ڕۆژی سێشەممە ۳۰ی بەفرانباری ١٤٠٤(٢١/١/٢٠٢٦)، خۆپێشاندانێک بە بەشداریی سەدان کەس لە شاری ڤێسترۆس بەڕێوە چوو.
خۆپێشاندەران سەرەتا لە وێستگەی شەمەندەفەری شار کۆ بوونەوە و پاشان بە دروشمی جۆراوجۆر کە هەموویان پەیامی پشتیوانی بوون بۆ ڕۆژاوا، بە ئاڵای کوردستان و لەژێر چاوەدێری و ڕێنوێنیی پولیسدا بەرەو ناوەندی شاری ڤێسترۆس کە ناوەندی پارێزگاشە وەڕێ کەوتن و لە گۆڕەپانی شارەکە کۆ بوونەوە.
ڕێژەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش لەو خۆپێشاندانەدا بەشدار بوون.
دوای بەخێرهێنانی بەشداران لەلایەن بەڕێوەبەرانی خۆپێشاندانەکە، داوا لە کاک عەزیز مورادپەرەست کرا لەو پێوەندییەدا قسە بکات. ناوبراو بەناوی کۆمیتەی حیزب لە شاری ڤێسترۆس قسەی کرد و لە سەرەتای قسەکانیدا وێڕای سوپاس و پێزانین بۆ ئامادەبوونی ئەو هەموو خەڵکەی هەر چوار پارچەی کوردستان، وتی: "سڵاوی گەرمی ڕوژهەڵاتی کوردستانی بریندارمان پێیە و سڵاوتان لێ بێت.
ناوبراو لە قسەکانیدا وتی: "ئەو هێرشانە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان، درێژەی هەمان شەڕ و هێرشی ساڵانی ڕابردوون کە دەیانهەوێت بەو هێرشانە دێمۆگرافیی دانیشتووانی ڕوژاوای کوردستان بگۆڕن و نەتەوەکەمان لە گەیشتن بە ماف و ئازادییەکانی لە ڕوژاوا بێبەش بکەن، بەڵام ڕابردوو نیشانی داوە کە گەلی ئێمە هەتا گەیشتن بە مافەکانی لە ڕۆژاوای کوردستانیش دەست لە خەبات و بەرخۆدان هەڵ ناگرێ."
خۆپێشاندانەکە دوای نزیک بە دوو کاتژمێر بە جۆش و خرۆشێکی زۆر و حەماسیانەوە بۆ پشتیوانی لە ڕۆژاوا و هەروەها ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆتایی پێ هات.
بەڕێوەبەرانی خۆپێشاندانەکەوە سپاس و پێزانینی خۆیان بۆ بەشداریی ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و بۆ پەیامی نوێنەری حیزب پێشکەش کرد.
جێگای ئاماژەیە کە بەشێک لە دروشمی خۆپێشاندەران بریتی بوون لە: ڕۆژاوا ڕۆژهەڵاتە، کوردستان یەک وڵاتە، کینە ئەم، کوردن ئەم، ژن، ژیان، ئازادی، بژی بەرخۆدانی ڕۆژاوا و بژی کوردستان.