ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بەفرانباری ١٤٠٤(٢٠/١/٢٠٢٦)، بەرێز حیسام دەستپیش نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چاوی بە "ئارۆن فێبرووغە" سکرتێری سەرۆکی پارلەمانی فیدراڵی بێلژیک کەوت.
مەبەست لە دیدارەکە تاوتوێکردنی بارودۆخی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو.
نوێنەری حیزب سەرەتا کورتەیەکی سەبارەت بە دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش بە ناوبراو کرد و پاشان ئەرکێکی پارلەمانی بێلژیک لەم بوارەدا خرانە بەر باس.
بابەتی سەرەکی کە سکرتێری سەرۆکی پارلەمانی بێلژیک جەختی لەسەر دەکردەوە بابەتی داهاتووی ئێران بوو کە نوێنەرایەتیی حیزب بیروبۆچوونی کوردستانی لەم بوارەوە خستە ڕوو.
لە درێژەی دیدارەکە هەروەها باس لە بابەتی پراکتیکی کرا کە پارلەمانی بێلژیک دەتوانێ لەم کاتەدا یارمەتیدەری بێت. بەتایبەت کە بێلژیک وڵاتێکی فیدراڵە بە سێ زمانی بە فەرمی ناسراو و هەرێمی جیاوازەوە.
لە دواییدا ناوبراو پرسیارەکانی خۆی لەهەمبەر بارودۆخی ئێستا لە ڕۆژهەڵات و ئێران هێنایە بەر باس و لەلایەن نوێنەرایەتیی حیزبەوە بەوردی وڵام درانەوە ، تاکوو بەڕێزیان زانیارییەکان بۆ سەرۆکی پارلەمان بگوازێتەوە و ئاگاداری بارودۆخەکەی بکات.
شایانی باسە سەرۆکی ئێستای پارلەمانی بێلژیک لە حیزبی "ئێن ڤێ ئا" یە کە یەکێکە لەو حیزبانە کە پرسی جیاوازیی ناسنامەی بەلاوە گرینگە.