
ئاسۆ مینبەری
کۆمەڵگەی ئێران لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا گۆڕەپانێکی بەرینی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بووە کە ژنان وەک بەشێکی سەرەکیی لەم ناڕەزایەتییانە ڕۆڵ و پێگەی تایبەتیی خۆیان هەبووە. ئەگەرچی لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی ئێمەدا وەک نەتەوەی کورد ژن هەمیشە پێگە و ڕۆڵی تایبەتیتری هەبووە، بەڵام لانیکەم لە ماوەی زەمەنیی چەند ساڵی ڕابردوودا، ئەم ڕۆڵ و پێگەیە بەرفراوانتر لە ڕابردوو خۆی بەرجەستە کردووە و ژنان لە ڕۆڵی پاڵپشتییەوە بوون بە ئەکتەری سەرەکی و کارای ناڕەزایەتی و بزووتنەوە جەماوەرییەکان.
لە ساڵی ٩٦ی هەتاویدا و لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکانی ئێراندا، لە تارانی پێتەخی بێدادیدا، ویدا موەحێد بە فڕیدانی لەچکەکەی بوو بە هێمای خەبات بۆ ئەو ژنانەی ساڵانێکی زۆر بوو لەژێر گوشاری حیجابی زۆرەملێدا، خنکابوون و سەرکوتی سیستماتیک نەیهێشتبوو دەنگ هەڵبرن. لە ڕاستیدا ئەمە بوو بە چەخماخەیەک بۆ دژایەتیی ئاشکرا لەگەڵ حیجابی زۆرەملێ و شەپۆلەکانی هەموو کۆمەڵگەی ئێرانی گرتەوە و ستارتی کەمپەینەکانی "آزادیهای یواشکی زنان" و "چهارشنبەهای سفید" لێ درا. دواتر لە خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاویدا، شەپۆلێکی تر لە ناڕەزایەتییەکان هاتنە ئاراوە کە لەم ناڕەزایەتییانەشدا ژنان ڕۆڵی گرینگ و ئەرێنیان گێرا. قۆناغێکی دیکەی ناڕەزایەتییەکان، ناڕەزایەتییەکانی خەرمانانی ١٤٠١ بوو کە دوای قەتڵی سیستماتیکی ژینا ئەمینی لە تاران و بەدەستی هێزەکانی گەشتی ئێرشادی ڕێژیم هاتە ئاراوە، ناڕەازیەتییەک کە بە هۆی بەستێنێک کە لە ساڵەکانی ٩٦ و ٩٨دا دروست کرابوو، بوێرییەکی زیاتری بۆ بەشداری بە ژنان بەخشی و وای کرد کە ژنان ببنە لیدەری ئەم ناڕەزایەتییانە و ڕۆڵی زۆر گرینگ و بەرچاویان گێرا. لە قۆناغی نوێی ڕاپەڕینی خەڵکانی ئێرانیشدا، کە لە ٧ی بەفرانبارەوە و بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە دۆخی داسەپاوی ئابووری و قەیرانی بژێو دەستی پێ کرد، ژنان وەک هەمیشە پێشەنگی مەیدان بوون و لە ئەرکی خۆیان دوور نەکەوتنەوە.
هەرچەند هیچ ئامارێکی ورد سەبارەت بە ڕێژەی بەشداریی ژنان لەم بزووتنەوە و ناڕەزایەتییانەدا لەبەر دەستدا نییە بەڵام چەند خاڵ گرینگن کە دەبێ باسیان بکرێ.
لە ناڕەزایەتییەکانی ٩٦دا کە پرسەکە پرسی سیاسی و ئابووری بوو، ژنان بە کەڵکوەرتن لە دەرفەت، پرسەکانی خۆیان هێنانەوە گۆڕێ و ویدا موەحێد بە بێ هیچ ئامادەکارییەکی پێشوەختە و ڕاگەیاندنی کەمپەینێک و بەشێوەی خۆڕسک، بوو بە سەرقافڵە و هۆکارێک بۆ دامەزرانی چەندین کەمپەینی جیاواز، ئەڵبەت نابێ لەبیرمان بچێت کە لەو کەمپەینانەدا پرسی سەرەکی تەنیا پرسی حیجابی زۆرەملێ بوو و نیشانەیەک لە باقی پرسەکانی ژنان بەتایبەت ژنانی سەر بە نەتەوە بندەستەکان لە ئارادا نەبوو.
لە ناڕەزایەتییەکانی ٩٨دا پرسەکە پرسی ئابووری و گرانبوونی نرخی بێنزین بوو، بەڵام درێژکێشانی ناڕەزایەتییەکان دۆخەکەی وا لێ کرد کە تەواویەتی کۆماری ئیسلامی بە ڕێبەرەکەشیەوە کرانە ئامانجی دروشمەکانی خەڵک و ژنان بەتایبەت لە کوردستان دەرفەتەکەیان قۆستەوە بۆ ئەوەی کە بتوانن باس لە پرسەکانی خۆیان بکەن کە بەداخەوە بینیمان سەرکوتکارییەکانیش چەندە دڕندانە بوون و چۆن کوردستان بوو بە گۆمی خوێن.
لە ناڕەزایەتییەکانی ١٤٠١دا قەتڵی حکوومەتی و سیستماتیکی کچە کوردێکی غەریب لە تاران، پێش هەموو شوێنێک کوردستانی هێنایە مەیدان و شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان باقی شارەکانی گرتەوە. بەو بەستێنەوە کە لە ٩٦ و ٩٨دا هەبوو، ژنان ئەمجارە کە بینیبوویان ئاوا بە ئاشکرا و لەبەر چاوی جیهانەوە و بە بێ هیچ تاوانێک ئەکرێنە ئامانج و ژیانیان لێ دەستێندرێ، هاتنە مەیدان و ئەمجارە پێکەوە لە سەرتاسەری ئێران و کوردستاندا پێشەنگایەتیی شۆڕشەکەیان لە ئەستۆ گرت، هەر ئەمەش بوو وای کرد کە زۆر جار شۆڕشی ١٤٠١ بە شۆڕشی ژنان ناوی لێ برا و بە شۆڕشێکی ژنانە وەسف کرا. لەم قۆناغەدا ئەگەرچی مەرگی ژینا ببووە کاتالیزۆری سەرەکیی بزووتنەوەکە، بەڵام پرسی کوردبوونی ژینا تەنیا لە کوردستان گرینگیی پێ درا و شارەکانی ناوەند تەنیا حیجابی زۆرەملێیان لەلا گرینگ بوو. هەر بۆیە ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان و شارەکانی دیکە جیاوازیی بنچینەییان هەبوو، بۆ کورد ژینا هێمای خاکێکی داگیرکراو و ڕەگەزێکی سەرکوتکراوی بێ ماف بوو و بۆ ناوەند مەهسا ببوو بە هێمای بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ حیجابی زۆرەملێ!
لە ناڕەزایەتییەکانی ئێستای ئێرانیشدا، ڕاستە کە پرسەکە لە تارانەوە دەستی پێ کرد و سەرەتا شەقامەکانی تاران هەژاند، بەڵام دیسان کوردستان بوو بە سەنگەری خەبات. ئەگەرچی هێڵەکانی ئینتێرنێت هەتا ئێستا چاک نەکراونەتەوە و هەواڵەکان زۆر بە ئەستەم لە سنوورەکان دێنە دەرەوە، بەڵام ژمارەیەکی بەرچاو لەو کەسانەی کە لە شارەکانی وەک تاران و کەرەج و ساری و باقی شارەکانی دیکەدا شەهید کراون، خەڵکی کوردستانن کە بەشێکیشیان ژنن! ئەمە ئەو ڕاستییەمان پێ نیشان دەدات کە بەگشتی کورد و بەتایبەتیش ژنی کورد زۆر بوێرانەتر دێنە مەیدانەوە و ئامانجیان ڕامالینی داگیرکەرە ئەگەر بە نرخی گیانیشیان بێ.
ئاوڕدانەوە لە خەباتی ئەم ساڵانە نیشانمان دەدات کە ژنی کورد هاوتەریب لەگەڵ پرسەکانی خۆی، بیر لە پرسی نیشتمانی و شوناسی نەتەوەیی دەکاتەوە، هەر بۆیە پێشەنگایەتیی خەبات لە ئەستۆ دەگرێت و قوربانیشی بۆ دەدات. شەهیدبوونی ڕۆبینا ئەمنینیان کچە خوێندکاری کورد لە تاران، پێمان دەڵێ کوردستان خاوەن ژنی بەهێز و بوێرە و لە ژیناوە هەتا ڕۆبینا، ژنانی ئێمە مێژووسازن.