ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤(٢١/١/٢٠٢٦)، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی(ئەمنیستی ئینترناشناڵ) لقی سوید گردبوونەوەیەکی لەژێر ناوی "مانیفێستی مۆم" پێک هێنا.
ئەو خۆپیشاندانە بەمەبەستی ڕێزدانان بۆ گیانی کوژراو و بریندارانی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانە لە ئێران و هاودەنگی و پشتیوانی لە داوا ڕەواکانی خۆپێشاندەران لە شاری ستۆكهۆڵم پێک هاتبوو. ئەو خۆپیشاندانە هاوکات لە شارەکانی یۆتۆبۆری و مالۆش لە وڵاتی سوید بەڕێوە چوو.
بەشدارانی ئەو خۆپیشاندانە وێڕای ڕاگرتنی بێدەنگی و وەستان بۆ ڕێزگرتن لە قوربانییانی دەستی سەركوت و دیكتاتۆرییەتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، مۆمیان داگیرساند و ئەو دروشمانەیان دەوتەوە: نە شا و نە مەلا، نا بۆ پاشایەتی، نا بۆ مەلاكان، یەكسانی و دێموكراتی ، بڕووخێ ڕێژیمی ئێران، باڵیۆزخانەی ئێران دابخرێ، مردن بۆ خامنەیی .
خۆپیشاندانەکە نزیک بە كاتژمێرێكی خایاند و ژمارەیەكی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران لە شاری ستۆکهۆڵم بە ئاڵای كوردستانەوە تێێدا بەشدار بوون.