ئێوارەی چوارشەممە ١ی رێبەندانی ١٤٠٤( ٢١/١/٢٠٢٦)، بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان بە مەبەستی پشتیوانی لە کوردەکانی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات خۆپێشاندانێکی بەرینیان لە بەردەم پارلەمانی نۆروێژ، رێک خست.
لەو خۆپێشاندانەدا ئێریک سێڵە(Erik Selle )، بەرپرسی حیزبی کۆنسێرڤاتیڤێت پارتی ــ نۆروێژی، بۆ پشتگیری لە کوردەکان وتارێکی کورتی پێشکەس کرد. لە پەیامەکەی ئێریک سێڵەدا هاتبوو: بەڕاستی من نەهاتووم وتارێک پێشکەش بکەم، تەنها هاتووم لەگەڵتان بم. ئێمە لێرە بە پەرۆشەوە ڕاوەستاوین، بەڵام لە هەمان کاتدا بە هێزێکی زۆرەوە. سەرسووڕهێنەرە کە تۆزێک لە دەرەوە بوەستین و ببینین بڵێسەی ئازادی و هێزی بەرخۆدان لەناو گەلی کورددا زیندووە و ئەم بڵێسەیە هەرگیز ناکوژێتەوە.
من وەک کەسێکی نۆروێژی دەبێ بەناوی ئەم وڵاتە داوای لێبوردن لە هەمووتان بکەم. حەق وابوو پارلەمانتاری هەموو ئەو حیزبانە کە لە پشتمانەوە لە پارلەمان دادەنیشن (ستۆرتینگ) لێرە بۆ پشتگیری کوردەکان ئامادە بن. دەبوو ڕۆژنامەنووسانی هەموو میدیاکانی نۆروێژ ئەو خۆپێشاندانەیان ڕووماڵ کردبا و ڕاپۆرتیان لەسەر ئەو کارەساتانە بڵاو بکردبانەوە، کە ئێستا لە ڕۆژاوا ڕوو دەدەن و ئەوەی لە ئێران دەگوزەرێت، هەروەها ئەوەی ساڵانێکە لە سووریە ڕوو دەدات.
ئێریک سەڵە لە درێژەی قسەکانیدا ڕەخنەی لە وەزیری دەرەوەی سووریە گرت و وتی : "جێگەی مەترسییە وەزیرێکی دەرەوە لە ساڵیادی هاتنەسەرکاری ئەو دەسەڵاتەی دیمەشق بڵێت "ئێمە بەم کارە دڵخۆشین، ئەم پرۆسەیە بە باشی بەڕێوە چووە". بەڵام ئێستا کوردەکانی ڕۆژاوا بوونەتە قوربانی. تێرۆریستانی داعش ئازاد دەکرێن و ئەوانە لەوە تێناگەن ئەو تێرۆریستانە دواتر ڕوو دەکەنە ئورووپا، لێرە ڕێگەی خۆیان دەدۆزنەوە.
ئێمە کە لێرە هاووڵاتین و هەر بۆ ڕۆژاوا شەڕ ناکەین، بەڵکو بۆ ئورووپاش شەڕ دەکەین. دەمەوێت سوپاستان بکەم کە لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕی داعش وەستاون و ئەم شەڕە هێشتا بەردەوامە.
لە کاتێکدا یەکیەتیی ئورووپا هاوکاریی دارایی "ئەلجەولانی" دەکات، ئێمە دەڵێین: هەرگیز تەسلیم نابین. کوردستان ئازاد دەبێت. کوردستان دەبێ ئازاد بێ.