەی هەبوو، لە ڕووی ڕۆژنامەوانی، زمانی کوردی، شانۆ، ئەدەبیاتی کوردی و خوێندن بە زمانی کوردی و قوتابخانەکان. لە هەمان کات هاوشانی خەباتە سیاسییەکەی و دەسکەوت و کۆششە سیاسییەکانی کۆمار، ئەوەی پەیوەستە بە نیشاندانی ڕووی دێموکراتیانەی کورد وەک نەتەوەیەکی زوڵملێکراو و ستەملێکراو و بێ دەوڵەت، کە دەتوانێ پڕاکتیزەی دەسەڵاتی خۆجێیی و خۆبەڕێوەبەریی خۆی بکات لە چوارچێوەی خاک و نیشتمانی خۆیدا، و لە هەمان کاتدا جەختکردنەوەی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان بە مافە نەتەوایەتی و سیاسییەکانی کورد لە چوارچێوەی مافی خودموختاری و مافی دێموکراسی لە ئێراندا؛ لە ڕاستیدا دەسکەوتە سیاسییەکان لە قۆناغی خۆیدا بە ئاکام نەگەیشتن، بەو هۆیەی کە کۆمار تەمەنی کورت بوو و بە پیلانی ناوچەیی و نێوخۆیی و دەوڵەتییەوە ڕووخێندرا و کۆتایی پێهات و بەداخەوە پێشەوا و هاوڕێیانی دواتر لەسێدارە دران. دەسکەوتە سیاسییەکە لە ڕەگ و ڕیشەی داکوتراوەیی خۆیدا لە هەناوی خەباتی شۆڕشگێڕانەی کوردستاندا مابوویەوە، دواتر وەک بووژانەوەی حیزبی دێموکرات و خەباتە سیاسی و چالاکییەکانی قۆناغی دوای کۆمار و دواتر دەرکەوتەوە. بەڵام ئەوەی کە لە چوارچێوەی شۆڕشە فەرهەنگییەکەی کۆماری کوردستان لەو ماوەی تەمەنە کورتەی خۆیدا لە کۆمەڵگەی کوردیدا پێشکەشی کرد، دەسکەوتەکان وەک شۆڕشێکی فەرهەنگی ڕەگ و ڕیشەیەکی قووڵتریان داکوتا لە کۆمەڵگەی کوردی. بۆ نموونە لەو چەند ساڵەی ڕابردوو خەباتی فەرهەنگیی کوردی لە کۆمەڵگەی کوردستان لە ڕۆژهەڵات لە جەختکردنەوە لەسەر زمانی کوردی، پاراستنی زمانی کوردی، فەرهەنگی کوردی، کولتووری کوردی و برەودان بە ڕۆژنامە و ڕۆژنامەگەری لە قۆناغی دوای کۆماریش و تاوەکوو ئێستاش کە ئەو خەباتە فەرهەنگییە بەردەوامی هەیە، بووەتە یەکێک لە سیمبولەکانی سەردەمی کۆمار لە ڕووی خەباتە فەرهەنگییەکەوە لە داکۆکیکردن لە زمان و فەرهەنگی کوردی، لە بابەتەکانی پەیوەست بە کولتوور و فەرهەنگ و پاراستنی ناسنامە و شوناسی کوردی. بۆیە دەسکەوتە فەرهەنگییەکانی کۆمار لە بوارە جیاجیاکانیدا کە ئاماژەمان پێ کرد، وەک شۆڕشێکی فەرهەنگیی درێژخایەن تا هەنووکەش درێژەی هەیە و ئەو دەسکەوتانە یەکێکن لەو شانازییانەی کە مێژووی فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردی شانازی پێوە دەکات کە لە سەردەمانی کۆماری کوردستان برەوی پێدرا و گرنگیی پێدرا. بۆیە لە واقیعدا خەباتە فەرهەنگییەکە و شۆڕشە فەرهەنگییەکەی کۆماری کوردستان قووڵتر لە ڕووی ستراتیژییەوە و درێژخایەنتر شوێنپێ و کاریگەریی خۆی دانا، کە ئەو کاریگەرییەش لە کۆمەڵگەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لەم چەند ساڵەی ڕابردوو جارێکی دیکە قوڵپەی داوە و هەڵگیرساوەتەوە وەک خەباتێکی فەرهەنگیی نەبڕاوە لە چوارچێوەی خەباتە سیاسییەکانی ژێردەستەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.
لە کاتی هێرشی سپای ئێران بۆ سەر مەهاباد، بەشێک لە سەرۆک خێڵەکان نەک هەر بەرگرییان نەکرد، بەڵکوو هاوکاریی سپای ناوەندییان کرد. هۆکاری ئەم دابڕانە لە نێوان سەرکردایەتیی کۆمار و پێکهاتەی عەشایەریدا چی بوو؟
لە ڕاستیدا لە سەروبەندی هێرشی سپای ئێران بۆ سەر مەهاباد و هەوڵەکان بۆ ڕووخان و تێکشکاندنی کۆماری کوردستان و نەمانی ئەو دەسکەوتەی کورد لەو بەشەی کوردستان، ئەگەر پێشتر پێشەوا قازی محەممەد و حیزبی دێموکراتی کوردستان بەشێوەیەکی تەندروست و بە شێوەیەکی سیاسییانە و کۆمەڵایەتییانە مامەڵەی دروستیان کردبوو لەگەڵ سەرکردە و سەرۆک هۆز و عەشایەری کوردی بەگشتی لە چوارچێوەی کوردستان بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و لە خۆبەڕێوەبەریی ناوچە کوردستانییەکانی چوارچێوەی موکریان و کۆکردنەوەیان لە دەوری کۆمار بە پێشەوایەتیی پێشەوا قازی محەممەد، بەڵام مخابن ئەو دەردە کوشندەیەی کوردکوژی و خۆکوژییەی کە بەدرێژایی مێژوو لە ناوماندا هەبووە، لە کاتی نوشوستی شکستەکاندا درز دەخاتە نێومان و ئەو درز و کەلێنەش هەمیشە وای کردوە بەشێک لە خۆمان تاوانبار بێت و بەشێک لە خۆمان تووشی دابڕان دەبێت. ئەو کەسەی پێشتر هاوپەیمان و هاوکار بوو لە دەسەڵاتە سیاسییە کوردییەکەی کۆماری کوردستاندا و ئەو پێکهاتە عەشایەرییە، بەشێکیان دواتر بەداخەوە (هەر لە سەرەتاوە بەپێی ئەو چەند بەڵگە مێژووییانەی کە لە چەند ساڵی ڕابردوو لە ئەرشیڤی وەزارەتی بەرگریی شاهەنشاهیدا دەرکەوتن)، ئەوە دەردەخەن کە بەشێک لەو سەرۆک عەشیرەتانە هەر لە سەرەتای بونیادنانی کۆماری کوردستانەوە ئەگەرچی لە چوارچێوەی کۆماردا بەشدار بوون و بەشدارییان پێ کراوە، بەڵام پۆوەندییان نەپچڕیوە و لە دەسەڵاتی ناوەند لە تاران دانەبڕاون. ئەو پەیوەندییانەش هەوڵیان داوە و باوەڕیان وابووە لە قۆناغی نوشوست و تێکشکاندا دەسەڵات و پێگەی خۆیان لە عەشایەری و لە دەسەڵاتەوە بپارێزن و ئەو پاراستنەش بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکار بێنن. ئەو شێوە هاوکارییەی کە پێشتر لە نێوان عەشایەری کوردی لەگەڵ دەسەڵاتی پێکهاتەی کۆماری کوردستاندا هەبوو، لە دوا ساتەکانی هێرشی سپای ئێران بۆ سەر مەهاباد و ڕووخانی کۆماری کوردستان بەرگرییان نەکرد و هاوکار و ڕێنیشاندەری سپای ناوەندییان کرد. ئەوەش هۆکارە سەرەکییەکەی بۆ ئەم دابڕانە و ڕەگ و ڕیشە داکوتراوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خۆخۆری، ناتەبایی و نایەکگرتوویی، کە بەداخەوە لە ناو کۆمەڵگەی کوردی بەگشتی و عەشایەری کوردی بەتایبەتی بوونی هەبووە و ئێستاکەش تا ڕادەیەک لە هەندێک حاڵەت و بارودۆخدا ئەو ناتەباییە بوونی هەیە. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ستراکچەرە و ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەی کە لە بەشەکانی کوردستان بەگشتی و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی بوونیان هەیە، کە ئینتیما بۆ هۆز و عەشیرەگەری لە چوراچێوەی فەرمانی سەرۆک عەشیرەت کۆ دەبێتەوە و کەمتر بۆ هەستێکی گەورەتر و بۆ نەتەوە دەڕوانرێت؛ واتە بیر لەوە ناکرێتەوە کە دەسکەوتە نەتەوەییەکان و هەوڵ و تێکۆشانە نەتەوەییەکان زۆر لەوە گەورەترن. بەداخەوە هۆکاری ناتەبایی، هۆکاری ناڕەزایی، هۆکاری بەرژەوەندی، هۆکاری کەسپەرەستی و ئینتیمای پتر بۆ عەشیرەتی و هۆزگەری لە بەرانبەر ئینتیمای نەتەوەیی و هۆشیاریی سیاسیی نەتەوەیی، وای کرد ئەم دابڕانە لە سیاسەتەکانی کۆماردا دروست ببێت و بەشێک لە سەرۆک عەشیرەتەکان ڕێنوێنی و هاوکاریی سپای ئێران بکەن بۆ سەر مەهاباد و هەڵگەڕانەوەیەک لە بەرگریکردن لە کۆمار ڕوو بدات. کە لە واقعیشدا بەرگری بە شێوەیەکی درێژخایەنتر، ئەگەر ئەوانیش لەپاڵ کۆماردا بمانایەتەوە، قسەکە لەسەر ئەوە نیە کە ئەگەر ئەوان هەڵنەگەڕابوونایەوە یا خود ئەوان دانوسانیان بە تەواوەتی لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی و سپای ئێراندا نەکردایە ئەگەری ئەوە هەبوو کۆمار بمایەتەوە؛ پێم وا نیە. لەبەر ئەوەی فاکتەرە دەرەکییەکان زۆر زۆرتر کاریگەرتر بوون؛ لەوانە یەکیەتیی سۆڤیەت و ڕێککەوتنی قەوام سەڵتەنە و دەسەڵاتی ناوەندیی تاران لەسەر مەسەلەی نەوت و ئیمتیازی نەوت و پاشەکشەی سپای سوور لە ناوچەکانی دەسەڵاتی فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان. چارەنووسی بەرگری و چارەنووسی لایەنە سەربازییەکە هەر کۆنتڕۆڵکردنەوەی دەسەڵاتی ناوەندی دەبوو بەسەر ئەو بەشەی کوردستان و ئەو چارەنووسەی کە بەسەر کوردستاندا هات، بەڵام ئەوەی کە لە مێژوودا ماوەتەوە ئەوەیە کە بەشێک لە عەشیرەت و ئەو سەرۆک هۆزانە ڕێنوێنی و هاوکاریی سپای ئێرانیان کرد بۆ کۆتاییهێنان بە کۆماری کوردستان، کە بەداخەوە وەکوو باسم کرد هۆکارە سەرەکییەکەی بۆ بەرژەوەندی و کەسپەرەستی و بۆ دابڕینی ئەو ستراکچەرە کۆمەڵایەتییە دەگەڕێتەوە کە وەکوو نەخۆشییەکی کوشندە و دەردە کورد (کە ناتەبایی بووە) لەبری باوەڕبوون بە ئینتیمای سیاسی و هۆشیاریی نەتەوەیی، ئینتیما بۆ هۆز زیاتر زەق بووەتەوە و ئەم دۆخە لە قۆناغی مێژوویی خۆیدا ڕووی دا.
بەڕێزتان وەک توێژەر و پسپۆڕی مێژوو، گەورەترین وانە کە سیاسەتمەدارانی کورد دەبێت لە ئەزموونی کۆماری کوردستانەوە فێری ببن چییە؟ ئایا مەترسیی پشتبەستن بە فاکتەری دەرەکی گەورەترین وانەیە، یان نەبوونی یەکڕیزیی نێوخۆیی؟
ئەو وانە سیاسییانەی کە سیاسەتمەدارانی کورد پێویستە ئەزموونی بکەن و فێری ببن لە ئەزموونی کۆماری کوردستان و مێژووی کۆماری کوردستان، لە ڕاستیدا هەردوو لایەنەکە و لایەنی دیکەش زیاتر لەخۆ دەگرێت؛ هەم ئەگەری مەترسیی ئەوەی کە پشتبەستن بە فاکتەری دەرەکی و بە هاوکاریی دەرەکی وەکوو وانەیەک لە وانە سیاسییەکانیان، و لە هەمان کاتیشدا دەردە کوشندەییەکەی نێوخۆی نێوماڵی کورد بەگشتی کە نەبوونی یەکڕیزی و ناتەبایی نێوخۆییە. بۆیە ئەو ئەزموونانەی کە پێویستە وەکوو وانەی سیاسی و وەکوو ئەزموون لەبەری بکەن لە کۆمەڵگەی کوردی و سیاسەتمەدارانمان بە تایبەتی، و لەو ئەزموونە وانە وەرگرن کە لە کۆماری کوردستانەوە فێری ببن، ئەوەیە کە نابێت هەمیشە پشت بە فاکتەری دەرەکی ببەسترێت. فاکتەری دەرەکی لە ڕوانگەی ستراتیژییەوە بۆ کورتخایەن، بۆ قۆستنەوەی هەلومەرجەکان و بۆ بەدەستهێنانی دەسکەوت و ئامانجەکان، وەک تاکتیکی کورتخایەن گرنگە کە لەگەڵ هاتنەپێشەوەی ڕووداوەکان بەکار بێت. بۆ نموونە ئەوەی کە ئەمڕۆ لە دۆخی نێوخۆی ئێراندا دەگوزەرێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی و ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپا و بەشێک لە وڵاتانی دیکە بە تایبەتی کە سەرکۆنە و ئیدانەی سیاسەتی نێوخۆیی کۆماری ئیسلامی دەکەن؛ ئەوە گرنگە کە سیاسەتمەداران لەو فاکتەرە دەرەکییەوە سوود وەربگرن و بیقۆزنەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکان، بۆ گەیشتن بە ڕزگاریی نەتەوەیی و دەسکەوتەکان، و لەپاڵ ئەو ئامانجە ستراتیژییە نێودەوڵەتییانە بەکاری بێنن و سوودی لێ وەربگرن بۆ دەسکەوت و قازانجە نەتەوەییەکانی کورد لە نێوخۆی کوردستاندا. بەڵام بۆ مانەوەی هەمیشەیی و وەستان بەرانبەر بە فاکتەرە دەرەکییەکان و هەمیشە چاو لەڕێبوون بۆ فاکتەری دەرەکی ناڕاستە. ئەمە یەکێکە لەو وانە مێژووییانەی کە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی سەردەمی کۆماری کوردستان، ئەو فاکتەرە دەرەکییەی کە یەکیەتیی سۆڤیەت بوو و پاڵپشت و هاوکار بوو لە ڕووی ماددی و سەربازی و لۆجیستییەوە (تا ڕادەی کەمتر لە چاو ئەوەی کە بەرانبەر بە فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان دەکرا، بۆ کورد کەمتر لە واقیعدا بوو)، بەڵام وەکوو پشت بەستنێکی دەرەکی بینیمان ئاکامەکەی دواجار لە بەدەستنەهێنانی ئامانجەکانی خۆی، یەکیەتیی سۆڤیەت پشتی لە کورد و لە کۆمار و لەو دەسکەوتانە کرد کە کورد بەدیهێنابوو. بۆیە ئەمە بۆ ئێستای هەرێمی کوردستان، بۆ کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، و بۆ ئایندەی داهاتووی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پشتبەستن بەتەنیا بە فاکتەری دەرەکی یەکێکە لە خاڵە لاوازەکان. وەکوو باسم کرد، نابێت بە تەنیا لە ڕێگەی فاکتەری دەرەکی و هاوکاریی دەرەکییەوە چاو لەڕێ بین بۆ ئەوەی کە ببێتە ئامانج و ببێتە ستراتیژیی قووڵی درێژخایەن؛ نەخێر، بەڵکوو لە تاکتیکدا و لە گەیشتن بە ئامانجی کورتخایەندا ڕاستە، بەڵام بۆ درێژخایەن مەترسیدارە. جگە لەوە، ئەزموونێکی دیکە وەکوو ئاماژەشم پێ کرد لە سەرەتاوە، ئەوەی کە پەیوەستە بە یەکگرتوویی و تەبایی کورد لەنێوخۆدا؛ لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە ئێستادا و لە سەردەمی کۆماری کوردستانیش بە تایبەتی ئەگەر بگەڕێینەوە، ئەو هەماهەنگی و هاوکارییەی لە نێوان (بەتایبەتی) چوونی بەشێک لە شۆڕشگێڕان و تێکۆشەرانی کورد لە باشووری کوردستانەوە بۆ کۆماری کوردستان، دەرخەری یەکگرتوویی کورد بوو لە خەباتی ئازادیخوازیی نەتەوەیی کوردیدا. بۆیە فێربوونی سیاسییەکان و سیاسەتمەداران لە یەکڕیزیی نێوخۆیی نێوماڵی کورد دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی دەسکەوتە دەرەکییەکانیش و دەبێتە پشتیوانیی دەرەکیی زیاتر لەسەر ئەوەی کە زۆرتر و خێراتر بگەین بە مافە نەتەوەییەکان. گرنگترین وانەی سیاسی یەکگرتووییە، وەکوو کورد دەڵێت: "هێز لە یەکیەتیدایە"، لە یەکڕیزیدایە. ئەوەی کە خۆشبەختانە ئەمڕۆکە دەبینرێت لە چوارچێوەی "ناوەندی هاوکاریی حیزبەکان" و پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی ڕابردوو، وەکوو بینیمان لە سەرهەڵدانەوەی ئەم دواییانەی خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانی نێوخۆی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەر حەوت هێز و پارت و ڕێکخراوی سیاسیی کوردی لە بەیاننامەیەکی یەکگرتوودا لە ئامانجێکی دیاریکراوی نەتەوەیی یەکگرتوودا (ئەگەرچی لە نێوەڕۆکیشیدا هەر یەک لەوانە پلان و بەرنامە و ستراتیژیەتی جیاوازی هەبێت)، بەڵام لە ستراتیژییە درێژخایەنەکەدا و لە چوارچێوەی نەتەوەییدا بە یەک ئامانج و بە یەک هەست بڕیاریان دا و بەیاننامەیان دەرکرد. ئەمە گرنگە، بۆیە ئەوە یەکێکە لەو وانە مێژووییانەی کە پێویستە ئەزموون بکرێت و ببێتە بەردی بناغەی داهاتوو لە دەسکەوتە سیاسی و نەتەوەییەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئێرانی نوێدا و لە ئێرانی دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی.