
عەلی بداغی
دەروازە:
پرسیار ئەوەیە پێناسەی ڕاگەیاندن لە سەردەمی دیجیتالمێدیا و هۆشی دەسکرد لە ئێستادا هەر هەمان پێناسەی کلاسیک لە ڕاگەیاندنە؟ ئایا جگە لە پێناسە، هەر هەمان کارکردی جارانی هەیە یان کارکردی ڕاگەیاندن لە سەردەمی ئێستادا گۆڕاوە؟ هەر لەجیدا گرینگیی ڕاگەیاندن بۆ حیزبێکی سیاسی لە چی دایە؟ سامانی مێدیایی حیزبی دێموکرات بەتایبەت ڕۆژنامەی "کوردستان" لەم دۆخەدا چ ئەرکێکی دەکەوێتە سەرشان؟
ڕاگەیاندن چیە؟
لە مانای نەریتی و کلاسیکی ڕاگەیاندندا، ڕاگەیاندن یان هەمان مێدیا بریتییە لەو کەرەستە و ئامرازەی پەیامێک، زانیارییەک، هەواڵێک، یان ئایدیا و کولتوورێک لە نێرەرەوە دەگوازێتەوە بۆ وەرگر. نێرەر دەتوانێ حیزب بێ، حکوومەت بێ، دامودەزگایەکی پەروردەیی یان دەوڵەتی بێ، یان هەر لایەنێکی دیکە و وەرگریش کە مەبەست بەردەنگ و خەڵکە. ئەو ئامراز و کەرەستانەش بریتی بوون لە: ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکان، ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن و گۆڤار و کتێب. لە پێناسە و کارکردی نەریتی و کۆنباودا مێدیا بریتییە لە نێوەندگیر و پێوەنددەری نێوان بەرەهەمهێنەری پەیام و گوتار و هەواڵ لەگەڵ بەردەنگدا.
بەڵام لە دوو دەیە لەوەپێشەوە و بە پەیدابوون و هەمەگیربوونی ئینتێرنێت، تێکنۆلۆژیی دیجیتاڵ، تۆڕ و ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان پێناسە و کارکردی ڕاگەیاندن بەربڵاوتر بووە و تایبەتمەندیی نوێی وەرگرتوە. لەو فۆڕمە نوێیەدا ڕاگەیاندن، مێدیا پلاتفۆڕمێکە کە دەرەتانی تەعامول و کارتێکەریی هاوبەش دروست دەکا. واتە بەکارهێنەر، جا ئەو بەرکارهێنەرە چ خوێنەری ڕۆژنامە و گۆڤار بێ، چ بیسەری ڕادیۆ و بینەری تەلەڤزیۆن بێ، یان لە ڕێگەی کۆمپیوتێر و موبایل و تابلێتەوە لەسەر هێڵ بێت، نەک هەر وەرگر و بەردەنگ بە پێناسە کۆنەکە، بەڵکوو خۆی بەرهەمهێنەر و هاوبەش لە بەرهەمهێناندایە.
نموونەیەکی کراوەتر و جیاوازییەکی دیکە باس بکەم. ئەگەر هەتا دوو دەیە لەوەپێش ڕاگەیاندن یانی تەنیا تەلەفزیۆن و دامەزراوەکانی ڕۆژنامە و ڕادیۆ بە زەبەلاحیی زۆرەوە، ئێستا یەک تاکەکەسی بەرهەمهێنەری زانیاری لە دنیای ئەمڕۆدا دەتوانێ مێدیا بێت. بلاگێرێک، چالاکێکی سیاسی کە پلاتفۆڕمێک بۆ هاوبەشیکردنی بەرهەمەکانی هەڵدەبژێری، یان هەر ئەکتیویستێکی هونەری و ئەدەبی و مەدەنی و ژینگەپارێز دەتوانێ خۆی مێدیایەک بێت، ڕاگەیاندنێک بێت.
ئەمە لە ڕووی پێناسە و کارکرد بوو، بەڵام لە ڕووی تیکنیکیشەوە مێدیا لە سەردەمی ئێستادا جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ سەردەمی پێش بەدیجیتاڵبوون هەیە. ئامرازەکانی ڕاگەیاندن لە ئێستادا بەئاسانی بەردەستن، دەتوانن لە دەقە و سانیە و هەر دەموساتێکدا بەڕۆژ ببنەوە، و بەرهەمهێنان لە مێدیای ئێستادا بە ئاسانی دەکرێ بگوازرێنەوە.
ئەمە پێمان دەڵێ لە پێناسەی نوێدا ئیدی مێدیا مەرج نیە ڕێکخراوێکی زەبەلاح یان ئامراز و کەرەستەیەکی سنووردار بێ و لە بەردەستی کەم کەسدا هەبێ، بەڵکوو تۆڕێک و ڕایەڵەیەکی زیندوو لە بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەیە و هەر بەکاربەر و بەردەنگێکیش دەتوانێ بەشێک بێت لەو پێکهاتەیە. واتە هەر بەکاربەر (بەو مانایە کەسێکە چاو لە تیڤی دەکا، لە موبایل و سیستمەکەیدا چاوی بە هەواڵ و زانیارییەکان دەکەوێ یان ماڵ و ئۆتۆمبیل و شوێنی کارەکەی گوێی داوەتە ڕادیۆ)، ئەو کاربەرە تەنیا بەکارهێنەر نیە، بەڵکوو بەرهەمهێنەر و شیکەرەوەی مانا و واتاکانیشە. یانی مێدیا و ڕاگەیاندن ژینگەیەکە بۆ پێوەندیی دوولایەنە و چەند لایەنە لەنێو خەڵک و چالاکە کۆمەڵایەتییەکاندا کە لەودا پەیامەکان هەم دەتوانن بگۆڕدرێن و ئاڵوگۆڕیان بەسەردا بێ، هەم بەخێرایی بڵاو ببنەوە و هەر بەو خێراییەش وەڵام وەربگرنەوە.
ڕاگەیاندن بە ڕوانگەی ئێستا ئیدی چیدی ئامرازێک بۆ گواستنەوەی هەواڵ و زانیاری و پەیام نیە، بەڵکوو "بنیات و دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی و کولتووری"یە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بەرهەمهێنانی مانا، ئاراستەدان بە شوناسی گشتی و بەکۆمەڵ و نواندنەوەی هێز و دەسەڵاتی جەماوەری هەیە.
مێدیا و ڕاگەیاندن چەندە بۆ حیزبێکی سیاسی گرینگن؟
زۆر بە کورتی و پوختی دەبێ بڵێن ڕاگەیاندن بۆ حیزبێکی سیاسی تەنیا هەر زمان یان باشتر وایە بڵێم "بڵندگۆ" نیە، بەڵکوو ئامرازێکی ستراتیژییە بۆ مانەوەی، بۆ گەشەکردن و ڕەواییەتبەخشین بەو حیزبە. بۆیە ڕاگەیاندن بۆ هەر حیزبێکی سیاسی لە چەند ڕەهەندەوە گرینگە:
یەکەم: ڕاگەیاندن کەرەستە و ئامرازی دروستکردن کێیەتی و شوناس و هەروەها نواندندنەوەی ئەو شوناسەیە. ئەوە مێدیایە کە وێنە و ڕوخسار و نەخش و دیمەنی حیزبێک لە بیروڕای گشتیی کۆمەڵگەیەکدا جێ دەخات. حیزبی سیاسی لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و مێدیاوە بەها و بایەخەکانی خۆی، ئامانج و بەرنامەکانی خۆی بە کۆمەڵگە دەناسێنێ و دەیخاتە ڕوو.
حیزبێک مێدیا و ڕاگەیاندنی نەبێ، ونە، بزرە، لە کۆمەڵگەدا نابیندرێ و هەستی پێ ناکرێ. کەواتە هەر حیزبێک لە ڕێگەی ڕاگەیاندنە شوناس و کێیەتیی خۆی دروست دەکات و بەرهەمی دێنێتەوە.
دووهەم، ڕاگەیاندن ئامرازی ڕێکخستنی گشتییە. ڕاگەیاندن دەرەتانی گەیاندنی خێرا و بڵاوکردنەوەی خێرای هەواڵ و زانیاری بۆ لایەنگران و بەردەنگەکانی حیزب دەخوڵقێنێ. لە کەمپینەکاندا، لە ئاکسیۆن و خۆپێشاندانەکاندا، لە مانگرتن و ئەکتە جەماوەرییەکاندا؛ ڕاگەیاندن ئامرازی سەرەکیی ورووژاندن و هاندان و ڕێکخستنی خەڵک و هێزی هەر حیزبێکی سیاسییە. تەنانەت لە کات و هەلومەرجی سەرکوت و زبروزەنگیشدا، مێدیای دیجیتاڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەو دەرەتانە بۆ حیزبەکان دروست دەکەن پێوەندییەکانیان لەگەڵ بەردەنگ و لایەنگراەکانیان ڕابگرن.
سێهەم ڕەهەندی کارکردی ڕاگەیاندن بۆ هەر حیزبێکی سیاسی ئەوەیە کە، ڕاگەیاندن ئامراز و کەرەستەی ڕکەبەری و قەناعەتپێهێنان بە بیروڕای گشتییە. تۆ وەک حیزبێکی سیاسی لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و مێدیاوە ململانێ و ڕکەبەریی نەیار یان ڕکەبەرە سیاسییەکانت دەکەی و بە ڕێگای مێدیا و ئامرازەکانی ڕاگەیاندن بانگەشە بۆ خۆت دەکەی و هەوڵ دەدەی سەرنج و متمانەی گشتی و خەڵک و جەماوەر بۆ لای خۆت ڕابکێشی.
لە دنیای ئەمڕۆدا و لە وڵاتە هەرە دێموکراتەکانیشدا هیچ حیزبێکی سیاسی بەبێ ڕاگەیاندنێکی بەهێز و بەبێ حزووری مێدیایی شانسێکی ئەوتۆی بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەکان و سەرکەوتن بەسەر ڕکەبەرەکانیدا نیە.
چوارەمین ڕەهەند لە کارکردی مێدیا ئەوەیە کە ڕاگەیاندن ئامرازی ڕەخنەگرتن و چاودێری بەسەر دەسەڵاتە. ئەوە لەو وڵاتانەی کە حیزبەکان دەرەتانی چالاکیی سیاسیی ئازادانەیان هەیە. بۆ ئێمەش وەک حیزبی دێموکرات ڕاگەیاندن بە لەقاودانی سیاسەتە چەوتەکان و ناکارامەیی ڕێژیم، هەم شەرعییەت بۆخۆی زیاد دەکا و هەم شەرعییەتی دەسەڵات دەباتە ژێر پرسیار. بە پێناسەیەکی دیکە ئەگەر مێدیا چاو و گوێی حیزب لە هەر کۆمەڵگەیەکە و دەنگی ڕەخنە و داخوازیی حیزبەکانە، بۆ حیزبی ئێمەش جگە لەوە ئامرازی شەڕ و ململانیی سیاسییشە.
پێنجەمین کارکردی مێدیا بۆ حیزبەکان ئەوەیە کە ڕاگەیاندن کەرەستەی دیپلۆماسی و پێوەندیی نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتی بۆ حیزبەکانە. ڕاگەیاندن دەبێتە هۆی ئەوەی حیزبەکان لە سنووری جوغرافی و مەیدانی سەرەکیی چالاکیی خۆیان بەولاوەتر بڕۆن. حیزبەکان دەتوانن لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە پێوەندیی نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتی دروست بکەن، پشتیوانیی دەرەکی بۆخۆیان ڕابکێشن، یان هەر نەبێ وا بکەن ببندرێن و هەست بە بوونیان بکرێ و خۆیان بناسێنن.
شەشەمین کارکردی مێدیا بۆ حیزبەکان ئەوەیە ڕاگەیاندن دەتوانێ ئامرازی خۆڕاگری لەهەمبەر سیاسەتی سانسۆڕ و پاوانخوازیی دەسەڵات بێت. بۆ ئێمە کە دژی کۆماری ئیسلامی شەڕ دەکەین، یان لە هەر وڵاتێکی نادێمۆکرات و سەرکوتگەردا کە حاکمییەتی سیاسی و دەوڵەت مێدیا و ڕاگەیەنە گشتییەکانی لە پاواندایە، حیزبی سیاسی بۆ ئەوەی گێڕانەوە و ڕیوایەتی خۆی لە ڕووداو و باسە سیاسییەکان هەبێ، بۆ ئەوەی مۆرکی لەسەر ڕووداوەکان دابنێ، دەبێ و ناچارە مێدیا و ڕاگەیاندنی خۆی هەبێ، وەک ڕۆژنامە، ڕادیۆ، کاناڵی تەلەڤیزیۆنی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەگەر نا تێدا دەچێ و دەکەوێتە پەراوێزەوە. بە کورتی گەڕانی خوێن و هەناسەدان بۆ بەردەوامیی ژیانی مرۆڤ چەندە پێویستە، ڕاگەیاندن ئەو بایەخ و گرینگییەی بۆ بەردەوامیی ژیان و بوونی هەر حیزبێکی سیاسی هەیە.
حیزب بەبێ ڕاگەیاندن ناتوانێ خۆی دەربخا و خۆی بناسێنێ، ناتوانێ سەرنجی بەردەنگ ڕابکێشێ و ئەندام و هەوادار بۆخۆی زیاد بکا، ناتوانێ کۆمەڵگە بەڕێکخستن بکا و دژی دەسەڵات و حاکمییەت بەرنامە و ئاجێندای خۆی بباتە پێشێ. حیزب بەبێ ڕاگەیاندن ناتوانێ پێوەندیی بەهێز لەگەڵ دەوروبەری خۆی گرێ بدا و ناتوانێ لە ململانێ و ڕکەبەرییە سیاسییەکاندا بمێنێتەوە و تەنانەت ناتوانێ دۆخی پێشووتریشی بپارێزێ. ڕاگەیاندن دەبێتە هۆی ئەوەی حیزب پەیامەکانی بە ڕوونی و بەباشی بگەنە خەڵک و لە بەرامبەر سانسۆڕ و تەبلیغاتی یەکلایەنەی ڕێژیمدا ڕیوایەت و گێڕانەوەی خۆی لە پرس و خەبات و تێکۆشانی خۆی هەبێ. بۆیە بۆ هەر حیزبێکی سیاسی و بۆ ئێمە وەک حیزبی دێموکرات ڕاگەیاندن دەبێ لە ئاستی "ئامرازی بانگەشە و تەبلیغات"ەوە بگاتە ئاستی "بنیاتنەری و دامەزراوەیەکی شوناسساز"، دامەزراوەیەک کە بەرهەمهێنەری شوناس و چییەتی و کێیەتیی خۆمان و نەتەوەکەمانە.
حیزبی دێموکرات و مێژووی ڕاگەیاندن لە حیزبی دێموکراتدا
ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێش ڕاگەیاندنی ئەم حیزبە و لە سەردەمی کۆمەڵەی ژێکافەوە بە بایەخدان بە پرسی ڕاگەیاندن هەم وەک ئامرازی وەجووڵەخستنی کۆمەڵگە و بڵاوکردنەوەی وشیاریی سیاسی و نەتەوەیی و هەم وەک ئامرازی مانەوە و بەردەوامیی ڕێکخستنی ڕێکخراوەیی، پڕۆژەی مێدیاییان بووە. ئەم پڕۆژەیە بە گۆڤاری "نیشتمان" نیشتمان دەستی پێ کرد و هەر لە سەردەمی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورددا بە "هاواری کورد"، "ئاوات" و "گۆڤاری کوردستان" درێژەی پێ درا. دوای ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان دەرکردن و بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی "کوردستان"، گۆڤاری "هەڵاڵە"، گۆڤاری "هاواری نیشتمان"، گۆڤاری "گڕوگاڵی منداڵانی کورد" و کردنەوەی ئیزگەی ڕادیۆیی بەشێکی دی لە هەوڵە مێدیاییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو.
لە وێستگەکانی دیکەی ژیانی حیزبی دێموکرات لە سەردەمی خەبات دژی ڕێژیمی پاشایەتیدا چاومان بە کۆمەڵێک بڵاوکراوەی دیکەی وەک "کوردستان"، "دیسان بارزانی"، "تیشك" و "تێکۆشەر" دەکەوێ و هەروەها کۆمەڵێک کتێب دەبینین کە لەلایەن دامەزراوەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە چاپ کراون.
بەڕێوەبەرانی حیزبی دێموکرات دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ١٣٥٧ چالاکیی مێدیایی حیزب بەرفراوانتر دەکەن و جیا لە بەردەوامیی دەرکردنی ڕۆژنامەی "کوردستان" وەک زمانحاڵی حیزبی دێموکرات کە هەتا ئێستاش بەردوامە، هەروەها گۆڤاری "تێکۆشەر" وەک دوو میدیای نووسراو، میدیای بیستراوی ڕادیۆی "دەنگی کوردستانی ئێران"یش بە سامانی مێدیایی حیزب زیاد دەبێ. ئەو خەرمانە لە درێژەی خەباتی سیاسی و پێشمەرگانەی حیزبدا بە بڵاوکراوەکانی دیکەی وەک "پێشەوا"، "خەبەرنامە"، "گەلاوێژ"، "دەنگی کورد"، "کێلەشین"، "دەنگی لاوان"، "یەکیەتی"، "پڵینگ"، "دەنگی ژنان"، "شەهید"، "نەکەرۆز"، " زانیاریی پێشمەرگە"، "ئاوارە"، "ڕوانگەی لاوان"، "٢٦ی سەرماوەز"، "لاوان"، "ژنان"، "کۆمەڵ" و "ئارارات" دەوڵەمەند کرا کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی حیزبی لە کۆمیتە شارستانەکان و هەروەها ڕێکخراوەکانی لاوان و ژنانی سەر بە حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە دەردەچوون. هەروەها گۆڤاری هزریی "تیشک"، "ئاگری"، "دنیای منداڵان"، "نێرگز" "تیشکی نوێ" و "بیری خوێندکار" چەند بڵاوکراوەیەکی دیکەی حیزبی دێموکرات و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی سەر بەم حیزبە بوون.
لە سێ دەیەی ڕابردووشدا کە بە سەردەمی مێدیای دیجیتاڵ دەناسرێ، حیزبی دێموکرات بە دامەزراندن و بەڕێوەبردنی ماڵپەڕەکانی "کوردستانمێدیا"، "کوردستان و کورد" و تەلەڤیزیۆنەکانی "نەورۆز"، "تیشک" و "کورد کاناڵ" و دەیان ماڵپەڕ و پلاتفۆڕمەکانی دیکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بواری مێدیادا چالاک بووە و لە سەنگەری مێدیاوە لە خەباتی نەتەوەیی و سیاسیی خۆی بەردەوام بووە.
دواجار؛ ئاسۆی "کوردستان"
"کوردستان" دوای بڕینی هەموو ئەو کۆسپ و تەنگ و چەڵەمانەی لە زۆر قۆناغی ئەم ٨٠ ساڵەدا لەسەر ڕێی بووە، ئێستا سامانێکی دەوڵەمەند بۆ ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان و خەباتی ڕزگاریخوازیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. "کوردستان" سەرەڕای ئەم پاشخان و مێژووە دەوڵەمەندە و، سەرەڕای ئەوەش کە کۆنترین و بەئەزموونترین بڵاوکراوەی سیاسیی بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، بەڵام بێبەری لە ڕەخنە و کەموکوڕییش نەبووە و نیە کە بەڕێوەبەرانی ئەم ڕۆژنامەیە دەبێ بەپێی هەلومەرج و پێوێستیی نوێبوونەوە و پێداویستییەکانی سەردەم بۆ بەردەوامیی "کوردستان" ئاوڕی لێ بدەنەوە و بایەخی خۆی بدەنێ.